لە گروپ چاتی پەیامنێران و ژوری هەواڵی (كەركوك ناو) گفتوگۆ دەكرا لەسەر ئەوەی كێ دەتوانێت روماڵی كێشەی زەوی وزاری گوندێک بکات لە نێوان عەرەب و كورد لە گوندی پەڵكانەی كەركوك، لەوكاتەدا هەندێك كەناڵی ئاسمانی مانشێتی دەستپێكردنی شەڕی كورد و عەرەبیان لەو گوندە بڵاوكردەوە.
من لەوكاتەدا 14ی ئایار لە روماڵی دۆسیەیيەكی پەروەردەی كەركوك بوم، كە ناڕەزایی فراوان هەبوو لەسەر بەدواداچونی پەرلەمانتارێك گوایا "گەندەڵیی هەیە" لە پرسی ژمارەی راستەقینەی وانەبێژاندا، لەگەڵ ئەوەشدا بێ دودڵی لە گروپ چاتەكەدا نوسیم: من دەڕۆم بۆ پەڵكانە.
دوای یەك دوو تەلەفۆن لەگەڵ ژوری هەواڵدا، چۆن و بەكوێدا دەڕۆیت؟ چی روماڵ دەكەیت؟ هەر وەك هەموو جار پێیانوتم: ئاگات لەخۆت بێت. ئیتر دۆسیەی پەڵكانە رادەستی من كرا و بە ئۆتۆمبێلەكەی خۆم، كاتژمێر یەكی دوای نیوەڕۆ بەڕێكەوتم و بە بازگەكانی پۆلیس و سوپادا تێپەڕبوم.
بۆ گەیشتن بە پەڵكانە پێویستم بە بڕینی 55كم هەبوو بە ئاراستەی باكوری خۆرئاوای كەركوك، بەڵام من رێگایەكی دورترم بڕی، چونكە رێگای سەرەكی گەیشتن بە گوندەكە لەلایەن هاوڵاتیانەوە گیرابوو، بۆیە رێگای دارستانی شەناغەم هەڵبژارد، بەوەش 10كم دورتركەوتەوە.
گوندێکی چۆڵ و نائاسایی
رێگاكە چۆڵبوو، تەنیا هەر پێنج خولەكێك ئۆتۆمبێلێكی كێڵگەی نەوتی هاڤانە تێپەڕدەبوو، كە گەیشتمە گوندەكە دۆخەكە ئاسایی نەبوو، ناڕەزایی هەبوو، ئۆتۆمبێلی سەربازی لەناو گوندەكە هاتوچۆیان دەكرد و بەشێك لە خەڵك لە ماڵەكانیان نەدەهاتنە دەرەوە.
كورتەی چیرۆكی كێشەكە ئەوەیە ژمارەیەك هاوڵاتیانی عەرەب كە بە 200 كەس مەزەندەدەكران، چوبونە ناو گوندەكەوە و داوایان دەكرد خێزانە كوردەكان ناوچەكە چۆڵبكەن، بە پاساوی ئەوەی موڵكی خۆیانە، ئەم كێشەیە درێژكراوەی كێشەی موڵكدارێتییە لە سەردەمی حزبی بەعس لە كۆتایی سەدەی رابردوەوە دەستپێكردوە و چارەسەرنەكراوە.
لەوكاتەی من گەیشتمە گوندەكە سوپا دەستوەردانی كردبوو، ژمارەیەك هاوڵاتی لە هەردوو بەرەکە دەستگیركردبوو.
سوپا دەستوەردانی كردبوو، ژمارەیەك هاوڵاتی لە هەردوو بەرەکە دەستگیركردبوو
لەناو گوند پەیوەندیم بەو كەسانەوە كرد كە بەر لە گەیشتنم لە كەركوكەوە قسەم لەگەڵ كردبون و داوایاندەكرد كێشەی گوندەكە بڵاوببێتەوە.
ویستم دەستبكەم بە وێنەگرتن و گفتوگۆکردن لەگەڵ خەڵكەكەدا، لەوكاتەش تیمی كەناڵی ئاسمانی NRT ئاسۆ ئەحمەد پەیامنێر و وێنگرەكەی هاوتا بەهرۆز، هاتنە ناو گوندەكەوە و ئەوانیش كامێرایان داگرت بۆ وێنەگرتن؛ هەمەرێكی سەربازیی سەر بە ئۆپەراسیۆنی سەڵاحەدین داوای مۆڵەتی ئۆپەراسیۆنەكەی كرد و وتیان "ئێرە ناوچەی سەربازییە".
ئەوە بۆ یەكەمجار بوو ببیستم ئەو ناوچەیە سەربازییە، لەكاتێكدا ناوچەكە خەڵكی لێیە و دەیان گوند و جوتیار تێیدا دەژین، تەنانەت لە بازگەكەش هیچ ئاماژەیەكیان بە سەربازیبونی ئەو ناوچەیە نەدا.
بۆیە رومكردە فەرماندەكەیان و وتم: ئێرە خەڵكی لێ دەژیت و كێشەیان هەیە، ئێمەش رۆژنامەنوسین و هاتوین رۆماڵی كێشەكەیان بكەین. لەوكاتەدا باجەكەم نیشاندا، فەرماندەكە دەستیكرد بە پەیوەندی لەگەڵ سەروی خۆی لە بارەگای فەوج، بۆ ماوەی یەك كاتژمێر لە گەرمای 40 پلەدا رایانگرتین، بۆمان نەبوو بە كامێرا و مۆبایلیش وێنەبگرین.
كاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆ بوو، هەستمانكرد دۆخەكە بۆ ئێمە ئاسایی نییە، چەند جارێك جەختیاندەكردەوە كە ئایا وێنە و ڤیدیۆمان گرتووە یان نا، بۆیە پەیوەندیم بە ژوری هەواڵەوە كرد و لەو دۆخەكە ئاگادارم كردنەوە.
هێشتا خێزانە عەرەبەكان بە ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز لەناو گوندەكە هاتوچۆیان دەكرد؛ لە تەنیشت ئێمەوە گەنجێك كە جلوبەرگی پۆلیسی نەوتی لەبەربوو لەگەڵ دایكی لەبەر گەرماكە وەستابون، كاتێك فەرماندەكە پێیوتن بۆ وەستاون و ناچنەوە ماڵەوە، وتیان خێزانێكی عەرەب چونەتە سەر ماڵەكەمان و ناهێڵن بچینە ژورەوە؛ فەرماندەكە چوو ماڵە عەرەبەكەی دەركرد و خێزانە كوردەكە چونەوە ماڵی خۆیان.
هەر لەبەرچاوی ئێمە ژنێكی بەتەمەن لەبەر گەرماكە بورایەوە و كەوت بە زەویدا.
لەو سەروبەندەدا، ئەفسەرێك بەناوی سەجاد، جارێكی تر پرسیاری كرد لەوەی وێنەو ڤیدیۆمان گرتووە یان نا؟ دواتر وتی كەس لێینەداون؟ ئیتر وتی: دەتوانن ئێرە جێبهێڵن و بڕۆن، ئێمەش تا بازگەكە لە گەڵتاندەبین.
چیرۆکەکە دەستپێدەکاتەوە
من و تیمی (NRT) چوینە ئۆتۆمبێلەكانی خۆمانەوە و بەڕێكەوتین، بەڵام دوای چەند كیلۆمەترێك هەمەرەكەی سوپای عیراق پێشمانكەوتەوە و وتی: دەبێ بچینە بارەگای فەوج بۆ لێكۆڵینەوە.
لە بارەگای فەوج، کامێرا، مۆبایل و ناسنامەكانیان لێسەندین؛ لە ژوری مقەدەم روكن، وەلا سەباح عزی، لێكۆڵینەوە دەستیپێكرد و وتی: ئێوە پێشێلكاریتان ئەنجامداوە و هاتونەتە ناوچەی دەسەڵاتمان بێ ئاگاداری ئێمە؛ هەروەها ئێوە راستەوخۆتان كردووە.
وتی: ئێوە پێشێلكاریتان ئەنجامداوە و هاتونەتە ناوچەی دەسەڵاتمان بێ ئاگاداری ئێمە
لێكۆڵینەوە تا کاتژمێر چوار و نیوی ئێوارەی خەیاند، سەیری پەیجی كەركوك ناو و NRT یان دەكرد، بەرلەوەی كۆبونەوە تەواوبێت مۆبایلەكانیان پێداینەوە و وتیان بۆ ئەوەی خێزان و دەزگاكانتان بزانن لێرەن.
لە بارەگای فەوج، دوای لێكۆڵینەوە ئێمەیان جارێكی تر رادەستی، ئەو سەجاد ناوە كردەوە كە لە گوندی پەڵكانە لەگەڵمان بوو؛ فەرماندەكە وتی: رەوانەی پۆلیسی سەرگەڕانیان بكەن بۆ ئەوەی ئازادیان بكەن.
سەرگەڕان یەكێكە لە ناحیەكانی سەر بە قەزای دوبز لە خۆرئاوای كەركوك.
هەر یەكەو بە ئۆتۆمبێلی خۆمان و هەر ئۆتۆمبێلە و سەربازێكیان لەگەڵدا سەرخستین، بەڵام جارێكی تر ناچاریان كردین بچینەوە ناو گوندەكە.
سوكایەتی لە پەڵكانە دەستپێدەكات
لەنێو گوندی پەڵكانە، رایانگرتین و كردیانینە پشتی پیكابێكی سەربازییەوە، بە بەرچاوی ئێمەوە ماڵە عەرەبەكانیان دەردەكرد كە هەمان رۆژ چوبونە نێو سەر ماڵ و خانوی خێزانە كوردەكان؛ بەڵام رێگەیان نەدەدا وێنەیان بگرین.
خێزانە عەرەبەكانیان دەگواستەوە، بەڵام نەماندەزانی بۆ كوێ دەیانگوازنەوە.
لەوكاتەدا بە كوردی پرسیارم لە هاوڵاتییەكی كورد كرد و وتم: چەند ماڵە كورد لەم گوندە دەركراون؛ بەڵام ئەفسەرێك بەناوی قاسم هاواری کردە سەرم و پێیوتم بۆت نییە بە كوردی قسە بكەیت، منیش وتم ئەوە زمانی دایكمە و دەستوری رێگەی پێداوە. بەڵام ئەو وتی "نەخێر فەرمی نییە و كە من عەرەبم دەبێت هەموان ناچاربن بە عەرەبی قسەبكەن، ئەگەرنا پۆستاڵ دەخەمە دەمتەوە".
لەوكاتەدا سەربازێك وتی: یەك یەك دایانگرن و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكەن، ئەوەبوو هەر لەو گوندە پەنجەمۆر، بەڵێننامە و واژۆیان پێكردین و وتیان بەپێی ماددەی 240ی یاسای سزادانی عیراقی دەستگیركراون.
بەپێی ماددەكە هەركەسێك پێشیلی فەرمانێك بكات كە لە فەرمانبەرێك یان راسپێردراو بە خزمەتی گشتی، یان لە ئەنجومەنی شارەوانییەكان، یان لە دەستەیەكی رەسمییەوە دەرچوبێت، لە سنوری دەسەڵاتی یاساییاندا ئەوە سزادەدرێت بە زینداینكردن لە شەش مانگ زیاتر نەبێت.
رۆژنامەنوسەكان و ئەو خەڵكەی لە گوندەكە دەستگیركرابون، جارێكی تر پێكەوە سەرخرانە پشتی ئۆتۆمبێلە سەربازییەكان.
كات گەیشتە شەشی ئێوارە، لەوكاتەدا لە نێو سەربازەكاندا ببوو بە هەراو وتیان ئامر فەوج دێت و چەند ئۆتۆمبێلێك گەیشتنە گوندەكە.
موقدم روکن وەلا سەباح عزی، لەگەڵ دابەزینی لە ئۆتۆمبێلەكەی، نزیكبۆوە لەو سەربازەی بۆ یەكەمجار ئێمەی دەستگیركرد، وتی : سەجاد كێ بەبیری دێت من پێموتی ئەم رۆژنامەنوسانە ببە بۆ پۆلیسی سەرگەڕان، ئەمانە تاوانیان چییە با كێشەكەیان كۆتایی پێبێت.
هەروەها نزیكی ئێمە كەوتەوە و وتی: بۆ نەڕۆیشتون، وتم: مولازم قاسم دەڵێت من لە هەواڵگریم و لێكۆڵینەوە دەكەم، لەوكاتەدا لە پشتەوە ملازم قاسم بە زلە و بۆكس كەوت گیانم، وتی: ئەمانە درۆزن و زماندرێژن.
وتم: مولازم قاسم دەڵێت من لە هەواڵگریم و لێكۆڵینەوە دەكەم، لەوكاتەدا لە پشتەوە ملازم قاسم بە زلە و بۆكس كەوت گیانم، وتی: ئەمانە درۆزن و زماندرێژن
موقەدەمەكە هاواری بەسەرداكرد؛ لێم نزیكبۆوە و داوای لێبوردنی كرد، وتی بە برا گەورەی خۆتم قبوڵبكە و دەستیكردە ملم.
جارێكی تر لێكۆڵینەوە دەستپێدەكاتەوە
بە بڕیاری موقەدم روکن وەلا سەباح عزی، بەرەو سەرگەڕان بەڕێكراین، لەنێو بارەگای پۆلیس ئەوانەی لەنێو گوندەكە دەستگیریان كردین، وەكو تاوانبار لە سێ لاوە وێنەیان دەگرتین.
هەروەها پۆلیسی سەرگەڕانیش لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كردین و دواتر بانگی ئێوارە لەگەڵ پۆلیس رۆژوەكانمان شكاند.
دوای بانگ سێ كەس لە كەسوكارم هاتنە بنكەكە و بە بڕی پێنج ملیۆن دیناری عیراقی و بە كەفالەت لە كاتژمێر هەشت و 15 خولەك ئازادیان كردین.
رۆژی دواتر وتەمان لە دادگای دوبز لێوەرگیرا، بەڵام لایەنی بەرامبەر ئامادەی دانیشتنی دادگا نەبون، ئێستا دۆسییەكەمان دانەخراوە و چاوەڕێی بڕیاری كۆتایین.