سامان نه‌قی؛ فریادڕه‌سی خوێندكارانی كه‌مده‌رامه‌ت

كه‌ركوك/ئایاری 2019/ هاوڵاتییه‌ك به‌شێكی خانوه‌كه‌ی خۆی تایبه‌تكردووه‌ به‌ وتنه‌وه‌ی خولی به‌هێزكردنی خوێندكاران فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

محه‌مه‌د ئه‌ڵماس – كه‌ركوك

هاوڵاتییه‌كی كه‌ركوك خولی به‌هێزكردن له‌ خانویه‌كی خۆیداو بێبه‌رامبه‌ر بۆ خوێندكارانی كه‌مده‌رامه‌ت و ئاواره‌ ده‌كاته‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ش دوو مامۆستای خۆبه‌خش هاوكاریی ده‌كه‌ن.

ئه‌و هاوڵاتییه‌ له‌ پێكهاته‌ی كاكه‌یی ده‌ڵێت ئامانج له‌ كاره‌كه‌یدا یارمه‌تیدانی ئه‌و خوێندكارانه‌یه‌ كه‌ بژێوی خێزانه‌كانیان باش نییه‌، له‌كاتێكدا پێویستیان به‌ مامۆستای تایبه‌ت هه‌یه‌.

له‌ ئێستادا 50 خوێندكاری كه‌مده‌رامه‌ت و ئاواره لای ئه‌و‌ خولی به‌هێزكردن ده‌بینن له‌ پۆله‌كانی شه‌شی سه‌ره‌تایی و سێی ناوه‌ندیی.

ئه‌و كه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی ئەسراو مه‌فقودینی شارى کەرکوک داده‌نیشێت، وتی "من ماڵه‌كه‌ی خۆم بۆ ئه‌و خوێندكارانه‌ ته‌رخانكردووه‌ كه‌ دایك و باوكیان نه‌خوێنده‌وارن، یان كه‌مده‌رامه‌تن، ئه‌گه‌ر مامۆستای خۆبه‌خشی زیاتر هه‌بێت ده‌توانم زیاتر له‌ 50 خوێندكار وه‌ربگرم".

من ماڵه‌كه‌ی خۆم بۆ ئه‌و خوێندكارانه‌ ته‌رخانكردووه‌ كه‌ دایك و باوكیان نه‌خوێنده‌وارن، یان كه‌مده‌رامه‌تن

كاره‌كه‌ی ئه‌و خۆبه‌خشییه‌ و ده‌ڵێت سەردانى لێپرسراوانی پەروەرده‌ی کەرکوکی كردووه‌ و ده‌ستخۆشییان لێكردووه‌، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بون هیچ هاوكارییه‌كی لۆجستی بكه‌ن.

هه‌ندێك له‌و خوێندكارانه‌ی له‌وێ خولی به‌هێزكردن ده‌بینن، خوێندكاری ئاواره‌ن، سامان وتی "به‌بێ جیاوازیی و به‌پێی فۆرم خوێندكاران وه‌رده‌گرین، كامیان زۆر پێویستی به‌ خوله‌كه‌ بێت و كه‌مده‌رامه‌ت و هه‌ژاربن وه‌ریده‌گیرین". به‌ڵام ئومێدی هه‌یه‌ بتوانێت كاره‌كه‌ی فراوانتر بكات ئه‌گه‌ر هاوكاریی بكرێت.

كه‌ركوك/ئایاری 2019/ مامۆستایه‌كی خۆبه‌خش بێبه‌رامبه‌ر وانه‌ی به‌هێزكردن به‌ خوێندكاران ده‌ڵێته‌وه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

 

ئەڤین فه‌لاح، خوێندکارى قۆناغى ناوەندىی و به‌شداربوی ئه‌و خوله‌، بە(کەرکوک ناو)ی وت "من لە وانەکانى بیرکاریى و ئینگلیزى کەمێک خراپم، لێره‌ له‌و دوو وانه‌یه‌ به‌شداریی ده‌كه‌م... بارى ئابوریمان زۆر باش نییە و لە خانووى کرێ ده‌ژین، ئه‌م خوله‌ زۆر به‌سوده‌ و ئێمه‌ش ده‌توانین سودمه‌ندبین له‌ به‌هێزكردنی وانه‌كان".

عه‌لی ئیراهیم، خه‌ڵكی شاری موسڵه‌ و ئاواره‌ی شاری كه‌ركوكه‌، یه‌كێكی تره‌ له‌و خوێندكارانه‌ی له‌و خوله‌ سودمه‌نده‌بێت.

ئه‌و وتی "له‌ وانه‌كان باشتربوم دوای به‌شداریكردنم له‌م خوله‌، هه‌موو پێداویستییه‌كمان پێده‌ده‌ن و سوپاسیان ده‌كه‌ن".

سامان به‌ په‌رۆشه‌ بۆ روبه‌ڕبونه‌وه‌ی نه‌خوێنده‌واریی و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌رنامه‌م هه‌یه‌ خولی نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری بۆ ژنان و پیاوانی نه‌خوێنده‌وار بكه‌مه‌وه‌‌". بۆ ئه‌وه‌ش داوای هاوكاریی له‌ رێكخراوه‌كان كرد.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT