هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا و حه‌شدی شه‌عبی، ده‌بێته شه‌ڕ و ئاڵۆزییان دوای دروستبونی مشت‌ومڕ له بازگه‌یه‌كی ئه‌منیدا، له‌وه‌شدا په‌نجه‌ی تۆمه‌ت ئاڕاسته‌ی یه‌كتریی ده‌كه‌ن.
سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه له ناوه‌ندی قه‌زای دوزخورماتوو، له‌كاتی تێپه‌ڕینی كاروانی ئۆتۆمبێله‌كانی سه‌كرده‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی به بازگه‌یه‌كی هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا ئاڵۆزی سه‌رهه‌ڵده‌دات، سه‌رباری دروستبونی شه‌ڕ و ته‌قه‌كردن به ئاراسته‌ی ئاسماندا، به‌ڵام به‌بێ زیانی گیانی هه‌ردولا كۆتایی به ناكۆكییه‌كه ده‌هێنن.
لیوای مافپه‌روه‌ر سامر حسێنی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "شه‌ڕه‌كه له نزیك خاڵی پشكنینی نزیك بینای قایمقامیه‌ت بووه، به‌هۆی سه‌رپێچی كه‌سانی نێو حه‌شدی شه‌عبی كه ویستویانه به‌بێ مۆڵه‌ت و پشكنین له بازگه‌كه تێپه‌ڕین، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی یاسایه و سه‌رپێچییه".
"ئێمه هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی نیه، به‌ڵام لێره‌ین بۆ جێبه‌جێكردنی یاسا به‌بێ جیاوازی له نێوان هه‌موو هێزه‌كاندا، هه‌ر هێزێك، له هه‌ر نه‌ته‌وه و مه‌زهه‌بێك بن ئه‌گه‌ر سه‌رپێچی بكه‌ن سزای یاساییان ده‌ده‌ین".
فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا جه‌ختیكرده‌وه له‌سه‌ر پێداگرییان بۆ جێبه‌جێكردنی یاسا، به ئامانجی دوباره‌نه‌بونه‌وه‌ی روداوی هاوشێوه و تا هیچ كه‌سێك نه‌بێته قوربانی، ئه‌وه‌ش وه‌ك لیوا سامر ده‌ڵێت، ته‌نیا له‌رێی ئه‌وه‌وه‌یه یاسا له‌سه‌روو هه‌موانه‌وه بێت.
به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراقه، له سه‌ره‌تای ساڵی رابردوودا ره‌وانه‌ی دوزخورماتوو كران بۆ سه‌پاندنی یاسا و سه‌قامگیری، دوای ئاڵۆزیی و لێكه‌وته‌ی روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه، كه هێزه‌كانی حكومه‌تی عیراقی گه‌ڕانه‌وه بۆ ناوچه‌كانی جێناكۆك و پێشمه‌رگه كشایه‌وه، له ئه‌نجامی ناكۆكییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه.
عه‌لی حسێنی، وته‌بێژی میحوه‌ری باكوری ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌و كه‌سه‌یه له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا بۆته كێشه‌ی له بازگه‌كه‌دا و بۆ (كه‌ركوك ناو) وتی "له‌گه‌ڵ كه‌سێكی نزیكم له‌نێو ئۆتۆمبێلی خۆماندا بوین و گه‌یشتینه خاڵی پشكنینی ئه‌و هێزه له نزیك قایمقامیه‌ت، ئه‌وان له ئۆتۆمبێله‌كه دایانبه‌زاندین و رێگه‌یان نه‌دا تێپه‌ڕین".
به‌وته‌ی عه‌لی حسێنی، هه‌رچه‌نده ئه‌وان ویستویانه تێبپه‌ڕن و بهرێگاوهبون بۆ نه‌خۆشخانه‌ی دوزخورماتوو، بۆ بینینی نه‌خۆشێك، به‌ڵام ده‌مه‌قاڵێ دروستبووه و رێگرییان لێكراوه، هه‌رچه‌نده خۆیشی ناساندووه.
"له ئه‌نجامی مشت‌ومڕ بو به شه‌ڕ و خه‌ڵكی زۆر لێمان كۆبونه‌وه، هێزه‌كه‌ی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا ته‌قه‌یان به ئاسماندا كرد"، به‌وته‌ی لێپرسراوه‌كه‌ی حه‌شد، دوای گه‌یشتنی فه‌رمانده‌ی بازگه‌كه، كێشه‌كه كۆتایی هاتووه به دورخستنه‌وه‌ی چه‌كداره‌كان له‌و خاڵی پشكنینه.
عه‌لی حسێنی كه هاوكات جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای دوزخورماتووه، ده‌ڵێت له‌و هێزه خۆش بووه له به‌رانبه‌ر روداوه‌كه‌دا، چونكه نوێ بون له‌و بازگه‌یه‌دا و ئه‌ویان نه‌ناسیووه، "ئه‌فسه‌ره‌كه‌ی ئه‌وان داوای لێبوردنی كرد و سزای كارمه‌نده‌كانی دا، بۆیه منیش لێیان خۆش بوم".
قەزای دوزخورماتوو، تاكە ناوچەی جێناكۆكی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستانە لە پارێزگای سەڵاحەدین، دانیشتوانەكەی لە توركمان، كورد‌و عەرەب پێكهاتون.