دوای ئه‌وه‌ی ناڕه‌زایی به‌رزبۆوه‌
ئه‌نجومه‌نی روحانی ئێزیدی رونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر فه‌تواكه‌ی ده‌دات

سوريا، ژماره‌یه‌ك كچی ئێزیدی رزگاربوی ده‌ستی داعش له‌رۆژئاوای كوردستان فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز - نه‌ینه‌وا

ئه‌نجومه‌نی باڵای روحانی ئێزیدی ره‌تیده‌كاته‌وه‌ له‌ فه‌تواكه‌یاندا باسی وه‌رگرتنه‌وه‌ی منداڵانی داعش-یان كردبێت و جه‌ختده‌كاته‌وه‌ ته‌نیا هاوڵاتیانی ئێزیدی رزگاربوی ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه‌ وه‌رده‌گرنه‌وه.


ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 27ی نیسان، له‌ نوسراوێكیدا جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌وان له‌ فه‌تواكه‌یاندا مه‌به‌ستیان وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی چه‌كدارانی داعش نه‌بووه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر كچان و ژنانی ئێزیدی له‌ دایك بون، به‌ڵكو مه‌به‌ستیان ژنانی ئێزیدیی و ئه‌و منداڵانه‌یه‌ كه‌ له‌ ته‌مه‌نێكی بچوكدا كه‌وتونه‌ته‌ ده‌ست ئه‌و رێكخراوه‌.


ئه‌و رونكردنه‌وه‌یه‌ دوای ناڕه‌زاییه‌كی فراوانی پیاوانی ئاینی ئێزیدی هات دژی فه‌توایه‌كی پێشوتر ئه‌نجومه‌نی باڵای رۆحانی، كه‌ تیایدا له‌ 24ی نیسان بڕیاریدا به‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌واوی ژنان و هاوڵاتیانی رزگاربوی ده‌ستی داعش، به‌ منداڵه‌كانیشیانه‌وه‌.

ناڕهزایی ههیه

عیدان شێخ کالۆ، چالاکوان و شاره‌زای ئایینی ئێزیدی به‌ر له‌ رونكردنه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی رۆحانی ئێزیدی، به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "پێش ده‌رکردنی هه‌ر بڕیارێک پێویسته‌ بیر له‌ لێکه‌وته‌کانی‌ دوای جێبه‌جێکردنی‌ بکرێته‌وه‌ ئایا‌ چه‌ند له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدایه".

زیاتر وتی "بڕیاره‌که‌ی جڤاتی رۆحانی هه‌ڵه‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌ بوو،‌ چونکه‌ وه‌رگرتنی ئه‌و منداڵانه‌ له‌ ئایینی ئێزیدیدا قبوڵکراو نییه‌ و هیچ که‌سێک له‌ ئاینێکی تره‌وه‌ وه‌رناگیرێت بۆ ئایینی ئێزیدی... ئه‌وانه‌ی‌ منداڵی داعشن و له ئه‌‌وان دروستبوون چۆن ده‌بێت وه‌ریانبگرین!".

وه‌رگرتنی ئه‌و منداڵانه‌ له‌ ئایینی ئێزیدیدا قبوڵکراو نییه‌ و هیچ که‌سێک له‌ ئاینێکی تره‌وه‌ وه‌رناگیرێت بۆ ئایینی ئێزیدی

"ماوه‌یه‌کی زۆره‌‌ چه‌ند رێکخراوێکی بیانی ئیش له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌که‌ن، به‌بڕوای من ئه‌و رێکخراوانه‌ فشاریان کردۆته‌‌ سه‌ر جڤاتی رۆحانی که‌ ده‌بێت ئه‌و منداڵانه‌ وه‌ربگرینه‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هاوکارییه‌کان بۆ ئێزیدییه‌کان راده‌گرن"، عیدان شێخ كالۆ وایوت.

عیدان داوایكرد رێكخراوه‌کان و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان چه‌ند کونفرانسێک بۆ ئه‌و پرسه‌ ئه‌نجامبده‌ن ئه‌وه‌ش به‌ ئامانجی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی باش.

مانگی رابردوو سێ چالاكی بیانی و به‌رگریكار له‌ مافه‌كانی مرۆڤ، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بۆ رایگشتی و سه‌رۆكایه‌تی عیراق و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی داوای هاوكاری به‌په‌له‌یان كرد بۆ رزگاربوانی ئێزیدی له‌ ده‌ستی داعش، به‌ تایبه‌ت ژنان، كه‌ به‌هۆی هه‌بونی منداڵه‌وه‌ روبه‌روی رێگری بونه‌ته‌وه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نێو خێزانه‌كانیان، له‌ یه‌كێك له‌ چاره‌سه‌ره‌كاندا داوای ده‌ركردنی فه‌توایان كرد بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی رزگاربوان.

فه‌تواكه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای رۆحانی ئێزیدی، دوای ئه‌وه‌ هات كه‌ به‌شێك له‌ ژنانی رزگاربوی ئێزیدیی، له‌ نێو كه‌سوكار و پێكهاته‌كه‌یاندا خرانه‌ به‌رده‌م دوو بژارده‌، وه‌رگرتنه‌وه‌یان به‌ ته‌نیا و به‌جێهێشتنی ئه‌و منداڵه‌ی له‌كاتی ده‌ستبه‌سه‌ربونیان لای داعش له‌دایكبون، یاخود له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیاندا بڕۆن.

عیدان وتی "راسته‌ ئه‌و منداڵانه‌ گوناهیان نییه‌، به‌ڵام وه‌رگرتنه‌وه‌یان بۆ ناو کۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی له‌ ئاینده‌دا زۆر کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی و ئایینی دروستده‌کات".

فاخر خه‌له‌ف، پیاوێکی ئایینی ئێزیدی له‌ قه‌زای شنگال زێدی مێژویی ئێزیدییه‌كان داده‌نیشێت، به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "جێبه‌جێکردنی بڕیاره‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای رۆحانی به‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی منداڵانی داعش به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌مه‌ بڕیارێکی سیاسییه‌ نه‌ک ئایینی‌، هه‌ندێک لایه‌ن فشاریان کردۆته‌‌ سه‌ر جڤاتی رۆحانی تاوه‌کو ئه‌م بڕیاره‌ ده‌ربكه‌ن".

فاخر خه‌له‌ف، توندتر هه‌ڕه‌شه‌ی كرد، "ئه‌گه‌ر بڕیاره‌که‌ جێبه‌جێکرا ئێمه‌ وه‌کو پیاوانی ئایینی له‌ شنگال جڤاتێکی نوێی رۆحانی ئێزیدی دروستده‌که‌ین و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک پاپه‌ندنابین به‌ بڕیاره‌کانی ئه‌و جڤاته‌".

هاوڵاتیانی ئێزیدی، له‌كاتی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی شنگال له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ له‌ ئابی 2014دا روبه‌روی كۆمه‌ڵكوژی بونه‌وه،‌ شه‌ش هه‌زار و 417 كه‌سیان رفێنران، كه‌ هێشتا چاره‌نوسی نزیكه‌ی سێ هه‌زار ژن و منداڵ و پیاو دیارنییه.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT