له‌نێو شاری كه‌ركوك، 120 دوكانی هاوڵاتیان به زه‌بری هێز داده‌خرێن له‌سه‌ر بڕیاری ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و به پاساوی زیاده‌ڕۆیی، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی دوو دوكاندار بۆ (كه‌ركوك ناو).
له‌سه‌ر رێگای به‌غدا له‌شاری كه‌ركوك، هێزێكی ئه‌منی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 28ی نیسان ههڵكوتاوهته سه‌ر ژماره‌یه‌ك دوكاندار و نه‌یانهێشتووه كار بكه‌ن، ئه‌وه‌ش دوای چه‌ندجارێك له ئاگاداركردنه‌وه‌یان دێت تا دوكانه‌كانیان دابخه‌ن.
توانا محه‌مه‌د، یه‌كێك له دوكانداره‌كان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "چه‌ند مانگێكه ئاگاداركراوینه‌ته‌وه دوكانه‌كانمان چۆڵبكه‌ین تا له‌شوێنی ئێمه مۆڵێك دروستبكرێت، هه‌رچه‌نده پێداگریمان كرد و وتمان دوكانه‌كانمان داناخه‌ین، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به زه‌بری هێز دوكانه‌كانیان پێداخستین".
"ئه‌و هێزه‌ی دوكانه‌كانیان پێداخستین زۆر ئیهانه‌یان كردین و له چه‌ند دوكاندارێكیشیان دا".
به‌وته‌ی توانا، له‌و ناوچه‌یه، 120 دوكاندار هه‌مان كێشه‌یان هه‌یه، له‌كاتێكدا ئه‌وه ته‌نیا بژێوی ده‌یان خێزانه و هیچ شوێنێكی جێگره‌وه‌شیان بۆ دانه‌نراوه.
پێشتر ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان له كه‌ركوك، دوكانداره‌كانی له چۆڵكردنی ئه‌و شوێنه ئاگاداركردۆته‌وه، به‌وپێیه‌ی زه‌وییه‌كه موڵكی یانه‌ی وه‌رزشی سهورهیه و ده‌درێته به‌ڵێنده‌رێك بۆ دروستكردنی مۆڵێكی بازرگانی.
(كه‌ركوك ناو) په‌یوه‌ندی له لێپرسراوانی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانه‌وه كرد به‌ڵام هه‌وڵه‌كان بێ ئاكام بون.
ئاواره حه‌مید، دوكاندارێكی تری ئه‌و ناوچه‌یه‌یه و ده‌ڵێت داخستنی دوكانه‌كانیان به "زه‌بری هێز" له كاتێكدایه، ئه‌وان سه‌رقفڵانه (پاره‌ی پێشه‌كی كرێ)یان داوه‌ته ئیداره‌ی یانه‌ی سه‌وره و مانگانه‌ش 500 هه‌زار كرێ ده‌ده‌ن.
زۆرینه‌ی ئه‌و دوكاندارانه‌ی داخراون تایهفرۆش، پاتری فرۆش و پهنچهرچین و كار له ئۆتۆمبێلدا ده‌كه‌ن.
"ئێستا كه ئێمه ده‌رده‌كرێین هیچ چاره‌سه‌رێكمان بۆ دانه‌نراوه، ده‌ڵێن له شوێنێكی تر دوكانتان بۆ دروستده‌كه‌ین به بڕی سێ ده‌فته‌ر دۆلار، به‌ڵام كه‌س ئه‌و پاره‌یه‌ی نییه و ئه‌و شوێنه‌یشی باسی ده‌كه‌ن بۆ كاره‌كه‌ی ئێمه گونجاو نیه".
ئاواره حه‌مید داوا له ئیداره‌ی كه‌ركوك كرد چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ی ئه‌وان بكات چونكه ئه‌و دوكانانه‌ی داده‌خرێن داهات و بژێوی رۆژانه‌ی زیاتر له 700 خێزانی له‌سه‌ره.