هه‌ر شۆفێرێك ده‌بێت 500 هه‌زار دینار بدات

كه‌ركوك: گۆڕینی سوته‌مه‌نی ئۆتۆمبێل له‌ به‌نزینه‌وه‌ بۆ غاز جێبه‌جێده‌كرێت

كه‌ركوك/ته‌مموزی 2017/ بازاڕێكی میللی شاره‌كه‌ له‌ نزیك قه‌ڵا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

گۆران بابان – كه‌ركوك

له‌ كه‌ركوك گۆڕینی سوته‌مه‌نی ئۆتۆمبێل له‌ به‌نزینه‌وه‌ بۆ غاز ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ پێناو پاراستنی ژینگه‌ و كه‌می تێچووی سوته‌مه‌نییه‌كه‌، هه‌ر شۆفێرێكیش پابه‌ندنه‌بێت هیچ مامه‌ڵه‌یه‌كی له‌ هاتوچۆی پارێزگاكه‌ بۆ راییناكرێت.

 ئه‌و ئاڵۆگۆڕه‌ له‌ سوته‌مه‌نی ئۆتۆمبێل، پشتبه‌ستووه‌ بە بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، بۆ ته‌واوی پارێزگاكان جگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌میش بڕیاره‌كه‌ له‌ كه‌ركوك سه‌ره‌تا ئۆتۆمبێلی تا‌كسی ده‌گرێته‌وه‌.

عەمید جەمال حەکیم، بەڕێوه‌بەری هاتوچۆی کەرکوک به‌ (کەرکوک ناو)ی وت "بڕیارەکە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە دەستمانگەیشتووە، پاش هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوت و ناوخۆی عیراق، ئێمه‌ دەستمان بە کارەکان کردووە و لە قۆناغی یەکەمدا له‌وانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ین كه‌ دەیانەوێت ئۆتۆمبێلەکانیان لە تایبەتەوە بگۆڕن بۆ تا‌کسی".

لە قۆناغی یەکەمدا له‌وانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ین كه‌ دەیانەوێت ئۆتۆمبێلەکانیان لە تایبەتەوە بگۆڕن بۆ تا‌کسی

"كاتێكی دیاریکراو بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ نییه‌، به‌ڵام له‌ قۆناغی دووه‌مدا ته‌واوی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت ساڵانەکەیان بگۆڕن"، عه‌مید جه‌مال وایوت.

هه‌روه‌ها هەر شۆفێرێک داوای تابلۆی کەرکوک بکات و بۆ یەکەمجار ئۆتۆمبێل تۆماربکات، هاتوچۆی كه‌ركوك تابلۆی پێنادات، تا سیستمی ئۆتۆمبێله‌كه‌ بۆ غاز نه‌گۆڕێت.

به‌پێی ده‌ستپێكی كاره‌كانی هاتوچۆی كه‌ركوك، گۆڕینی جۆری سوته‌مه‌نی مه‌رجه‌ و هەرکەسێک دەست بە هەنگاوەکانی گۆڕینی نەکات ئەوە مامەڵەکانیان له‌ هاتوچۆی كه‌ركوك و فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ راییناكرێت.

به‌پێی وته‌ی عەمید جەمال، بڕی تێچوی گۆرینی سیستمكه‌  لە بەنزینەوە بۆ غاز 500 هەزار دیناره‌ و له‌ ئەستۆی شۆفێره‌كه‌دایه‌.

بڕی تێچوی گۆرینی سیستمكه‌  لە بەنزینەوە بۆ غاز 500 هەزار دیناره‌ و له‌ ئەستۆی شۆفێره‌كه‌دایه‌

 

بڕیارەکە شۆفێران بەسەر دوو بۆچوندا دابەشده‌كات

غازی سابیر (36 ساڵ) شۆفێری تا‌کسی له‌ كه‌ركوك، وتی "نرخی غاز زۆر لە بەنزین هەرزانتره‌ و هەروەها هۆکاردەبێت بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە"، بۆیه‌ ده‌ڵێت بڕیاره‌كه‌ی پێباشه‌.

به‌ڵام هیجران عەبدوڵا، كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ ا‌كسی پێیه‌، وتی "من رۆژانه‌ 15 هەزار دینارم دەستدەکەوێت، ئێستا لەکوێ بڕی 500 هەزار دینار په‌یدابكه‌م بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌... داوادەکەم ئەو نرخە کەمبکرێتەوە بە شێوەیەک لە توانای ئەو شۆفێرانەدا بێت کە کەمدەرامەتن".

"غاز لەگەڵ ئەوەی بۆ ژینگە باشترە و نرخەکەی بەراورد بە بەنزین هەرزانترە، بەڵام مەترسی تەقینی تانکی ئۆتۆمبێلەکەی لێدەکرێت"، عەلی فەرەیدون تەمەن 52 ساڵ ئه‌م بۆچونه‌ی هه‌بوو.

لە ئێستادا دوو وێستگەی دابینکردنی غاز بۆ ئۆتومبێلەکان لە كه‌ركوك كراونه‌ته‌وه‌ و ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی قۆناغه‌كان وێستگه‌كانی غاز زیادبكرێن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT