گه‌نجان ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن
ده‌سه‌ڵاتدارانی كه‌ركوك ده‌ست بۆ ئازادییه‌ تاكه‌كه‌سییه‌كان ده‌به‌ن

كه‌ركوك/10ی ئایاری 2019/ پۆلیس له‌كاتی ده‌ستگیركردنی چه‌ند گه‌نجێك دوای ئه‌وه‌ی سێچاره‌كیان له‌پێكردبوو له‌ بازاڕ

كه‌ركوك ناو

"واو لەم بڕیارە، به‌ڕاستى مایەی شانازییە، ئەمە چۆن توانیان بەو هێزە کەمەوە بڕیارێكی وابده‌ن بەبێ هاوپه‌یمانى نێودەوڵەتى دژ بە تیرۆر"، ئه‌مین حه‌كیم، به‌مشێوه گاڵتەجاڕییه‌‌ باسی له‌ بڕیارێكی پۆلیسی كه‌ركوك ده‌كات بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی، پانتۆڵی كورت، سێچاره‌ك و شۆرت.

ئه‌و بڕیاره‌ی پۆلیسی كه‌ركوك كه‌ مێژووه‌كه‌ی بۆ كۆتایی مانگی رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام دوو رۆژە‌ ئاشكراكراوه‌، تیایدا هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی كه‌ركوك بڕیاریانداوه‌ به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی لەبەرکردنی شۆرت، سێچارەک و پانتۆڵی کورت بۆ پیاوان و گەنجان، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی عەقید ئەفراسیاو کامیل، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکوک، بۆ (کەرکوک ناو)، كه‌ تیایدا جه‌ختیكرده‌وه‌ "هەر گەنجێک سەرپێچی بکات دەسگیردەکرێت".

شه‌وی هه‌ینی 10ی ئایار، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك له‌ چوارچێوه‌ی بڕیاره‌كه‌دا چه‌ند گه‌نجێكیان ده‌ستیگركرد.

بڕیاره‌كه‌ كاردانه‌وه‌ی زۆری له‌ تۆڕهە كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان لێكه‌وته‌وه‌، هه‌ندێك به‌ نوكته‌، تانه‌ و ته‌نز دژایه‌تی بڕیاره‌كه‌یان كرد و  پێیانوابوو پێشێلکردنی ئازادی تاكه‌كەسییە‌، به‌ڵام  هەندێکی تر دەڵێن ئه‌وان له‌گه‌ڵ بڕیاره‌كه‌دان و ده‌ستخۆشی له‌ پۆلیس ده‌كه‌ن، پێیانوایه‌ ئه‌وانه‌ی شۆرت و سێچاره‌كه‌ له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان له‌به‌رده‌كه‌ن رەچاوی کلتوری کۆمەڵگه‌یان نه‌كردووه‌.

"دواى ره‌مه‌زان من هه‌ر له‌ ئینكاریی پۆلیس شۆرتێك له‌ پێده‌كه‌م با پیاوبن بێن بمگرن، بزانم حه‌یای 70 ساڵیان ده‌به‌م یان نا"، حه‌مه‌ تاڵانی یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی به‌ توندی دژی بڕیاره‌كه‌یه‌ و له‌ كۆمێنتێكدا له‌ به‌شی كوردی (كه‌ركوك ناو) له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك واینوسیوه‌.

دواى ره‌مه‌زان من هه‌ر له‌ ئینكاریی پۆلیس شۆرتێك له‌ پێده‌كه‌م

هه‌روه‌ها كه‌سێكی تر هه‌ر له‌ كۆمێنتێكدا، ده‌ڵێت "سەیری ئەو ئەقڵییەتە دواکەوتووە بە هەزاران کێشە له‌م شاره‌ هه‌یه‌ و چاره‌سه‌ری ناكه‌ن، هاتون ئه‌م بڕیاره‌ سه‌قه‌ته‌ ده‌ده‌ن، خۆزگه‌ هیچ كێشه‌كمان نه‌بوایه‌".

بڕیاره‌كه‌ی هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی كه‌ركوك پێشێلكردنی‌ ئازادی پۆشینی جلوبه‌رگه‌، كه‌ هیچ یاسایه‌ك و ده‌ستوری عیراقیش رێگریی نه‌كردووه‌.

به‌هار مونزیر، چالاكوانی مه‌ده‌نی، له‌ كۆمێنتێكیدا له‌وباره‌یه‌وه‌، ده‌ڵێت "ئه‌مه‌ رێگرتنە لە ئازادی پۆشین، دەبیت مرۆڤەکان ئازادبن چی دەپۆشن و چی له‌به‌رده‌كه‌ن..."، له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌شه‌وه‌ وتی "بڕیارێکی دواكه‌وتووانه‌یه‌ و رێگریكردنه‌ له‌ئازادی گه‌نجه‌كان، كه‌ سه‌رده‌می حزبی به‌عسیش ئازاد نه‌بووه‌ هه‌ندێك جل بپۆشن".

چه‌ند گه‌نجێك به‌هۆی له‌به‌ركردنی سێچاره‌ك، پانتۆڵی كورت و شۆرت له‌لایه‌ن هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌ستگیركراون

 

ئه‌و پرسیار ده‌كات "ئیتر دەبێت هەموو عەبا بپۆشن وەڪ ئێران؟".

به‌شێكی تریش له‌ كۆمێنته‌كان، به‌هه‌مان شێوه‌ی به‌هار مونزیر، ده‌ڵێن ناكرێت كه‌ركوك یان عیراقیش وه‌ك حكومه‌تی ئێران بڕیار له‌سه‌ر جلوبه‌رگه‌كانیشمان بدات. یه‌كێك له‌وانه‌ نوسیویه‌تی "ده‌یانه‌وێت ئێره‌ وه‌ک ئێران لێبکه‌ن، سیاسه‌تی ئێران جێبه‌جێده‌که‌ن".

هه‌ندێكی تر به‌ ته‌نزه‌وه‌ ره‌خنه‌ ده‌گرن، "ئێستا شه‌رواڵ له‌پێبكه‌ین یان دشداشه‌".

ئێستا شه‌رواڵ له‌پێبكه‌ین یان دشداشه‌

به‌ڵام باوه‌ڕ‌ عه‌بدولڕە‌حمان له‌ كۆمێنتێكدا له‌ په‌یجی كوردی (كه‌ركوك ناو) له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك له‌گه‌ڵ یه‌كێكی تردا بۆچونی خۆیان ده‌ڵێن و ده‌ڵێت "براکەم مەسەلە حکومەت و دەسەڵات نییە، مرۆڤ دەبێت رەچاوی کلتوری کۆمەڵگه‌کەی بکات بۆ نمونە تۆ ئەگەر باوکت یان کەسێکی ئەزیزت رای تۆ وەربگرێت بڵێت بەڕای تۆ چۆنە بە سێ چارەکەوە بچم بۆ بازاڕ دڵنیام ده‌ڵێ مه‌چۆ. بەڵام بۆ سەیرانێک بۆ شوێنێکی تایبەت ئاساییە"، باوه‌ڕ یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی پشتگیری لە بڕیاره‌كه‌ی پۆلیس ده‌كات.

هێشتا وه‌ڵامی پۆلیس بۆ ئه‌و كاردانه‌وانه‌ رون نییه‌، كه‌ له‌كاتێكدایه‌ عەقید ئەفراسیاو کامیل، وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک، ده‌ڵێت "بڕیارەکە تەنیا بۆ مانگی رەمەزان نییە و لە دوای ڕەمەزانیش کاری پێدەکرێت و ئه‌وه‌ی پابه‌ندنه‌بێت ده‌ستگیرده‌كرێت".

بڕیاره‌كه‌ی پۆلیس، قەدەغەکردنی هاتوچۆی ماتۆڕسكیلیشی تێدایه‌ لە کاتژمێر 7ی ئێواره‌ بۆ 5ی بەرەبەیان، تەنیا ئەو ماتۆڕانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ خواردن لە چێشتخانەکانەوە بۆ ماڵان ده‌گوازنه‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT