له پارێزگای كه‌ركوك، سه‌دا 64ی ده‌نگده‌ران تۆماره‌كانیان نوێكردۆته‌وه و بڕیاریشدراوه به درێژكردنه‌وه‌ی واده‌ی كاركردنی ناوه‌نده‌كانی تۆمار، تا خه‌ڵك ده‌رفه‌تی به‌شدارییان له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی پارێزگاكاندا له‌ده‌ستنه‌ده‌ن.
كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، 25ی ئازاری ئه‌مساڵ ده‌رگای ناوه‌نده‌كانی كرده‌وه بۆ نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران و بڕیاربوو تا 20ی نیسان پرۆسه‌ی به‌رده‌وامی هه‌بێت، به‌ڵام جارێكی‌تر ئه‌و واده‌یه درێژكرایه‌وه.
له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌رانه‌وه، 43 ناوه‌ند له پارێزگای كه‌ركوك كرانه‌وه، كه دوای چه‌ندین ساڵ یه‌كه‌مجاره ئه‌و پارێزگایه به‌شداری بكات له هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكاندا.
قه‌یس خورشید، به‌رێوه‌به‌ری ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان سێشه‌ممه 16ی نیسان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو ئاشكرایكرد، تائێستا سه‌دا 64ی ده‌نگده‌رانی كه‌ركوك تۆماره‌كانیان نوێكردۆته‌وه.
"ناوه‌نده‌كانی نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران له كاره‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بن، كه 43 ناوه‌ندن، 25یان له‌ناوشاری كه‌ركوك و 18یان له ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌دایه".
به‌وته‌ی خورشید، تیمی گه‌ڕۆكی كۆمسیۆن هه‌یه و ده‌گاته دورترین ناوچه‌كان، به ئامانجی نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران، بۆ ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی ناتوانن یان ناگه‌نه ناوه‌نده‌كان، یاخود نه‌خۆشی درێژخایه‌نیان هه‌یه.
به‌رێوه‌به‌ری ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆن ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه هیچ كێشه‌یه‌كیان له ئامێره‌كانی بایۆمه‌تری نیه، چونكه ئامێری نوێ و پێشكه‌وتوو هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ش راهێنه‌ر و كارمه‌ندمان ناردۆته نوسینگه‌ی به‌غدا تا چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی ئه‌و ئامێرانه فێرببن.
دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە ساڵی 2013دا بەرێوەچوو، جگە لە كەركوك كە 14 ساڵە لەو پرۆسەدا بەشدارنییە، ئه‌وه‌ش بەهۆی ناكۆكی پێكهاتەكانهوه له‌سه‌ر چه‌ند مادده‌یه‌ك، له نێویاندا تۆماری ده‌نگده‌ران و ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی دانیشتوانی كه‌ركوك.
ریاز به‌دران، وته‌بێژ و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، بڕیاردراوه به درێژكردنه‌وه‌ی واده‌ی نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران له 20ی نیسانه‌وه تا 11ی ئایاری ئه‌مساڵ، به ئامانجی ره‌خساندنی ده‌رفه‌ت له‌به‌رده‌م هاوڵاتیاندا تا له هه‌ڵبژاردن بێبه‌ش نه‌بن.
له بڕیاره‌كانی تری كۆمسیۆن، به‌وته‌ی به‌دران، كردنه‌وه‌ی ناوه‌ندی نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران و پێكهێنانی تیمی گه‌ڕۆكه بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی ئاواره‌ی تێدایه، له شاره‌كانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.
كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له عیراق و په‌رله‌مان، سه‌رقاڵی ئامادهكارییی هونه‌ریی و یاساییه‌كانن بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له تشرینی دوه‌می ئه‌مساڵدا، به كه‌ركوكیشه‌وه، هه‌رچه‌نده هێشتا ناكۆكی نێوان لایه‌نه‌كانی ئه‌و پارێزگایه وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه.
هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، خوێندنه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه و بڕیاره له دانیشتنه‌كانی داهاتوودا ده‌نگ له‌سه‌ر گۆڕانكارییه‌كان بدرێت.