500 ملیار دیناری كه‌ركوك له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یدایه‌ بۆ به‌غدا

كه‌ركوك/8ی كانونی دووه‌می 2019/ هۆڵی كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو

مه‌ترسی هه‌یه‌ 500 ملیار دیناری كه‌ركوك بۆ به‌غدا بگه‌ڕێنرێته‌وه‌، به‌هۆی په‌ككه‌وتنی كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كه‌ ده‌سه‌ڵاتی خه‌رجكردنی پاره‌كه‌ی هه‌یه‌. مه‌ترسییه‌كه‌ له‌كاتێكدایه‌ ناكۆكی توند له‌نێو پێكهاته‌كاندایه‌، هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی پارتی ئاماده‌نین بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌ن و نیسابی یاسایی دانیشتنه‌كان ته‌واوبكه‌ن.

حكومه‌تی عیراق له‌ مانگی رابردووه‌وه بڕی 63 ملیار دیناری پترۆدۆلاری بۆ كه‌ركوك ناردووه‌، له‌گه‌ڵ 450 ملیار دیناری تر وه‌کو به‌شه‌ بودجه‌ی پارێزگاكه‌، به‌ڵام خه‌رجكردنی ئه‌و بڕه‌ پارانه‌ پێویستی به‌ په‌سه‌ندكردنی هه‌یه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی پارێزگاوه‌.

7ی ئه‌م مانگه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، دواین هه‌وڵی خۆی خسته‌گه‌ڕ بۆ ته‌واوكردنی نیسابی یاسایی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن، كه‌ به‌پێی كارنامه‌ی دانیشتنه‌كه‌ بڕیاربوو پڕۆژه‌كانی پارێزگاكه‌ تاوتوێبكرێن و خه‌رجكردنی پاره‌ی پڕۆژه‌كان په‌سه‌ندبكرێت. به‌ڵام ته‌نیا 19 ئه‌ندام ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ بون له‌كۆی 41 ئه‌ندام، به‌هۆیه‌وه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ بۆ جاری سێیه‌م شكستیهێنا.

پارتی ناگه‌ڕێته‌وه‌ و یه‌كێتی هۆشداریی ده‌دات

یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان هۆشدارییده‌دات له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی پاره‌ی كه‌ركوك بۆ حكومه‌تی ناوه‌ند و ئه‌و لایه‌نانه‌ش تۆمه‌تبارده‌كات كه‌ ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ نابن، به‌ڵام پارتی پێیوایه‌ لایه‌نه‌كانی نێو ئه‌نجومه‌ن شه‌ڕی به‌رژوه‌ندی خۆیان ده‌كه‌ن و ئاماده‌یشیان تیانییه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ كۆبونه‌وه‌كان.

ئەحمەد عەسکەری، ئەندامی یه‌كێتی له‌ لیستی برایەتی نێو ئه‌نجومه‌نی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک، به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "ئه‌وه‌ جاری سێیه‌مه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ناتوانێت‌ بڕیار بدات له‌سه‌ر خه‌ر‌جکردنی بڕی 63 ملیار دیناری پترۆدۆلاری كه‌ركوك، چونكه‌ كۆبونه‌وه‌كان شكستده‌هێنن و ئه‌نجومه‌نی پارێزگا په‌كیكه‌وتووه‌".

وتیشی "بەهۆی ناکۆکییەکانەوە ترسی ئەوه‌مان هەیە بەغدا پارەی که‌رکوک بۆ ناوه‌ند بگه‌ڕێنێته‌وه‌، به‌مه‌ش زیانه‌که‌ ته‌نیا به‌ر خه‌ڵک ده‌که‌وێت و خزمه‌تگوزارییان بۆ ئه‌نجامنادرێت".

بەهۆی ناکۆکییەکانەوە ترسی ئەوه‌مان هەیە بەغدا پارەی که‌رکوک بۆ ناوه‌ند بگه‌ڕێنێته‌وه‌

جگه‌ له‌و 63 ملیار دیناره،‌ 450 ملیار دیناری تری به‌شه‌ بودجه‌ی پارێزگاكه‌ هێشتا خه‌رجكردنی‌ له ‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگا په‌سه‌ندنه‌كراوه.

ئەنجومەنی پارێزگا کە لە 41 ئەندام پێکدێت، 26 ئەندامی لە لیستی برایەتییە (کورد)، تورکمان بە هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننە نۆ ئەندام، پێکهاتەی عەرەبیش شەش ئەندامیان هەیە، هه‌ر کۆبونه‌وه‌یه‌کی ئاسایی پێویستی به‌ ئاماده‌بونی په‌نجا کۆ یه‌کی ئه‌ندامان هه‌یه‌.

مانگی رابردوو راکان سه‌عید، پارێزگاری که‌رکوک به‌وه‌کاله‌ت، داوای واژۆی 15 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی کرد، بۆ خه‌رجکردنی 63 ملیار دینار له‌ بودجه‌ی پترۆدۆلار، به‌ڵام پرسه‌که‌ ناڕه‌زایی لێکه‌وته‌وه‌ و بڕیاردرا له‌ کۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن یه‌کلاییبکرێته‌وه‌.

ئه‌حمه‌د عه‌سکه‌ری وتی "پارەکە زۆرە و خەڵکی کەرکوکیش پێویستی بە خزمەتگوزارییە، بۆیە ئەوانەی ئامادەی کۆبونەوەکان نابن بەرپرسن لە چارەنوسی چۆنیه‌تی مامەڵەکردن بەو بڕە پارەیەوە کە مافی کەرکوکییەکانە".

پارتی كه‌ 11 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی هه‌یه‌، به‌هۆكاری سه‌ره‌كی په‌كخستنی كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا تۆمه‌تبارده‌كرێت.

کامەران کەرکوکی، ئەندامی لیستی برایەتی لەسەر پشکی پارتی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئەو مشتومڕەی لە ئەنجومەن لەسەر بودجه‌ و پترۆدۆلاری پارێزگاكه‌ ده‌كرێت، شەڕی بەرژەوەندییه، چونكه‌‌ بەهۆی زۆری پارەکەوە هەرلایەک دەیەوێت بەشێکی بۆ خۆی لێ بپچڕێت، ئەگەرنا دورو نزیک پەیوەندی بەشەڕی خزمەتکردنی هاوڵاتییانەوە نییە".

وتیشی "ئەوەی رویداوە و رودەدات بە هەدەردانی سامانی گشتییە لە پڕۆژەی وەهمیدا و بەمانای وشە ئیختیلاسە. لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە بەشێوەی ئاشکرا ماڵی گشتی دەدزرێت".

ئەوەی رویداوە و رودەدات بە هەدەردانی سامانی گشتییە لە پڕۆژەی وەهمیدا و بەمانای وشە ئیختیلاسە

لەبارەی تۆمەتبارکردنیان له‌ مه‌ترسی گه‌ڕانه‌وه‌ی پاره‌كه‌ بۆ به‌غدا، كه‌ركوكی وتی "دەپرسین بۆ ئێمە هۆکارین؟ ئێمە بەشێک نین لەو فەزایەی لەو شارە رودەدات و ئامادەش نابین لە دانیشتنێکی وەهای ئه‌نجومه‌ندا به‌شداربین".

هێشتا پارتی دیموكرات پێیوایه‌ كه‌ركوك "داگیركراوه‌ و خیانه‌تی تیاكراوه‌"، ئه‌وه‌ش پاساوی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یانه‌.

كامه‌ران كه‌ركوكی جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی با ئه‌نجومه‌نی پارێزگا چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌وان نه‌كه‌ن، وتی "له‌ گەڕانەوەمان بۆ کەرکوک ژیانمان لەمەترسیدا دەبێت، کێ ژیانمان دەپارێزێت؟".

جگه‌ له‌ پارتی دیموكرات، جه‌مال مه‌و‌لود، سه‌رۆکی کاتی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک بۆ کاروباری دارایی، له‌ پشكی یه‌كێتی تۆمه‌تبارده‌کرێت به‌ شکستهێنان به‌ کۆبونه‌وه‌کانی ئه‌نجومه‌ن، دوای ئه‌وه‌ی له‌ 7ی ئایار به‌شداریی كۆبونه‌وه‌كانی نه‌كرد.

كه‌ركوك/كۆبوینه‌وه‌یه‌كی راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت و جه‌مال مه‌ولود، سه‌رۆكی كاتی ئه‌نجومه‌ن له‌ نیسانی 2019 فۆتۆ: راكه‌یاندنی پارێزگار

 

 

بابەکر سدیق، ئەندامی لیستی برایەتی ئەنجومەنی پارێزگای که‌رکوک له‌ کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا، دوای شکستهێنانی کۆبونه‌وه‌که‌، وتی "بەشێک لە ئەندامان لەلایەن کەس و لایەنی دیاریکراوەوە لەڕێی پەیوەندی تەله‌فونییەوە هەڕەشەیان لێکراوە بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌نه‌بن، ئه‌وه‌ش لەپێناو پەکخستنی دانیشتنه‌کان"، بابه‌کر هیچ رونکردنه‌وه‌یه‌کی زیاتری نه‌دا له‌سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌کان وه‌ک خۆی ده‌ڵێت.

بابه‌کر سدیق که‌ له‌ ‌هه‌مان حزبه‌که‌ی جه‌مال مه‌ولوده‌، ره‌خنه‌ی گرت و وتی "باشە خێرە رۆژانی تر جه‌مال مه‌ولود ته‌ندروستی باشه‌، به‌ڵام هه‌موو سێشه‌ممه‌یه‌ک که‌ کاتی کۆبونه‌وه‌یه‌ نەخۆش دەکەوێت؟"، زیاتر وتی "خودی سەرۆکی ئەنجومەن (جه‌مال مه‌ولود) هەڕەشەی لێکراوە، به‌ڵام بەبیانوی نەخۆشییەوە ئامادەی کۆبونەوەکە نابێت...".

ناكۆكی نێو ماڵی عه‌ره‌ب و تورکمانیش هۆكارێكی تره‌

به‌بێ ئه‌ندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان، یه‌كێتی كه‌ خاوه‌نی 8 كورسییه‌ ده‌توانێت له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و توركمان كه‌ به‌ هه‌ردوكیان 15 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نیان هه‌یه‌، نیسابی یاسایی كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌ن ته‌واوبكه‌ن، به‌ڵام هه‌مان کێشه‌ی نێو لیستی برایه‌تی، روبه‌ڕوی كوتله‌كانی تورکمان و عه‌ره‌بیش بۆته‌وه.

رمله‌ عوبه‌یدی، ئه‌ندامی کوتله‌ی عه‌ره‌بی له‌ ئه‌نجومه‌ن، یه‌کێکه‌ له‌و که‌سانه‌ی دژایه‌تی توندی شێوازی خه‌رجکردنی پاره‌ی پترۆدۆلاری كه‌ركوك و بودجه‌ی پارێزگاكه‌ ده‌كات و پێیوایه‌ ناڕونی هه‌یه‌و ناكرێت به‌و شێوه‌یه‌ په‌سه‌ندبكرێت، ئه‌وه‌ش‌ پێچه‌وانه‌ی بۆچونی ئه‌ندامانی تری کوتله‌که‌یه‌تی و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌وڵی دورخستنه‌وه‌ی ده‌درێت‌ وه‌کو جێگری لیژنه‌ی پڕۆژه‌کانی ئه‌نجومه‌ن.

رملە به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "بەشێک لەوانەی دژی تێبینییەکانی منن لەسەر چۆنییەتی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە پیێیانوایە من هێڵی سورم تێپەڕاندووە، بۆیه‌ داوای گۆڕینم دەکەن، بەڵام من ئامادەنیم بەو خواستەی ئەوان رازیبم ئەگەر خواستێکی ناڕەوای پێکهاتەکەی خۆشم بێت".

من ئامادەنیم بەو خواستەی ئەوان رازیبم ئەگەر خواستێکی ناڕەوای پێکهاتەکەی خۆشم بێت

ئه‌و له‌ڕێی پارێزه‌ره‌که‌یه‌وه‌ پرسه‌که‌ی بردۆته‌ دادگای که‌رکوک بۆ به‌رگریکردن له‌خۆیی و وتی "هەندێک لەو پڕۆژانەی بەناوی ئەوەی لە فەرمانگەکانەوە پێشنیازکراون مۆر و ئیمزای فەرمانگەکەشی لەسەر نییە و رون نییە چۆن کراوە".

ژماره‌یه‌ک ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا پڕۆژه‌یه‌کی 16 خاڵیان له‌باره‌ی خه‌رجکردنی 63 ملیار دیناری پترۆدۆلار ئاماده‌کردووه‌ و ده‌یانه‌وێت له‌ ئه‌نجومه‌ن په‌سه‌ندبکرێت.

نەجات حسێن، یه‌کێکی تره‌ له‌و ئه‌ندامانه‌ی کوتلەی تورکمانی که‌ دژایه‌تی ئه‌و شێوازه‌ی خه‌رجکردنی پاره‌ی که‌رکوک ده‌کات، به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "راکان سه‌عید، پارێزگاری که‌رکوک به‌وه‌کاله‌ت بە ئێمەی وت: وەزارەتی پلاندانان بە ئیدارەی کەرکوکی راگەیاندووە گوایا دەتوانن بەواژۆی تەنها 15 ئەندام مامەڵە بەو پارەیەوە بکەن"، بەڵام نه‌جات وتی "ئەمە لەڕوی یاساییەوە کێشەی دەبێت و شەرعیەتی نابێت. من ئامادەنیم واژۆ لەسەر بابەتێک بکەم کە ناڕونە و ئه‌و پرسه‌ بەندە بە ژیانی هەر تاکێکی ئەم شارە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT