دانیشتوانی سێ گوندی شاری كه‌ركوك، له گردبونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زاییدا پێداگریی خۆیان نیشاندا له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی له شوێنه‌كانی ئێستایاندا ئه‌گه‌ر له‌ژێر خێوهتیشدا بێت، دوای ئه‌وه‌ی بۆ جاری دوه‌م داوا له 600 خێزان كراوه ئه‌و سنوره بهجێبهێڵن.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 20ی نیسان به‌شێك له دانیشتوانی گونده‌كانی چۆپلیجه، هه‌نجیره و باجوان له باكوری خۆرئاوای شاری كه‌ركوك ناڕه‌زاییان نیشاندا دژی بڕیارێكی ئیداره‌ی پارێزگاكه، كه به پاساوی زیاده‌ڕۆییه‌وه داوای رۆیشتنیان ده‌كات.
كه‌مال حه‌داد، دانیشتوی گوندی هه‌نجیره و به‌شداربوی ناڕه‌زاییه‌كه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "چه‌ند رۆژێكه هێزه ئه‌منییه‌كان به‌بیانوی زیاده‌ڕۆییه‌وه داوایكردوه ناوچه‌كه چۆڵبكه‌ین"، به‌بڕوای ئه‌و هاوڵاتییه، ئه‌و بڕیاره په‌یوه‌ندی هه‌یه به روداوه سیاسییه‌كان و ناكۆكییه‌كانه‌وه له‌باره‌ی كه‌ركوكه‌وه.
"ئه‌مه سته‌مه له ئێمه ده‌كرێت، بۆیه بڕیارمانداوه ئه‌گه‌ر خێمهشمان هه‌ڵدابێت ئه‌وا ناوچه‌كانی خۆمان به‌جێناهێڵین چونكه جێی باوباپیرانمانه" حه‌داد وای وت.
هاوڵاتیانی ئه‌و سێ گونده، پێشتر زه‌وییه‌كانیان له‌لایه‌ن ئیداره‌ی كه‌ركوكه‌وه پێدراوه تا خانوی له‌سه‌ر دروستبكه‌ن به‌وته‌ی خۆیان، به‌وپێیه‌ی له‌سه‌رده‌می حوكمی به‌عس له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان زه‌وی نه‌وتی بووه و كاری تێداكراوه، راگوێزراون.
نەجیبە عەلی (64 ساڵ)، دانیشتوی گوندی چۆپلیجهیه و به (كه‌ركوك ناو)ی وت "بۆچی دەرمان دەكەن؟ بەخوا هێشتا پارەی كەرەستەی دروستكردنی خانوەكانمان قەرزارین"، داواشیكرد به‌هانایانه‌وه بچن و ئه‌و فشاره‌یان له‌سه‌ر هه‌ڵبگیرێت.
له ته‌مموزی ساڵی رابردوشدا، هێزه ئه‌منییه‌كان له‌سه‌ر بڕیاری ئیداره‌ی كه‌ركوك، هه‌وڵیدا به زه‌بری هێز دانیشتوانی ئه‌و سێ گونده ده‌ربكات، به‌ڵام دواتر به‌هه‌وڵی سیاسی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه راگیرا.
سەعید جەمال، یه‌كێك بوو له به‌شداربوانی گردبونه‌وه‌كه و نیگه‌رانی له‌وه نیشاندا هه‌ست به جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كرێت له‌و پرۆسه‌یه‌دا، به‌وپێیه‌ی ئه‌وان له پێكهاته‌ی كوردن و گوندی تری نزیكیان هه‌یه له پێكهاته‌ی شاره‌كه و داوای چۆڵكردنی ناوچه‌كه‌یان نه‌كراوه.
به‌بڕوای ئه‌و هاوڵاتییه پێویسته كێشه‌كه له به‌غدا و له‌رێی په‌رله‌مان و یاساوه چاره‌سه‌ر بكرێت چونكه فشاره كاتییه‌كان سودی نابێت.
كێشه‌ی زه‌ویی و زار، به تایبه‌ت زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان، یه‌كێك له دۆسیه سه‌ره‌كییه‌كانی ناكۆكی له نێوان هاوڵاتیانی كورد و ئیداره‌ی كه‌ركوك، له‌دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه، كاتێك هێزه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی بۆ پارێزگاكه گه‌ڕانه‌وه و پێشمه‌رگه كشایه‌وه، له ئه‌نجامی ئالۆزییه‌كانی لێكه‌وته‌ی ریفراندۆم.
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌مه‌ی ئێستا ده‌كرێت و داوای چۆڵكردنی ناوچه‌كانیان لێده‌كرێت، نازانین هۆكاره‌كه‌ی چییه و بۆچی ده‌ست بۆ ئه‌و مه‌له‌فه براوه، چونكه پێشتر راكان سه‌عید (پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت) خۆی له‌و لیژنه‌یه بووه سه‌رپه‌رشتی دابه‌شكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ی كرد به‌سه‌ر خه‌ڵكدا".
به‌وته‌ی عه‌سكه‌ری، زێدی ئه‌و خه‌ڵكی ناوچه‌یه‌كی نه‌وتی بوه، حكومه‌تی به‌عس له‌و شوێنه رایگواستن و دواتر له 2003دا كاتێكم گه‌ڕانه‌وه ئاواره‌بون، چونكه ناوچه‌كه‌یان بۆ ده‌رهێنانی نه‌وت سودی لێوه‌رگیراو، بۆیه له ئیداره‌كه‌ی نه‌جمه‌دین كه‌ریم ئه‌و زه‌وییانه‌یان پێدرا كه ئێستا تێیدا نیشته‌جێن.
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری پێشنیاریكرد له‌رێی په‌رله‌مانی عیراقه‌وه كار بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه بكرێت به‌وپێیه‌ی وه‌ك ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كارانین تا چاودێری ئه‌و كێشانه بكه‌ن.