كارمه‌ندێكی ئاسایشی یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان له‌لایه‌ن داعشه‌وه كوژرا، دوای ده‌ستگیركردنی له سنوری قه‌زای مه‌خمور، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی لێپرسراوانی ئه‌و حزبه له‌كاتێكدابووه له‌و ناوچه‌یه به‌دوای دۆمه‌ڵاندا گه‌ڕاوه.
په‌یجه‌كانی داعش له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، دوێنێ سێشه‌ممه 30ی نیسان له‌رێی چه‌ند وێنه‌یه‌كه‌وه كوشتنی كارمه‌ندێكی ئاسایشیان بڵاوكرده‌وه، دوای تێپه‌ڕینی نزیكه‌ی هه‌فته‌یه‌ك به‌سه‌ر ده‌ستگیركردنیدا.
له په‌یامه‌كه‌ی داعشدا، سێ چه‌كدار به چه‌كی كڵاشینكۆفه‌وه له‌سه‌ر سه‌ری ئه‌و گه‌نجه راوه‌ستاون كه وه‌ك كارمه‌ندی هێزه ئه‌منییه‌كان ناوی ده‌به‌ن و دواتر به چه‌ك، ده‌یكوژن.
رەشاد گەڵاڵی، لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێتی لە مەخمور بە (كەركوك ناو)ی وت "27ی نیسان به‌شدار له‌گه‌ڵ چوار هاوڕێی چونه‌ته سنوری گوندی عەلی ڕەش بە مەبەستی دۆزینه‌وه‌ی دومەڵان (خۆراكێكی به‌هارییه) دواتر هەر پێنجیان لە لایەن مەفرەزەیەكی سێ كەسی داعشەوە دەسگیردەكرێن".
كارمه‌نده‌كه‌ی ئاسایشی یه‌كێتی له مه‌خمور، ناوی به‌شدار سه‌فه‌ر حه‌مه‌د سلێمان-ــه، ته‌مه‌نی 30 ساڵه و خوێندكاری كۆلێژی یاسا بووه له كه‌ركوك، تاقانه‌ی حه‌وت خوشكه.
"دوای ئه‌وه‌ی وێنه‌كانی ناو مۆبایله‌كه‌ی به‌شدار ده‌پشكنن، زانیویانه كارمه‌ندی ئاسایشه، بۆیه هێشتویانه‌ته‌وه لای خۆیان" لێپرسراوه‌كه‌ی یه‌كێتی واده‌ڵێت.
به‌وته‌ی گه‌ڵاڵی دوای كاتژمێر له ده‌ستگیركردنی ئه‌و پێنج گه‌نجه، "چوار هاوڕێیهكەی كه پیشه‌یان كاسب بووه ئازادكراون، به‌ڵام به‌شدار ماوه‌ته‌وه، دوای 72 كاتژمێر له ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی له‌رێی راگه‌یاندنه‌كانه‌وه داعش ئاشكرایكرد كه شه‌هیدیان كردووه".
ئه‌و ناوچه‌یه‌ی به‌شدار و هاوڕێیه‌كانی تێدا ده‌ستگیركراوه، ده‌كه‌وێته زنجیره چیای قه‌ره‌چۆخ له رۆژهه‌ڵاتی قه‌زای مه‌خمور له باشوری خۆرهه‌ڵاتی پارێزگای نه‌ینه‌وا.
ئه‌و سنوره له نێوان هێزه عیراقییه‌كان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دایه، له مانگه‌كانی رابردوودا چه‌نجارێك ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شی هێزه‌كانی تێدا ئه‌نجامدراوه دژ به داعش به پاڵپشتی ئه‌مریكا
ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه، زیاتر له ساڵێك و نیوه كۆتاییهاتنی ده‌سه‌ڵاتی داعش له ته‌واوی عیراقدا راگه‌یه‌ندراوه، به‌ڵام هێشتا به ته‌واوی ئارامی بۆ ناوچه‌كانی جێناكۆك نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه.