شۆفێرێكی ته‌كسی به‌ناوی دلێر نه‌جم، له بۆسه‌ی چه‌كدارانی نه‌ناسراو له گوندێكی قه‌زای خانه‌قین ده‌كوژرێت و به ئۆتۆمبێله‌كه‌یه‌وه ده‌سوتێنرێت. باوكی ده‌یه‌وێت فریای كوڕه‌كه‌ی بكه‌وێت، ئه‌ویش فیشه‌كێكی به‌رده‌كه‌وێت و گیانله‌ده‌ستده‌دات.
روداوه‌كه كاتژمێر 10:40 خوله‌كی شەوی رابردوو 12ی ئایار لە گوندی حەبیب عەبدوڵای سنوری خانەقین رویدا.
رەشید ئیبراهیم، مامی دلێر نه‌جم، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌وكاته‌ی دلێر به ته‌كسییه‌كه‌ی له خانه‌قینه‌وه گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ گونده‌كه‌مان بۆ ماڵی خۆی، لەسەر رێگای گوندەکە کەوتۆتە بۆسەی تیرۆریستانی داعش و کوژراوە، دواتر هه‌ر له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا سوتێنراوه".
به‌وته‌ی ره‌شید، پاش ئەوەی دەنگی تەقە گه‌یشتۆته گونده‌كه، نه‌جم-ی برای كه ده‌كاته باوكی دلێر ویستویەتی فریای کوڕەکەی بکەوێت، "به‌ڵام ئه‌ویش فیشەکێکی بەردهكهوێت و گیانله‌ده‌ستده‌دات".
ره‌شید وتی "نازانین چۆن و بە فیشەکی کێ نه‌جم کوژراوە، چونکە له‌وكاته‌ی ده‌نگی ته‌قه هاتووه له نزیك گونده‌كه پێکدادان و شەڕ دروستبوو لە نێوان چه‌كدارانی حەشد و داعش".
دلێر نه‌جم، شۆفێری ته‌كسییه‌كه 42 ساڵه‌و خاوه‌نی چوار منداڵه، ته‌مه‌نیان له 15 ساڵ كه‌متره، ئه‌و كادیری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانه و شۆفێری ته‌كسی ده‌كات، باوكیشی هه‌ر نیشته‌جێی گونده‌كه‌یه.
به‌هۆی دروستبونی گرژیی و شه‌ڕ له‌ناوچه‌كه، هێزه ئه‌منییه‌كان رێگه‌یان به كه‌سوكاری دلێر و باوكی نه‌داوه بچن ته‌رمه‌كه‌یان ههڵگردنهوه، تا به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 13ی ئایار و كاتژمێر 6:30 ته‌رمه‌كان ره‌وانه‌ی پزیشكی دادوه‌ری خانه‌قین كراون.
"دلێر به ئۆتۆمبێله‌كه‌یه‌وه سوتێنرابوو، نه‌جم-ی براشم پێده‌چێت سه‌ره‌تا برینداربوبێت و دواتر به‌هۆی ئه‌وه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان رێگه‌یاننه‌دا بچین به‌هانایانه‌وه تا به‌یانی گیانیله‌ده‌ستداوه"، ره‌شید وایوت.
كاتژمێر چواری ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ ته‌رمی ئه‌و كوڕ و باوكه به‌خاكسپێردران.
شێخ ئازاد ئەحمەد کەسایەتی عەشیرەتی سورە مێری له‌و ناوچه‌یه، بە (کەرکوک ناو)ی وت "نەجم عەبدوڵا، باوکی دلێر سه‌ره‌تا بریندار بووە و توشی خوێنبەربون بووە، بەڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی هێزە ئەمنییەکان له‌وانه‌ش چه‌كدارانی حەشد نەیانهێشتووە كه‌س بچیته شوێنی روداوه‌كه گیانیله‌ده‌ستداوه".
شێخ ئازاد ئەحمەد، بەناوی گوندە کوردنشییەکانی ناوچەکەوه داوادەکات حکومەتی هەرێمی كوردستان و حکومەتی ناوەندی فریای دێهاتەکانی خانه‌قین بكه‌ون. كه زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی كوردن و ناوبه‌ناو روبه‌ڕوی هێرشی چه‌كدارانی نه‌ناسراو ده‌بنه‌وه.
"پێمانوایه ئه‌وه كاری داعشه، ئه‌وان لە ناوچەكه جموجۆڵیان هەیه و بەشێوەیەکی بەردەوام هێرش و کرده‌وه‌ی تیرۆریستی ئەنجامدەدەن... ده‌مانه‌وێت گیان و ماڵمان بپارێزرێت"، شێخ ئه‌حمه‌د وایوت.
ده‌مانه‌وێت گیان و ماڵمان بپارێزرێت
چه‌كدارانی نه‌ناسراو ناوبه‌ناو له گونده‌كانی خانه‌قین هێرشی چه‌كداریی ئه‌نجامده‌ده‌ن و گوندنیشنان ده‌كه‌نه ئامانج. سه‌دان خێزان گونده‌كانیان جێهێشتووه و تائێستا سێ گوند به‌ته‌واوی چۆڵكراون، به‌پێی راپۆرتێكی پێشوی (كه‌ركوك ناو).
حەمزە ئیسماعیل، خەڵكی گوندی حەبیب عەبدوڵا بە (کەرکوک ناو)ی وت "بەهۆی روداوە ئەمنییەکان دەیان خێزان لە گوندی حەبیب عەبدوڵا كۆچییان كردووه و منیش یەکێکم لەو خێزانانە کە گوندەکەم بەجێهێشتووە".
هێشتا رون نییه، ئه‌و چه‌كدارانه داعش بون یان نا، هه‌رچه‌نده خه‌ڵكی گونده‌كه پێیوایه كاری چهكددارانی ئه‌و رێكخراوه‌یه.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی خانەقین له‌باره‌ی روداوه‌كه‌ی شه‌وی رابردوو، بە (کەرکوک ناو)ی وت "ناوچەکانی دەوروبەری خانەقین لە دەرەوەی دەسەڵاتی پۆلیسی خانەقین و لە ئەستۆی حەشدی شەعبی و سوپای عیراقن، بۆیە هیچ وردەکاری رووداوه‌كه لای ئێمە نییە، بەڵام پەراوی لێکۆڵینەوە بۆ روداوەکە کراوەتەوە".