له‌ كه‌ركوك خورما شیرینتر ده‌بێت

كه‌ركوك/ئایاری 2019/ نرخی خورما له‌ بازاڕه‌كانی كه‌ركوك بۆ دوو هێنده‌ به‌رزبۆته‌وه‌ فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

سۆران محەمەد – کەركوك

نرخی خورما له‌ بازاڕه‌كاندا له‌وانه‌ش كه‌ركوك، بۆ دوو هێنده‌ به‌رزده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی كه‌می هاورده‌كردنی له‌ وڵاتی ئێران و زیادبونی خواست له‌سه‌ری به‌ بۆنه‌ی مانگی ره‌مه‌زانه‌وه‌.

زیادبونی خواست له‌سه‌ر خورما، به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه‌ كه‌ رۆژووانان به‌ خورما به‌ربانگ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش نه‌ریتێكی ئاینی باوه‌ و پشتبه‌ستووه‌ به‌ فه‌رموده‌ی په‌یامبه‌ری ئیسلام.

هەرێم عەلی، خاوەنی دوکانی فرۆشتنی سه‌وزه‌ و میوه‌ له‌ بازاڕی رەحیماوای كه‌ركوك و له‌ ره‌مه‌زاناندا خورماش ده‌فرۆشێت، جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی هه‌موو جۆره‌كانی خورما دوو هێنده‌ یان زیاتر به‌رزبۆته‌وه‌ به‌ به‌راورد به‌ پێش مانگی ره‌مه‌زان.

"هه‌موو ئه‌و خێزانانه‌ی به‌ڕۆژوده‌بن ده‌یانه‌وێت خورما بكڕن، به‌ڵام نرخه‌كه‌ی به‌رزه‌، چونكه‌ بڕێكی كه‌متر له‌ ساڵی پار خورما له‌ بازاڕه‌كاندا هه‌یه‌"، هه‌رێم زیاتر وتی "ئه‌گه‌ر ساڵی پار كیلۆیه‌ك خورما به‌ 1500 دینار بێت، ئێستا بووه‌ به‌ سێ هه‌زار و 500".

هه‌موو ئه‌و خێزانانه‌ی به‌ڕۆژوده‌بن ده‌یانه‌وێت خورما بكڕن، به‌ڵام نرخه‌كه‌ی به‌رزه‌

وتیشی "به‌هۆیه‌وه‌ هه‌ندێك كه‌س ناتوانێت خورما بكڕێت و پاره‌ی پێ نییه‌، بۆیه‌ بازاڕ وه‌كو جاران نییه‌".

به‌ربانگكردن به‌ خورما هه‌روه‌ها باكگراوندێكی ته‌ندروستیشی هه‌یه‌ بۆ رۆژووانان، ئه‌وه‌ش هۆكارێكی تره‌ بۆ زیادبونی خواست له‌سه‌ری.

كه‌ركوك/ئایاری 2019/ دوكانێكی فرۆشتنی خورما له‌ بازاڕی ره‌حیماوا فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

 

بازرگانێكی هێنانی خورما له‌ كه‌ركوك، ده‌ڵێت "به‌ بەراورد بە ساڵی رابردوو نرخی یەک کیلۆ خورما بۆ دوو هێندە زیاتر بەرزبۆتەوە، ئه‌و خورمایه‌ی زۆر داواكاری له‌سه‌ر هه‌بوو ساڵی رابردوو كیلۆی به‌ شه‌ش هه‌زار بوو، ئه‌مساڵ هه‌مان خورما بۆته‌ 13 هه‌زار دینار".

ئه‌‌و بازرگانه‌ كه‌ پێی باشنه‌بوو، ناوی بهێنرێت وتی "رێگریكراوه‌ خورما له‌ ئێرانه‌وه‌ بێت، خورمای عیراق و سعودییه‌ش به‌شناكات و كه‌مه‌".

شاخه‌وان خالید، دانیشتوی گه‌ڕه‌كی كوردستان له‌ كه‌ركوك، ده‌ڵێت ئه‌و هه‌رچۆنێك بێت ده‌بێت به‌ خورما رۆژووه‌كه‌ی بشكێنێت، گرانیی نرخه‌كه‌شی رێگرنه‌بووه‌ له‌وه‌ی ده‌ستبه‌رداری ئه‌و نه‌ریته‌ی بێت.

"ره‌مه‌زان مانگێكی پیرۆزه‌ و به‌پێی ئاینی ئیسلام به‌ربانگ به‌ خورما سونه‌ته‌ و بۆ ته‌ندروستیش باشه،‌ بۆیه‌ نرخه‌كه‌ی هه‌رچه‌ند بێت ده‌یكڕێن"، شاخه‌وان وایوت.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT