نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خانووه زیانلێكه‌وتوه‌كانی شنگال، بۆته جێی مشت‌ومڕ و لێپرسراوانیش تۆمه‌ت ئاراسته‌ی یه‌كتریی ده‌كه‌ن، به‌هۆی هه‌بوونی دوو ئیداره‌وه له قه‌زاكه‌دا.
له چه‌ند رۆژی رابردودا، نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان 502 خانووی نۆژه‌نكراوی راده‌ستی هاوڵاتیانی ئێزیدیی كرده‌وه، دوای ئه‌وه‌ی له شه‌ڕی داعشدا زیانی زۆریان به‌ركه‌وت.
وه‌یسی نایف، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای شنگال به (كه‌ركوك ناو)ی وت "بۆ ھەر خانویەك بڕی سێ هه‌زار دۆلاری دانراوه، به‌ڵام ئیداره‌ی ناشه‌رعی شنگال له‌و بڕه پاره‌یه 500 دۆلاری له نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خانوه‌كاندا خه‌رجكردووه و ئه‌ویتری به گه‌نده‌ڵی بۆ خۆیان بردووه".
ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی وه‌یسی و ئیداره‌ی شنگال كه قایمقامه‌كه‌ی حه‌ما خه‌لیل-ه له پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان، له دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه له هه‌رێمی كوردستانن و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ قه‌زاكه.
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای شنگال وتی "یه‌كێك له‌و خانوانه‌ی نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه و كه‌سێكی تری تێدا نیشته‌جێكراوه، خانووی منه و بڕی سێ هه‌زار دۆلار بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی دانرابوو، به‌ڵام هه‌زار و 500 دۆلاری تێدا خه‌رجكراوه".
به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، له ماوه‌ی دوو ساڵدا، هه‌زار و 64 خانووی زیانلێكه‌وتوو نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه له شنگال، به كۆمه‌كی حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا، ئه‌وه‌ش بۆته هاندانی گه‌ڕانه‌وه‌ی زیاتر له 13 هه‌زار هاوڵاتی ئاواره.
وه‌یسی نایف به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ئاماره‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه ده‌ڵێت سه‌دا 95ی خه‌ڵكی قه‌زای شنگال له دهۆك ئاواره‌ن و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه، وتیشی "ئێستا كاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خانوه‌كان راگیراون و تا ئه‌و ئیداره ناشه‌رعییه له شنگال بمێنن ناوچه‌كه ئاوه‌دان ناكرێته‌وه".
له چه‌ند مانگی رابردودا، ئه‌نجومه‌نێكی كاتی له شنگال پێكهێنرا و قایمقام بۆ قه‌زاكه دانرا، به‌وه‌ش ناوچه‌كه بۆته خاوه‌نی دوو ئیداره‌ی جیاواز، یه‌كێكیان له هه‌رێمن و ئه‌ویتریان له شنگال، هه‌ردولاش خۆیان به خاوه‌ن ماف ده‌زانن و هێشتا حكومه‌تی ناوه‌ندی له‌باره‌ی ئه‌و كێشه‌یه‌وه بڕیاری یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ی نه‌داوه.
فه‌هد حامد، قایمقامی قه‌زای شنگال كه له‌دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه سێ‌جار بۆ ئه‌و پۆسته دانراوه‌ته‌وه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "هیچ گه‌نده‌ڵییه‌ك له پرۆژه‌كه‌دا نه‌كراوه، به پێچه‌وانه‌وه كاره‌كه زۆر به شه‌فافی ئه‌نجامدراوه، چونكه ئێمه له شنگالین و ناوه‌رۆكی پرۆژه‌كه ده‌زانین چیه و چی كراوه".
هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه كاری نۆژه‌نكردنه‌وه به‌رده‌وامی هه‌یه، به‌هۆیه‌وه خه‌ڵكی زۆر لێی سودمه‌ند بون له كه‌مپه‌كانی دهۆك، چیای شنگال و كه‌مپه‌كانی سوریا گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
به‌وته‌ی فه‌هد حامد، له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا رێكخراوێكی ئه‌مریكی زیاتر له هه‌زار خانوی تر نۆژه‌نده‌كاته‌وه به تێچوی پێنج بۆ 10 هه‌زار دۆلار بۆ هه‌ر خانوویه‌ك.
ژمارەی هاوڵاتیانی ئێزیدی لە عیراق 550 هەزار كەس بووە، 360 هەزار هاوڵاتی ئەو پێكهاتەیە ئاوارە بوون و زیاتر لە 100 هەزار كەسیش وڵاتەكەیان بە جێهیشتووە و كۆچیان كردووە، بەپێی ئاماره‌كانی بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزیدی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان.
داود جوندی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نه‌ینه‌وا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "نازانم له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن ده‌ڵێت گه‌نده‌ڵی له پرۆژه‌كه‌دا كراوه، ئێستا ئه‌و له پارێزگای دهۆك ده‌ژی و نه‌چۆته شنگال بۆ به‌دواداچون، راسته هه‌موو خانویه‌ك سێ هه‌زار دۆلاری تێدا خه‌رجنه‌كراوه، به‌ڵام مانای ئه‌وه نیه گه‌نده‌ڵی كرابێت".
ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه تێچوی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خانوه‌كان به‌پێی زیانه‌كان بووه، خانوو هه‌یه 500 دۆلار و هه‌یه زیاتری تێدا خه‌رجكراوه، چونكه تێیاندایه یه‌ك ژوور هه‌یه چه‌ند ژورێكی خاپور بوه.
هێرشه‌كانی داعش و شه‌ڕی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شنگال، زیانی زۆری به خانوی هاوڵاتیان و ژێرخانی گشتی ئه‌و قه‌زایه گه‌یاند.
داود جوندی ده‌ڵێت به‌وردی به‌دواداچونیان بۆ پرۆژه‌كه كردووه و تێبینییان له‌سه‌ری نه‌بووه، "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك گه‌نده‌ڵی له پرۆژه‌كه نه‌كراوه و پرۆژه‌كه‌ش به‌رده‌وامه".
قەزای شنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ)، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە.