ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك هه‌ڕه‌شه‌ی تۆماركردنی سكاڵا ده‌كه‌ن له دژی وه‌فدێكی باڵای حكومه‌تی عیراق كه ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 14ی نیسان سه‌ردانی كه‌ركوكیان كرد، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی رێگرییان لێكرا گله‌یی و ناڕه‌زاییه‌كانی كه‌ركوك بگه‌یه‌ننه ئه‌و وه‌فده.
وه‌فده باڵاكه‌ی حكومه‌تی عیراق، كه پێکهاتبون له ژماره‌یه‌ك وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی، به سه‌رۆكایه‌تی سامر غەزبان، جێگرى سەرۆک وەزیران بۆ کاروبارى وزه و وەزیرى نەوت به‌یانی یه‌كشه‌ممه گه‌یشتنه بینای ئه‌نجومه‌ن، به‌ڵام رێگریكرا ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌گه‌ڵ وه‌فده‌كه كۆببنه‌وه.
ئەحمەد عەسکەری، بە نوێنەرایەتی ئەندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، وتی "ئەم هەڵسوکەوتە قبوڵناکەین، لە پەرلەمان و دادگای فیدڕاڵی سکاڵا تۆماردەکەین و داوای رونکردنەوە دەکەین".
ئەم هەڵسوکەوتە قبوڵناکەین، لە پەرلەمان و دادگای فیدڕاڵی سکاڵا تۆماردەکەین و داوای رونکردنەوە دەکەین
"نازانین بۆچی رێگریمان لیێکراوە و بە چ هۆکارێك نەیانهێشت ئەو وەفدە ببینین، بۆیە گومانمان لەو سەردانە هەیە و پێمانوایە ئیدارەی کەرکوک نەیویستووە گلەیی و گازندەکانمان بەرامبەر ئەو تەخشان و پەخشانكردنه بە پارەی کەرکوکەوە دەکرێت بگەیەنینه حکومەت، لەسەر ئەمەش بێدەنگ نابین"، ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری وایوت.
وه‌فده‌كه‌ی حكومه‌تی عیراق، لەگەڵ گەیشتنیان بە بیناى پارێزگاى کەرکوک، كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شیان ئه‌نجامدا و تیایدا راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت وتی "مەبەست له‌م سەردانە بۆ هاوکاریکردنمانه بۆ دۆزینەوەى رێگاچاره‌یه‌ك بۆ کێشەکانى کەرکوک و هەروەها هاوکارى فەرمانگە حکومییه‌کان لە نۆژەنکردنەوە و خزمەتگوزاریى و دووبارە گەڕانەوەى ئەمن و ئاسایش بۆ ناوچەکان".
مەبەست له‌م سەردانە بۆ هاوکاریکردنمانه بۆ دۆزینەوەى رێگاچاره‌یه‌ك بۆ کێشەکانى کەرکوک
هه‌روه‌ها سامر غەزبان، جێگرى سەرۆک وەزیران بۆ کاروبارى وزە و وەزیرى نەوت، له كۆنگره‌كه‌دا وتی "ئێمه له‌سه‌ر بڕیارى سەرۆك ئەنجومەنى وەزیران عادل عەبدولمەهدى سەردانى شارى کەرکوکمان کرد، بۆ ئه‌وه‌ی له‌نزیكه‌وه ئاگاداری بارودۆخی كه‌ركوك بین و دەمانەوێت شارى کەرکوک بگاتە باشترین ئاستی لەڕوى خزمەتگوزارى وەکو ئاو، کارەبا و ئەمن و ئاسایش".
ناڕه‌زایی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی دژی وه‌فده‌كه له‌كاتێكدابوو، سامر غه‌زبان وتی "بۆ نیشاندانی پاڵپشتی خۆمان بۆ ئیدارەى کەرکوک لێره‌ین... هاتوین بۆ ئه‌وه‌ی گوێ لە داواکارییەکانى پارێزگاى کەرکوک بگرین".
وه‌فده‌كه دوای كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه بینای پارێزگای كه‌ركوكیان به‌ره‌و كۆمپانیای نه‌وتی باكور جێهێشت و كۆبونه‌وه‌كانیان برده ئه‌وێ، به‌ڵام ته‌نیا چه‌ند ئه‌ندامێكی دیاریكراوی ئه‌نجومه‌ن له‌گه‌ڵ وه‌فده‌كه بون.
کاکەڕەش سدیق، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک له لیستی برایه‌تی و به‌شداربوی وه‌فده‌كه‌ی حكومه‌تی عیراق، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و وه‌فده بۆ مەبەستى ئاساییکردنەوەى بارودۆخی کەرکوک لەڕوى ئەمنى، خزمەتگوزاریى و ئاوەدانکردنەوەوه هاتون و ئێمه‌ش چیمان له دڵدا بێت له كۆبونه‌وه‌كاندا ده‌یڵێین".
ئه‌و وه‌فده بۆ مەبەستى ئاساییکردنەوەى بارودۆخی کەرکوک لەڕوى ئەمنى، خزمەتگوزاریى و ئاوەدانکردنەوەوه هاتون
وه‌فده‌كه‌ی حكومه‌تی عیراق، پێكهاتبون له هەریەک لە جەمال عادل، وەزیرى سه‌رچاوه ئاوییه‌كان، دکتۆر لوئەى خەتیب، وەزیرى کارەبا، عەقیل خزاعى، بریکارى وەزارەتى ناوخۆ و چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی.
ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی ئه‌نجومه‌ن كه رێگریانلێكرا وه‌فده‌كه ببیین له كۆنگره‌كه‌دا جه‌ختیانكرده‌وه "ئەم رێگریکردنە بۆ شاردنەوەی راستییەکانە لە ئەنجومەن و بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو گەنده‌ڵییانه‌یه کە پارێزگاکەی گرتۆتەوە و تۆڵه‌سەندنەوەی پارێزگاری كه‌ركوكه لە بەرامبەر دانیشتنەکەی هەفتەی رابردوی ئەنجومەن بۆ گفتوگۆکردنه لەسەر پارەی تەرخانكراوی پترۆ دۆلار".
به‌ر له كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له سێشه‌مه‌ی رابردوو 9ی نیسان، ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كه داوایكرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "راكان سه‌عید جبوری داواكارییه‌كی پێشكه‌شی ئه‌نجومه‌ن كردووه ره‌زامه‌ندی بده‌ن له‌سه‌ر بڕه پاره‌یه‌ك له بودجه‌ی پترۆدۆلار كه ده‌گاته 63 ملیار دینار، تا بگوازرێته‌وه بۆ بودجه‌ی به‌كارهێنان و له پرۆژه‌كانی پارێزگاكه‌دا خه‌رجبكرێت".
"پارێزگاری كه‌ركوك هه‌وڵده‌دات ئه‌و بڕه پاره‌یه به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی له حكومه‌تی ناوه‌ندی رابكێشێت دوای ره‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌سه‌ر داواكارییه‌كه".
ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا رونیكرده‌وه "راكان جبوری داوای 15 واژۆی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن ده‌كات ئه‌گه‌ر نیسابی دانیشتنی ئه‌نجومه‌نیش ته‌واو نه‌كرا و كۆبونه‌وه‌كه شكستیهێنا، ئه‌وه‌ش راوێژكاری یاسایی جه‌ختی لێكردۆته‌وه كه به‌و ژماره‌یه له واژۆ جبوری ده‌توانێت پاره‌كه له به‌غدا رابكێشێت".