دوو بۆمبی چێنراو لە قەزای داقوق و ناحیەی عەباسی لە كەركوك تەقینەوە بەهۆیەوە چوار كەس كوژران و حەوتی تریش برینداربون.
هەردوو تەقینەوەكە شەوی رابردوو 25 ئایار رویاندا، لەوكاتەی ئاگر لە بەروبومی جوتیاران كەوتەوە و پۆلیس و خەڵكی ناوچەكە هەوڵی كۆنترۆڵكردنەوەیان دەدا.
تەقینەوەی یەكەم لە ناوچەی چپخان لە قەزای داقوق بەهۆی بۆمبێكی چێنراوەوە بوو بە ئۆتۆمبێلێكی پۆلیسی قەزاكەدا و بەھۆیەوە چوار پۆلیس و مەدەنییەک برینداربون، بەڵام بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 26ی ئایار یەكێك لە بریندارەكان لە نەخۆشخانەی گشتی كەركوك گیانیلەدەستدا.
سەرچاوەیەك لە پۆلیس داقوق بە (كەركوك ناو)ی وت "لەوکاتەی مەفرەزەکەی پۆلیس دەیانویست بەدواداچون بکەن لە کەوتنەوەی ئاگر لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەكە بۆمبە تەقیوەتەوە".
شەوی رابردوو پەیامنێری (کەرکوک ناو) لە نەخۆشخانەی داقوق جەختیکردەوە برینی دووان لە پۆلیسەکان سەختەو بەپەلە گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتی کەرکوك.
لە تەقینەوەی بۆمبێكی تردا لە ناحیەی عەباسی سەر بە قەزای حەویجە باشوری كەركوك، سێ كەس كوژران و سێ كەسی تر برینداربون.
بەپێی سەرچاوەیەكی ئەمنی تەقینەوەكەی عەباسی-ش لەوكاتەدا رویداوە كە خەڵكی ناوچەكە ویستویانە ئاگری سەر بەروبومەكانیان بكوژێننەوە.