هێزه‌كانی پۆلیسی فریاكه‌وتنی دیاله، له هه‌ردوو ناوچه‌ی خانه‌قین و جه‌له‌ولا پاشه‌كشێ ده‌كه‌ن، به ئامانجی پڕكردنه‌وه‌ی جێگاكانیان له‌لایه‌ن سوپای عیراقییه‌وه.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 9ی نیسان، ئه‌و هێزه ئه‌منییه‌ی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق، به فه‌رمی كشانه‌وه‌ی له قه‌زای خانه‌قین و ناحیه‌ی جه‌له‌ولا له پارێزگای دیاله ده‌ستپێكرد، دوای تێپه‌ڕینی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به‌سه‌ر بڕیاره‌ی جێگۆڕێی هێزه‌كانی سنوره‌كه.
عەقید غالب عەتییە، وتەبێژی فه‌رمانده‌یی پۆلیسی پارێزگای دیالە بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئەمڕۆ دەستکراوە بە ئاڵوگۆڕکردنی ھێزەکان لە خانەقین و جەلەولا، ھێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتنی دیالە پاشەکشێ دەکەن بۆ ناوچەیەکی تری دیالە، لە بەرامبەردا دوو فەوجی سوپا لە شوێنەکانیان جێگیر دەکرێن".
بڕیاری ئه‌و ئاڵۆگۆڕه له‌كاتێكدایه، دۆخی ئه‌منی قه‌زای خانه‌قین ماوه‌یه‌كه به‌ره‌و باشی ده‌ڕوات، ئه‌وه‌ش دوای جێگیركردنی به‌شێك له هێزه‌كانی چوار لیوای حه‌شدی شه‌عبی له ده‌وروبه‌ری قه‌زاكه، كه به كامێرای پێشكه‌وتوو چاودێری ناوچه‌كه ده‌كه‌ن.
به‌وته‌ی عه‌قید غالب "کشانەوەی ھێزەکان لە چوارچێوه‌ی بڕیاره‌كانی گۆرانكارییه له دۆسیه‌ی ئه‌منی سنوره‌كه و كارێكی ئاساییه، چونكه پێشتر له ناوچه‌كانی تری دیاله ئه‌و هه‌نگاوه نراوه".
هێزه‌كانی پۆلیسی فریاكه‌وتنی دیاله، له ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری خانه‌قین خاڵی سه‌ربازییان هه‌بوو، له یه‌ك ساڵی رابردوودا به‌هۆی كرده‌وه جیاوازه‌كانه‌وه ده‌یان كوژراو و برینداریان هه‌بووه، باره‌گای سه‌ره‌كیی هێزه‌كه له باڵه‌خانه‌ی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستاندایه، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و حزبه له روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ردا قه‌زاكه‌یان به‌جێهێشت و بڕیاره سوپای عیراقیش له هه‌مان شوێن جێگیربن.
له سنوری قه‌زای خانه‌قین زیاتر له شه‌ش هێز هه‌یه له نێویاندا پێشمه‌رگه، پۆلیسی فیدراڵی، حه‌شدی شه‌عبی، ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و پۆلیسی ناوخۆیی سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق.
له دوای 2003وه دۆسیه‌ی ئه‌منی خانه‌قین به‌ده‌ست پۆلیس و هێزه سه‌ربازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بوو تا گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپا و هێزه‌كانی تری سه‌ر به حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا.