فه‌رمانده‌یی پۆلیسی فیدراڵی، بڕیاریداوه هێزی زیاتر ره‌وانه‌ی پارێزگای كه‌ركوك بكات، ئه‌وه‌ش به‌ئامانجی ئه‌نجامدانی چه‌ند ئۆپه‌راسیۆنێك و دوای زنجیره‌یه‌ك هێرشی چه‌كداریی به تایبه‌ت له سنوری حه‌ویجه.
بڕیاره‌كه‌ی پۆلیسی فیدراڵی، دوابه‌دوای داواكاری لێپرسراوانی قه‌زای حه‌ویجه و روداوه‌كانی ئه‌مدواییه هات، كه به‌هۆیه‌وه ژماره‌یه‌ك چه‌كداری ئه‌و هێزه كوژران، ئەوەش لە چه‌ند هێرشێكی چەكداری نەناسراودا و گوماندەكرێت سەر بە داعش بن.
له دوایین روداودا چوار ئەفسەری پۆلیسی فیدراڵی كاتژمێر شەشی ئێوارەی چوارشەممە 15ی ئایاری 2019 كوژران، لە گوندی توم سیلان، سەر بە ناحیەی ریاز، دوو كارمەندی هه‌مان هێزیش لە روداوێكی تردا بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە كوژران لە ناحیەی رەشاد، كە دەكەونە باشوری خۆرئاوای كەركوك.
ناجی حەواس، سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای حەویجە به (كه‌ركوك ناو)ی وت "شەوانە داعش كردەوەی تیرۆریستی ئەنجامدەدەن و دواتر هەڵدێن، بۆ نمونە شەوی ڕابردوو كارمه‌نده‌كانی پۆلیسی فیدراڵی بە ئۆتۆمبێلی مەدەنی له‌كاتی تێپەربونیان لە شەقامێكی كشتوكاڵی لە گوندێكی سەر بە ناحیەی ڕیاز تیرۆریستان زەفەریان پێیان برد".
"بهخۆشحاڵیەوە هەواڵمان پێگەیشتووه بڕیاره دوو لیوای پۆلیسی فیدراڵی بگه‌نه سنوری قەزای حەویجە و دەوروبەری" به‌وته‌ی حه‌واس، كه داواشیكرد ئه‌و هێزه به‌زوترین كات هه‌ڵمه‌تی گه‌ڕان و پشكنین ده‌ستپێبكه‌ن تا سنوره‌كه له مه‌ترسی چه‌كداران پاكبكه‌نه‌وه.
شەوی 6ی ئایاری ئه‌مساڵیش، ژماره‌یه‌ك چه‌كدار هێرشیانكرده سه‌ر خاڵێكی سه‌ربازیی پۆلیسی فیدراڵی، ئه‌وه‌ش له گوندی كه‌ڵوڕ له رێگای نێوان كه‌ركوك-هه‌ولێر له ناحیه‌ی پردێ (ئاڵتون كۆپری-42كم باكوری كه‌ركوك)، بەهۆیەوە ئەفسەرێك و سێ كارمەندی پۆلیسی فیدراڵی كوژران.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی بۆ (كه‌ركوك ناو) ئاشكرایكرد، ئه‌وان به‌رانبه‌ر روداوه‌كانی ئه‌مدواییه بێده‌نگ نابن و تۆڵه‌ی كارمه‌نده‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه، بۆیه ئۆپه‌راسیۆنی به‌رفراوانیان ده‌بێت له كه‌ركوك و هێزی پێویست به‌شداری تێداده‌كه‌ن.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی (كه‌ركوك ناو) له سه‌رچاوه ئه‌منییه‌كانه‌وه ده‌ستی كه‌وتون، بڕیاره له‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 16ی ئایاره‌وه هێزی زیاتری پۆلیسی فیدراڵی له شاری به‌غداوه ره‌وانه‌ی پارێزگای كه‌ركوك بكرێن، تا بچنه سنوری قه‌زای حه‌ویجه.
هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی، سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراقین و له دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه ئه‌منیه‌تی به‌شێك له ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری پارێزگای كه‌ركوكیان گرتۆته‌ده‌ست.
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای حه‌ویجه ده‌ڵێت داواكاریی ئه‌وان بۆ زیادكردنی هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی، به‌هۆی به‌رفراوانی ناوچه‌كه‌وه‌یه، كه كراوه‌یه به‌ڕوی تكریت و زنجیره چیاكانی حه‌مرین، بۆیه پێشێلكاری ئه‌منی روده‌دات و داوامانكردوه به هێزی زیاتر ناوچه دورهدهستهكانیش له‌روی ئه‌منیه‌وه كۆنتڕۆڵبكرێن.
لێپرسراوان، كه‌سایه‌تی و هۆزه‌كانی سنوری حه‌ویجه، پێشتریش بۆ زیاد له‌جارێك داوای هێزی زیاتریان بۆ قه‌زاكه كردووه، له نێویاندا پێكهێنانی هێزێكی تایبه‌ت به‌و ناوچه‌یه به ئامانجی نه‌هێشتنی مه‌ترسی و هێنانه‌دی سه‌قامگیری.
به‌رده‌وامی روداوه ئه‌منییه‌كان له كاتێكدایه، زیاتر له ساڵێك و نیوه كۆتاییهاتنی داعش له ته‌واوی عیراقدا راگه‌یه‌ندراوه، به‌ڵام هێشتا جموجۆڵی چه‌كداریی هه‌یه، به تایبه‌ت له ناوچه‌كانی جێناكۆك.
روداوه‌كان هەروەها دوای كەمتر لە مانگێك دێن له په‌یامه‌كه‌ی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، كه بۆ یه‌كه‌مجار له دوای ساڵی 2014و له‌وكاته‌ی له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی موسڵ خه‌لافه‌ته‌كه‌ی راگه‌یاند، جارێكی‌تر له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیدا ده‌ركه‌وت و چه‌ند په‌یامێكی بۆ چهكدارانیی داعش و كۆمه‌ڵگه‌ی جیهان نارد.