ئۆتۆمبێلی به‌رێوه‌به‌ری خوێندنگه‌یه‌ك له كه‌ركوك سوتێنرا، دوابه‌دوای راگه‌یاندنی نمره‌ی خوێندكاران بۆ به‌شداری له تاقیكردنه‌وه وزارییه‌كانی شه‌شه‌می ئاماده‌یی و لهبڕیارێكیشدا، پارێزگار هێزه ئه‌منییه‌كان بۆ لێكۆڵینه‌وه له رووداوه‌كه راده‌سپێرێت.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له پۆلیسی كه‌ركوك بۆ (كه‌ركوك ناو) ئاشكرایكرد، كه‌سانی نه‌ناسراو ئۆتۆمبێلی به‌رێوه‌به‌ری دواناوه‌ندی ره‌وادی كوڕانیان له كه‌ركوك سوتاندووه، دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی به‌شداری خوێندكاران له تاقیكردنه‌وه وزارییه‌كانی دواقۆناغی ئاماده‌یی.
دوابه‌دوای روداوه‌كه، هێزه ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك ده‌ستیانكردوه به لێكۆڵینه‌وه، تائێستاش هیچ كه‌سێك تۆمه‌تبار نه‌كراوه.
راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت له به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌رباره‌ی روداوه‌كه رایگه‌یاند "لایه‌نه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌مان له پۆلیسی كه‌ركوك راسپاردووه بۆ لێكۆڵینه‌وه له روداوی سوتاندنی ئۆتۆمبێلی به‌رێوه‌به‌ری خوێندنگه‌یه‌ك له كه‌ركوك".
"فه‌رمانده‌یی پۆلیس ئاگاداریانكردینهوه هیچ زانیارییه‌كیان پێنه‌گه‌یشتووه له‌سه‌ر هه‌بونی روداوێكی هاوشێوه"، پارێزگاری كه‌ركوك ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه به‌پێی ته‌ئكیدكردنه‌وه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان، "روداوه‌كه جێ په‌نجه‌ی تاوانی پێوه‌دیاره و تیرۆریستی نییه".