شه‌ش رۆژ به‌سه‌ر زه‌ماوه‌نده‌كه‌دا تێپه‌ڕده‌بێت، خه‌لیل پێخه‌فه‌كه له‌سه‌ر بوك لاده‌دا و ده‌ڵێت "خالیدا خالیدا هه‌سته له‌خه‌و دره‌نگه، با نانی به‌یانی پێكه‌وه بخۆین و بچین بۆ ماڵی باوكت". ئه‌مڕۆ به‌یانییه‌كی تایبه‌ته بۆ خالیدا، خه‌ریكه خه‌ونه له مێژینه‌كه‌ی بێته‌دیی و له‌گه‌ڵ زاوا بگه‌ڕێته‌وه ماڵی باوكی.
خالیدا قاسو (39)، وه‌ك نه‌ریتێكی باوی ئێزیدییه‌كان ده‌بێت هه‌ر ئه‌مڕۆ 11ی نیسان، له‌گه‌ڵ زاوا بگه‌ڕێته‌وه ماڵی باوكی، دوای تێپه‌ڕبونی شه‌ش رۆژ به‌سه‌ر زه‌ماوه‌نده‌كه‌یان له كه‌مپێكی ئاواره‌یی له دهۆك، به‌ڵام فیشه‌كێك هه‌رگیزا و هه‌رگیز نه‌یهێشت ئه‌وه روبدات.
خه‌لیل سلێمان كه ئه‌ویش 39ساڵه، كاتژمێر شه‌ش و نیوی به‌یانی 11ی نیسان، خالیدا له‌خه‌وێكی شیرین به‌خه‌به‌رده‌هێنێت و خۆی ده‌چێته خێمه‌یه‌كی تری ماڵی باوكی (دوو خێمه له ته‌نیشت خێمه‌كه‌ی خۆیان)، له‌پڕ ده‌نگی فیشه‌كێك كه‌مپه‌كه پڕده‌كات له هاتوهاوار.
"كه خه‌لیل له‌خه‌و هه‌ڵیساندم، وتم باشه تۆ بڕۆ من پێنج ده‌قه‌ی تر دێم... به‌ڵام دوای كه‌متر له پێنج خولهك، له‌گه‌ڵ ده‌نگی ته‌قه‌یه‌ك راپه‌ڕیم و كه چومه ده‌ره‌وه‌ی خێمه‌كه وتیان خه‌لیل خۆی كوشتووه"، خالیدا ده‌ستده‌كات به هاوار و گریان.
چیرۆكی خۆشه‌ویستی پێش ته‌قه‌كه
خه‌لیل و خالیدا كه هه‌ردوكیان 39 ساڵن، هه‌ینی 5ی نیسان له زه‌ماوه‌ندێكدا له كه‌مپی شاریا هاوسه‌رگیرییان كرد، به‌ئاماده‌بونی كه‌سوكاری هه‌ردوولا، ئه‌وه‌ش دوای چوار مانگ خۆشه‌ویستی نێوانیان.
به گوێره‌ی كه‌سوكاری خه‌لیل، بوك و زاوا رۆژی زه‌ماوه‌ند زۆر دڵخۆشبون، "زه‌ماوه‌نده‌كه زۆر تایبه‌ت بوو، ئێمه ده‌مێكه چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌مان ده‌كرد خه‌لیل ژن بهێنێت، چونكه ته‌مه‌نی گه‌وره بوو و حهزماندهكرد زه‌واج بكات"، خه‌یری سلێمان برای زاوا، به (که‌رکوک ناو)ی وت.
خه‌یری ده‌ڵێت ناتوانێت وه‌سفی ئه‌و رۆژه بكات، ئه‌و رۆژه ئاواتی خێزانێك و دوو خۆشه‌ویست هاتۆته‌دی.
"پێش ئه‌وه‌ی هاوسه‌رگیری بکه‌ن خه‌لیل و خالیدا زیاتر له چوار مانگ په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستیان هه‌بوو، رۆژی زه‌ماوه‌نده‌که بوک و زاوا زۆر دڵخۆشبون، هیچ نیشانه‌یه‌کی خه‌مباری له‌سه‌ر ده‌م و چاویان دیارنه‌بوو"، خه‌یری كه ته‌مه‌نی 26 ساڵه و وه‌ك نزكیترین كه‌س له براكه‌یه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت وایوت.
ماڵی بوك، له كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌هه‌ت نیشته‌جێن له قه‌زای شێخان و ئه‌وانیش هه‌ر وه‌ك ماڵی خه‌لیل ئاواره‌بون له شه‌ڕی داعش له ساڵی 2014.
بوك باسی دوا ساته‌كانی ژیانی خه‌لیل ده‌كات
دواوته‌ی خه‌لیل و خالیدا، هه‌ر ئه‌و قسه‌یه بووه كه بڕیاربووه نانی به‌یانی پێكه‌وه بخۆن و بچن بۆ ماڵی باوكی بوك.
"دواقسه‌ی منیش بۆ خه‌لیل ئه‌وه‌بوو پێنج ده‌قه‌ی تر دێم پێكه‌وه نان ده‌خۆین"، خالیدا وتی كه ئیتر كاتێك خه‌لیلی بینیوه‌ته‌وه خه‌ڵتانی خوێن بووه.
دواقسه‌ی منیش بۆ خه‌لیل ئه‌وه‌بوو پێنج ده‌قه‌ی تر دێم پێكه‌وه نان ده‌خۆین
ماڵه نوێیه‌كه‌ی خه‌لیل و خالیدا له خێمه‌یه‌كی ته‌نیشت ماڵی باوكی زاوایه له كه‌مپی ئاواره‌كانی شاریا. خه‌لیل له خێمه‌یه‌كی تری بچوك كه هه‌ر هی ماڵی باوكیه‌تی فیشه‌كێك به‌ر پشتی سه‌ری كه‌وتووه و هه‌ر له‌وێدا گیانیله‌ده‌ستداوه.
وه‌كو نه‌ریتێكی ئێزیدییه‌كان، ده‌بێت بوك و زاوا دوای شه‌ش بۆ حه‌وت رۆژ، پێكه‌وه بگه‌ڕێنه‌وه ماڵی باوكی بوك، رۆژی روداوه‌كه بڕیاربوو پێكه‌وه به‌ره‌و شێخان به‌ڕێبكه‌ون.
خه‌لیل شه‌وی پێشتر چی وتووه؟
خه‌یری سلێمان كه رۆژی دوای روداوه‌كه له كه‌مپی شاریا قسه‌ی بۆ (كه‌ركوك ناو) كرد، خێزانداره و له كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌هه‌ت كاری كشتوكاڵی ده‌كات - هه‌مان ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ماڵی بوكی لێیه -، ده‌ڵێت شه‌وی پێشتر 10ی نیسان، لانیكه‌م 20 خولهك به ته‌له‌فون له‌گه‌ڵ خه‌لیل قسه‌ی كردووه.
خه‌لیل كه خۆی ته‌له‌فونی بۆ خه‌یری كردووه، وتویه‌تی "به‌یانی كه خالیدا-م برده ماڵی باوكی، دێم بۆ لای تۆ و له باخه‌كه‌ت پێكه‌وه ئیشده‌كه‌ین"، ئه‌وه‌ش به‌پێی گێڕانه‌وه‌كانی خه‌یری.
زیاتر وتی "پێموتم پێویست ناکات تۆ له‌ماڵی بوك بمێنه‌ره‌وه... ئیتر قسه‌ی ئاساییمان ده‌كرد، ته‌نانه‌ت هیچ قسه‌یه‌کی ناخۆشی نه‌ده‌کرد و زۆر دڵخۆش دیاربوو".
خه‌لیل چوار براو چوار خوشكی هه‌یه و دووه‌م منداڵی خێزانه‌كه‌یه، به‌رله‌وه‌ی ئاواره‌ی دهۆك بن، له گوندی سیبا شێخ خدر سه‌ر به قه‌زای شنگال ده‌ژیان.
"هیچ کێشه‌یه‌کی نه‌بوو، به پێچه‌وانه‌وه برایه‌کی زۆر خۆشه‌ویست بوو لای هه‌مووان و هیچ نه‌خۆشییه‌کی نه‌بوو، هه‌مووان به‌و روداوه توشی شۆك بوین"، خه‌یری وایوت.
كه‌سوكاری خه‌لیل روداوه‌كه به "خۆكوشتن" ناوده‌به‌ن
خه‌یریی و كه‌سوكاره‌كه‌ی روداوه‌كه به "خۆكوشتن" ناوده‌به‌ن و ده‌ڵێن هه‌ر به كڵاشینكۆفه‌كه‌ی خۆی بووه، به‌ڵام روداوه‌كه توشی شۆكی كردون و چه‌ند جارێك جه‌ختیانكرده‌وه له‌وه‌ی هیچ كێشه‌یه‌كی نه‌بووه.
شه‌مۆ سمایل، مامى خه‌لیل، وتی "خه‌لیل ماڵی خۆیی و ماڵی ئێمه‌شی وێران‌كرد، که‌سێکی زۆر تێگه‌یشتوو و رێك‌وپێك بوو.. به‌ته‌حه‌داوه ده‌ڵێم که‌س نازانیت بۆچی خۆی کوشت، هیوادارم هیچ که‌سێک تۆمه‌ت بۆ ئێمه و خێزانه‌که‌ی دروستنه‌کات و پێش روداوه‌که نه‌که‌وێت".
وه‌ك ته‌ته‌ر برایم، دراوسێی ماڵی خه‌لیل ده‌ڵێت، باری دارایی خه‌لیل و باوكی زۆر خراپ بووه و بژێوی ژیانیان ته‌نیا له‌سه‌ر كشتوكاڵ بووه.
خه‌لیل چه‌كێكی له جۆری كڵاشینكۆف هه‌بووه و كاتی روداوه‌كه چه‌كه‌كه‌ی پێبووه.
هه‌کار محه‌مه‌د ئه‌مین، به‌ڕێوه‌به‌ری که‌مپی شاریا، گومانی له روداوه‌كه هه‌یه، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه سه‌ره‌تاییانه‌ی ئه‌وان كردویانه. به‌ڵام ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ئاماده‌نین له‌به‌ر لێكۆڵینه‌وه هیچ زانیارییه‌ك ئاشكرابكه‌ن.
ئه‌و به (كه‌ركوك ناو)ی وت "فیشه‌ك له پشتی سه‌ریداوه، كه‌سێك خۆی بكوژێت چۆن فیشه‌ك له‌پشتی سه‌ری ده‌كه‌وێت".
وتیشی "راسته کلاشینکۆف لای ئه‌و بووه، به‌ڵام به‌پێی زانیارییه سه‌ره‌تاییه‌کان خه‌لیل له‌و روداوه کلاشینکۆفی به‌کارنه‌هێناوه، ئه‌م زانیارییانه 100% پشتڕاستکراونین و ده‌زگا ئه‌منییه‌کانی دهۆک به‌وردی به دواداچون بۆ روداوه‌که ده‌که‌ن، تائێستا هیچ یه‌كێك له‌و گومانانه راست نین".
"خێزانه‌که‌ی هیچ کێشه‌یه‌کیان نه‌بوو له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی که‌مپ، ئێمه‌ش به روداوه‌که شۆک بوین، له هه‌فته‌ی داهاتووه‌وه هه‌موو شتێک ئاشكراده‌بێت"، هه‌كار محه‌مه‌د وایوت.
خێزانه‌که‌ی هیچ کێشه‌یه‌کیان نه‌بوو له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی که‌مپ، ئێمه‌ش به روداوه‌که شۆک بوینه
ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان هه‌رچییه‌ك بن، خالیدا خه‌لیلی له‌ده‌ستدا. "ئاواتی ژیانم پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری بوو له‌گه‌ڵ خه‌لیل، شه‌ش رۆژی پڕ له ئاسوده‌یی و خۆشیمان پێكه‌وه به‌ڕێكرد، هیچ كێشه‌یه‌كمان نه‌بوو، قه‌د ئه‌و رۆژانه‌م له‌بیرناچێت و بڕواناکه‌م جارێکی تر چێژ له ژیان وه‌ربگرم، باوه‌ڕناکه‌م خه‌لیل خۆی کوشتبێت، من ئه‌وم له‌ده‌ستدا"، خالیدا وایوت.