ئیداره‌ی خانه‌قین، قۆناغی یه‌كه‌می گه‌ڕانه‌وه‌ی گامێشهكانی روباری ئه‌ڵوه‌ندی بۆ باشوری دیاله ده‌ستپێكرد، ئه‌وه‌ش دوای ناڕه‌زایی فراوانی جوتیاران و خه‌ڵكی قه‌زاكه هات.
سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه، لانیكه‌م 600 گامێش له‌لایه‌ن 16 ئاژه‌ڵداره‌وه له باشوری دیاله‌وه هێنرانه سنوری خانه‌قین و روباری ئه‌ڵوه‌ند و زه‌وی 51 جوتیاریان بۆ به‌خێوكردنی گامێشه‌كانیان به‌كارهێنا.
عەلی عەزیز، سەرۆکی عەشیرەتی گورگوش له ناوچه‌که، بە (کەرکوک ناو)ی وت "زه‌وییه‌كانمان بۆ به‌خێوكردنی گامێشه‌كان به‌كارده‌هێنن و ئێمه قبوڵی ناكه‌ین".
زه‌وییه‌كانمان بۆ به‌خێوكردنی گامێشه‌كان به‌كارده‌هێنن و ئێمه قبوڵی ناكه‌ین
ئه‌و كه له خۆپیشاندانه‌كه‌ی چوارشه‌ممه 24ی نیسان به‌شداریكرد وتی "داواده‌كه‌ین ناوچه‌كه چۆڵبكه‌ن و زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانمان بۆ بگه‌ڕێته‌وه".
ئه‌و جوتیارانه پێشتر ناڕه‌زاییه‌کانیان گه‌یاندبووه ئیداره‌ی خانه‌قین، به‌پێی لیژنه‌یه‌کی ئیداری قه‌زاکه‌ش ئاوی روباری ئەڵوەند پیسبووە و بڕیاریانداوە بە دەرکردنی گامێشەکان.
لیژنه‌ی کاری هەرەوەزی له خانەقین، كه له چه‌ند رێكخراوێكی مه‌ده‌نی پێكدێت، له خۆپیشاندانه‌كه‌ی جوتیاریان به‌شداربون.
به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی خانه‌قین، دوێنێ به خۆپیشانده‌رانی وت "بڕیاری ده‌ركردنی گامێشه‌كان ده‌ستپێده‌كات، به‌ڵام خۆ 600 گامێش به یه‌ك رۆژ به‌ڕێناكرێت و تا یه‌كشه‌ممه مۆڵه‌تیان هه‌یه ناوچه‌كه چۆڵبكه‌ن".
ئیداره‌ی خانه‌قین، به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 25ی نیسان، له رونكردنهوهیهكیدا جه‌ختیكرده‌وه كه قۆناغی یه‌كه‌می گه‌ڕانه‌وه‌ی گامێشهكانی روباری ئه‌ڵوه‌ند بۆ شوێنی خۆیان ده‌ستیپێكردووه.
له‌گه‌ڵ رونكردنهوهكهشدا چه‌ند وێنه‌یه‌كی گامێشه‌كان له‌ناو ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر بڵاوكراونه‌ته‌وه.