"شوێنه پیرۆزه‌کانمان ته‌قێنرانه‌وه، خه‌ڵکه‌که کۆچیانکرد و زه‌نگی کڵێساش خه‌ریکه به ته‌واوی راده‌وه‌ستێت"، قه‌یس ممتاز له‌نێو کڵێسا‌ی قه‌لب ئه‌قده‌س له ناوه‌ڕاستی که‌رکوک وایوت.
ئه‌و کاتێک ئه‌و قسه‌یه‌ی بۆ (که‌رکوک ناو) کرد، بیری له نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی رابردوو ده‌کرده‌وه، "شته‌کان جیاوازتربون، له‌یه‌ککاتدا زه‌نگی 12 کڵێسا بۆ نوێژ و خواپه‌رستی کریستیانه‌کانی که‌رکوکی بانگده‌کرد، به‌ڵام ئێستا یه‌ک کڵێسا زه‌نگ لێده‌دات".
ئه‌و نیگه‌رانییه‌ی قه‌یس ممتاز، کارگوزاری که‌نیسه‌ی قه‌لب ئه‌قده‌س، له‌کاتێکدابوو له که‌نیسه‌که‌یدا ئاماده‌کاریی ده‌کرا بۆ جه‌ژنی قیامه که ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 21ی نیسان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
كریستیانه‌كانی كه‌ركوك ده‌یانه‌وێت زه‌نگی زۆرینه‌ی كڵێساكان جارێكی تر لێبده‌نه‌وه و ئه‌و هۆكارانه‌ش نه‌هێڵدرێت كه بونه‌ته‌هۆی كۆچی ئه‌و كه‌مینه‌یه له‌و پارێزگایه‌و عیراقیش.
"گرنگی به‌رده‌وامی زه‌نگی کڵێسا بون و مانه‌وه‌ی تۆ ده‌سه‌لمێنێت له‌و ناوچه‌یه، هه‌روه‌ها بۆ نه‌وه‌کانی دوای خۆمان ئه‌و دابونه‌ریته ده‌گوازرێته‌وه و له‌ناوناچێت، به‌و زه‌نگه کریستیانه‌کان هه‌ست به بونی خۆیان ده‌که‌ن"، قه‌یس وایوت. جه‌ختیشیکرده‌وه بارودۆخی عیراق و له نێویاندا که‌رکوک له دوو ده‌یه‌ی رابردودا مه‌ترسی بوو بۆ سه‌ر که‌مینه ئاینیی و نه‌ته‌وه‌کان، له‌وانه‌ش کریستیانه‌کان.
"ده‌بوو ژیانی ئه‌وانه‌ی نوێژ و خواپه‌رستی ده‌که‌ن له که‌نیسه و شوێنه پیرۆزه‌کان پارێزراو بوایه، به‌ڵام ئه‌و روینه‌دا، بۆیه کۆچ ده‌ستیپێکرد".
به‌پێی ئاماره‌کانی کارگێڕی کڵێساکانی که‌رکوک، 12 که‌نیسه له ناو شاره‌که هه‌ن، به‌ڵام ته‌نیا له یه‌ک که‌نیسه زه‌نگ لێده‌درێت. لانیکه‌م حه‌وت که‌نیسه‌یان له دوای ساڵی 2003ه‌وه به ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو ته‌قێنراونه‌ته‌وه.
ئه‌و روداوانه کاریگه‌رییان له‌سه‌ر که‌مبونه‌وه‌ی زه‌نگی کڵێسا‌کان و دواتریس کۆچی کریستانه‌کان هه‌بوه له که‌رکوک عیراق.
کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریاکی کلدانه‌کان له عیراق و جیهان، ده‌ڵێت ژماره‌ی کریستیانه‌کان له عیراق و له ساڵی 2003 ملیۆنێك و 500 هه‌زار که‌س بون، به‌ڵام ئێستا بۆ 500 هه‌زار که‌س که‌میکردووه.
لویس ساکۆ به (که‌رکوک ناو)ی وت "ئومێده‌وارم رۆژێک بێت هه‌مویان بگه‌ڕێنه‌وه و به ئاشتی هه‌موو نه‌ته‌وه‌کان پێکه‌وه بژین".
ئه‌مڕۆ که کریستیانه‌کان جه‌ژنی قیامه ده‌گێڕن و پیرۆزبایی له‌یه‌کتر ده‌که‌ن و سه‌ردانی کڵێسا ده‌که‌ن، چاویان له‌وه‌یه روداوه‌کان نه‌بنه‌هۆی کۆچی زیاتری کریستیانه‌کان که مێژوویه‌کی درێژی پێکه‌وه ژیانی ئاشتییانه‌یان له‌گه‌ڵ پێکهاته جیاوازه‌کان هه‌یه.
كریستیانه‌كان له جه‌ژنی قیامه‌دا یادی هه‌ستانه‌وه‌ی مه‌سیح ده‌كه‌نه‌وه دوای سێ رۆژ له خاچدان و مردنی، ئه‌و جه‌ژنه كۆتایی رۆژوی گه‌وره‌یه كه 40 رۆژ ده‌خایه‌نێت.
عیماد عهناى چاو‌دێر له کڵێساى عائله موقه‌ده‌س - تاکه کڵێسا‌ی شاره‌که‌یه یه‌کشه‌ممان زه‌نگ لێده‌دات -. به (که‌رکوک ناو)ی وت "لێدانى زه‌نگه‌که بۆ ئاگادارکردنه‌وه‌ی ئیماندارانمانه تا روو له‌کڵێسا بکه‌ن بۆ نوێژ و خواپه‌رستی، به‌ڵام توندوتیژیی و هێرشه‌کان زیانی زۆریان به کڵێسا‌کان گه‌یاندووه".
عه‌لی محه‌مه‌د (52 ساڵ)، دانیشتوى گه‌ڕه‌کى ئه‌ڵماس له نه‌ته‌وه‌ی کورد، ده‌ڵێت که منداڵ بوو له گه‌ڕه‌که‌که‌یان، له‌یه‌کاتدا گوێی له‌ده‌نگی بانگی مزگه‌وت و کڵێساش ده‌بوو، "داخه‌وه ئێستا هه‌ر گوێم له ده‌نگی مه‌لا ده‌بێت".
به‌گشتی داوای كریستیانه‌كان له جه‌ژنی قیامه‌دا، ئه‌وه‌یه رێگریی له كۆچی كریستیانه‌كان بكرێت و زه‌نگ بۆ كڵێساكانیشیان بگه‌ڕێته‌وه.