خوێندنی 800 خوێندكار له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی فه‌وتاندایه‌

شنگال/4ی نیسانی 2019/ خوێندكاران داوا ده‌كه‌ن له‌ ناوچه‌كه‌ی خۆیان تاقیكردنه‌وه‌ بكه‌ن فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز - نه‌ینه‌وا

لانیكه‌م 800 خوێندكاری قه‌زای شنگال، ترسی فه‌وتانی خوێندنی ئه‌مساڵیان هه‌یه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێم ئاماده‌نییه‌ پرسیاری تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی ساڵیان بۆ بنێرێت.

ئه‌و خوێندكارانه‌ كه‌ له‌پۆلی نۆی بنه‌ڕه‌تیی و دوانزه‌ی ئاماده‌یی ده‌خوێنن، له‌ خۆپیشاندانێكدا شه‌ممه‌ 4ی نیسان، داوایانكرد وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێم‌ به‌ بڕیاره‌كه‌یدا بچێته‌وه‌.

سونیا سلو، خوێندکاری قوناغی دوانزه‌دی ئاماده‌یی له‌ شنگال و به‌شداربوی خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ده‌مانه‌وێت فشاربكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت پرسیاره‌كانمان بۆ بنێرێت و هه‌ر له‌ شنگال تاقیكردنه‌وه‌ی كۆتایی ساڵ بكه‌ین، ئه‌گه‌ر‌نا خوێندنه‌‌كه‌مان ده‌فه‌وتێت".

ده‌مانه‌وێت فشاربكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت پرسیاره‌كانمان بۆ بنێرێت

ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ هات به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی شنگال سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، خوێندكارانی ئاگاداركرده‌وه‌ بچن له‌ پارێزگای دهۆك تاقیكردنه‌وه‌ی كۆتایی ساڵ بكه‌ن، له‌به‌ر دۆخی ئه‌منی ناوچه‌كه‌.

به‌ڵام سونیا سلو وتی "ئه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ زۆر قورسه‌، پاره‌ی هاتوچۆمان نییه‌ و ناشتوانین له‌ پارێزگای دهۆك بمێنینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر کێشه‌که‌ی ئێمه‌ چاره‌سه‌رنه‌کرێت ره‌نج و ماندوبونی ساڵێکی خوێندنمان ده‌فه‌وتێت".

که‌مال حه‌سه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاماده‌یی سه‌رکه‌وتن له‌ شنگال به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "زیاتر له‌ 800 خوێندکارن، ئه‌مساڵ به‌بێ كێشه‌ ده‌وامیانكرد و هیچ كێشه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ناوچه‌كه‌ نه‌بوو، نازانم بۆچی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حکومه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێن ناتوانین پرسیاره‌کان بنێرین".

ئه‌مساڵ به‌بێ كێشه‌ ده‌وامیانكرد و هیچ كێشه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ناوچه‌كه‌ نه‌بوو

وتیشی "له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه‌ قسه‌مکردووه‌ و به‌ڵێنیانداوه‌ که‌ پاراستنی پرسیاره‌کان بگرنه‌ئه‌ستۆ".

به‌ڵام شێخ حسێن خدر، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی شنگال سه‌ر به‌ حکومه‌تی هه‌رێم وتی "هیچ لایه‌نێک له‌ شنگال گه‌ره‌نتی ئه‌منییان پێنه‌داوین، ئێمه‌ش ناتوانین پرسیاره‌کان بنێرین، بازگه‌کانی حه‌شدی شه‌عبیی و حکومه‌تی عیراق له‌سه‌ر رێگا بونیان هه‌یه‌، له‌وانه‌یه‌ رێگانه‌ده‌ن پرسیاره‌کان بگه‌یه‌نینه‌‌ شنگال، یان پرسیاره‌کان بکرێنه‌وه‌ ئه‌وکات کێشه‌ بۆ هه‌موو خوێندکارانی کوردستان دروستده‌بێت، چونکه‌ هه‌موو پرسیاره‌کان وه‌کۆ یه‌کن".

سێ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی جیاواز له‌ قه‌زای شنگال سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌ی خوێندن ده‌كه‌ن به‌ سێ زمان و سێ سیستمی جیاواز، ئه‌وه‌ش له‌ پاڵ ده‌یان كێشه‌ی جۆراوجۆردا، له‌وانە كه‌می مامۆستا، نه‌بونی خوێندنگه و پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان.

حكومه‌تی عیراق سه‌رپه‌رشتی 19 خوێندنگه‌ ده‌كات له‌ شنگال، كه‌ به‌زمانی عه‌ره‌بی و به‌ سیستمی تایبه‌ت به‌ خۆیان وانه‌ده‌ڵێنه‌وه‌؛ په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش سه‌رپه‌رشتی لانیكه‌م هه‌زاران خوێندكار ده‌كات به ‌زمانی كوردی ئه‌وانیش به‌ سیستمی جیاوازتر.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێدایه‌ بەڕێوه‌بەرایه‌تی په‌روه‌رده‌ی سەر بە ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی شنگال، له‌سه‌ر چیای شنگال و به‌ رێنوسی لاتینی وانه‌ به‌ هه‌زار خوێندكار ده‌ڵێنه‌وه‌.

شێخ حسێن خدر، وتی "ساڵی پار خوێندکاران ده‌هاتنه‌ دهۆك بۆ تاقیكردنه‌وه‌كان و به‌بێ کێشه‌ پرۆسه‌كه‌ ئه‌نجامدرا، هه‌موو خوێندکاران خزم و که‌سوکاره‌کانی خۆیان له‌ که‌مپه‌کانی پارێزگای دهۆک هه‌یه‌، هه‌وڵده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ پارێزگای دهۆک و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی گشتی دهۆک بڕه‌ پاره‌یه‌ک بۆ هاتۆچوی ئه‌و خوێندکارانه‌ خه‌رجبکه‌ین".

ساڵی پار خوێندکاران ده‌هاتنه‌ دهۆك بۆ تاقیكردنه‌وه‌كان و به‌بێ کێشه‌ پرۆسه‌كه‌ ئه‌نجامدرا

شنگال ده‌كه‌وێته‌ باكوری خۆرئاوای پارێزگای نه‌ینه‌وا، زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ پێكهاته‌ی ئێزیدین. به‌هۆی فره‌ هێزیی و دوو ئیدارییه‌وه دابه‌شبونی پرۆسه‌ی خوێندن و په‌روه‌رده‌یی به‌خۆوه‌ بینیوه‌، ئه‌وه‌ش دوای ده‌رهێنانی ناوچه‌كه‌ له‌ژێر ده‌ستی داعش.

چاره‌سه‌رنه‌كردنی ئه‌و كێشه‌یه‌ له‌كاتێكدایه‌ تاقیكردنه‌وه‌كان كۆتایی ئه‌م مانگه‌ ده‌ستپێده‌كات.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT