راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت رێكاره ئیدارییه‌كان له گوندی په‌ڵكانه به یاسایی ناوده‌بات و پێیوایه به‌شێك له دانیشتوانی ئێستای خه‌ڵكی مه‌هابادی ئێرانن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داوای ئاشته‌وایی ده‌كات و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به هاوبه‌شێكی سه‌ركه‌وتوو ناوده‌بات.
وته‌كانی جبوری، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 19ی ئایار له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا هات كه په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو، بۆ خستنه‌ڕوی دواهه‌ڵوێستی ئیداره‌ی كه‌ركوك له‌سه‌ر چه‌ند پرسێك، له نێویاندا ئاڵۆزییه‌كانی سه‌رگه‌ڕان.
گوندی په‌ڵكانه
پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت له‌باره‌ی گوندی په‌ڵكانه‌وه وتی "خه‌ڵكی ناوچه‌كه له عه‌شیره‌تی شه‌ممه‌رن و ناوچه‌ی ئه‌وان دوبز، سه‌رگه‌ڕانه و به‌شێك نین له‌وانه‌ی مادده‌ی 140 ده‌یانگرێته‌وه، پێشتریش دادگا به‌پێی یاسا زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كانی پێداونه‌ته‌وه و گرێبه‌ستیان هه‌یه".
"به‌شێك له دانیشتوانی ئێستا په‌ڵكانه، كه 13 خێزانن، حه‌وتیان له شاری مه‌هابادی ئێرانه‌وه هاتون، دوو خێزان له مه‌خمور و دووانی دیكه‌ش له هه‌ولێره‌وه، له‌گه‌ڵ چه‌ند خێزانێك له سوریاوه كه خانوی خه‌ڵكی ره‌سه‌نی گونده‌گه‌یان داگیركردووه".
راكان جبوری ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو پێشتر رێككه‌وتن كراوه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی گرێبه‌سته كشتوكاڵییه‌كان، "هه‌ركه‌سێك هه‌ست به زوڵم ده‌كات لێی كرابێت ده‌توانن بگه‌ڕێته‌وه بۆ دادگا تا مافی وه‌ربگرێته‌وه".
هه‌روه‌ها داوای ناردنی لیژنه‌یه‌كی حكومی یان په‌رله‌مانی كرد بۆ ده‌رخستنی راستیه‌كان و به‌دواداچونی مه‌یدانی.
سێشه‌ممه 14ی ئایار، زیاتر له 100 هاوڵاتی هۆزی شه‌ممه‌ر به حه‌وت ئۆتۆمبێلەوە گه‌یشتنه خه‌ڵكی گوندی په‌ڵكانه له ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان، داوایان له خێزانه كورده‌كان كرد سنوره‌كه جێبهێڵن، به‌پاساوی ئه‌وه‌ی موڵكی ئه‌وانه، له‌كاتێكدا كوردیش خۆی به خاوه‌ن ماف ده‌زانێت.
په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ حزبه‌كان
پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت، جه‌ختیكرده‌وه له ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ حزبه سیاسیه‌كاندا، به‌تایبه‌ت حزبه كوردستانییه‌كان.
راكان سه‌عید جبوری ده‌ڵێت په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كراوه‌یه و به هاوبه‌شێكی سه‌ركه‌وتوو وه‌سفی كردن.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه یه‌كێتی بۆ ماوه‌ی زیاتر له ساڵێك هه‌وڵیدا پۆستی پارێزگار له جبوری وه‌ربگرێته‌وه كه به پشكی خۆی ده‌زانێت به‌ڵام هه‌وڵه‌كانی بێ ئاكام بون.
راكان جبوری ده‌ڵێت لێكتێگه‌یشتن هه‌یه له‌نێوان پێكهاته‌كان ده‌رباره‌ی دابه‌شكردنی پۆسته‌كان، رونیكرده‌وه كه دانوستان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی هه‌یه و له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستانیش گفتوگۆ و دانوستان هه‌یه، له‌رێی لیژنه‌یه‌كی په‌رله‌مانی نوێنه‌رانی كه‌ركوك.
پارتی كه له‌دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ كه‌ركوك، داوای ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی پارێزگاكه ده‌كه‌ن.
بودجه
پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت له كۆنگره رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا باسی له بودجه و پاره‌ی پرۆژه‌كان كرد، كه هێشتا ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر نه‌داوه.
"ئه‌وه‌ی ئاماده‌كراوه له پلانی بودجه بۆ ئه‌مساڵ خزمه‌تگوزاری گه‌وره‌ی تێدایه و گرنگی زۆر دراوه به شار و پرۆژه‌كانی شاره‌وانی كه‌ركوك" راكان سه‌عید داواشیكرد ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بده‌ن یان واژۆ بۆ خه‌رجكردنی كۆبكه‌نه‌وه.
ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، سێ‌جار شكستیهێنا له ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌ی بۆ تاوتوێی بودجه‌ی شاره‌كه، به‌هۆی ئاماده‌نه‌بونی رێژه‌ی یاسایی ئه‌ندامانه‌وه.
پارێزگار په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی به پێویست زانی بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌كان، له‌گه‌ل چاككردنه‌وه‌ی كه‌رته‌كانی تری وه‌ك كاره‌با، هێڵه‌كانی ئاو و رێگاوبان و ته‌ندروستی.
له سه‌ره‌تای مانگی نیسان، راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت، داوای له ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن كرد، ره‌زامه‌ندی نیشان بده‌ن بۆ خه‌رجكردنی 63 ملیار دینار بۆ پڕۆژه‌كان، له‌كاتێكدا پڕۆژه‌كان ده‌رخسته‌یان بۆ نه‌كرابوو، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی به‌دواداهات له نێویاندا لیژنه‌ی پڕۆژه‌كان و كێشه‌ی له‌ناو كوتله‌ی عه‌ره‌بیشدا دروستكردووه.