ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، مه‌نسور مهرعیدی وه‌ك پارێزگاری نوێی نه‌ینه‌وا و سیروان رۆژبه‌یانی وه‌ك جێگری یه‌كه‌می هه‌ڵبژارد، ئه‌وه‌ش له دانیشتنێكدا به ئاماده‌بونی 28 ئه‌ندام.
ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه 13ی ئایار ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا به ئاماده‌بونی 28 ئه‌ندام له كۆی 39 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن كۆبۆوه بۆ هه‌ڵبژاردنی پارێزگار و جێگره‌كانی، له نێو ده‌یان كاندید كه بۆ ئه‌و سێ پۆسته خۆیان كاندید كرد.
له دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌ندا كه په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو، مه‌نسور مه‌رعید، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق به كۆی ده‌نگی ئاماده‌بوان وه‌ك پارێزگاری نوێی نه‌ینه‌وا هه‌ڵبژێردرا.
هه‌ر له‌و دانیشتنه‌دا سیروان محه‌مه‌د خدر، به ده‌نگی 26 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا وه‌ك جێگری یه‌كه‌می پارێزگار هه‌ڵبژێردرا.
ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، هه‌ڵبژاردنی جێگری دوه‌می پارێزگاری دواخست بۆ دانیشتنی داهاتوو.
ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، به تۆمه‌تی هه‌بونی گه‌نده‌ڵی و گۆڕینی رێككه‌وتنه‌كان، بایكۆتی دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نیان كرد.
پۆسته باڵاكانی نه‌ینه‌وا له ساڵی 2013 به‌پێی رێککه‌وتنێکی سیاسی نێو کوتله‌کانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا دابه‌شكرا.
به‌پێی رێککه‌وتنه‌که پارێزگار بۆ عه‌ره‌بی سونه، جێگری یه‌که‌م بۆ کورد و جێگری دووه‌م بۆ عه‌ره‌بی سونه بوو، هه‌روه‌ها سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌ن بۆ کورد و جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌ن بۆ تورکمان.
ناوه‌ڕاستی نیسانی ئه‌مساڵ، ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به فه‌رمی ده‌رگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی پارێزگاری نه‌ینه‌وا و جێگره‌كانی كرده‌وه، به‌هۆی چۆڵبونی ئه‌و پۆستانه بۆ زیاتر له مانگێك.
له 24ی ئازار، په‌رله‌مانی عیراق، بڕیاریدا به دورخستنه‌وه‌ی نه‌وفڵ حه‌مادی سوڵتان، پارێزگاری نه‌ینه‌وا و هه‌ردوو جێگره‌که‌ی، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر پێشنیاری سه‌رۆکوه‌زیران و به‌تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی.
بریاره‌كه‌ی په‌رله‌مان دوای نقومبونی به‌له‌مێكی گه‌شتیاری هات له روباری دیجله، كه ئێواره‌ی 21ی ئازار به زیاتر له 280 كه‌سه‌وه هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه و ته‌نیا نزیكه‌ی 70 كه‌س رزگاریان بوو، ئه‌وانیتر زیاتر له نیوه هێشتا ته‌رمه‌كانیشیان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه.
هه‌وڵه‌كانی دانانی پارێزگار هاوكاته له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، ئه‌وه‌ش له‌رێی په‌رله‌مانی عیراقه‌وه، كه هه‌فته‌ی رابردوو شكستیهێنا له گفتوگۆ و ده‌نگدان له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه و ئه‌و دۆسیه‌یه‌ی دواخست، به‌هۆی دروستبونی ناكۆكی له نێوان كوتله جیاوازه‌كاندا.