"نەجمەدین كەریم تۆمەتبارە، هەڵاتووە و داواكراوە"
وەزارەتی ناوخۆی عیراق: سورین لەسەر گەڕاندنەوەی بۆ بەغدا

نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك فۆتۆ: AFP

كەركوك ناو

وەزارەتی ناوخۆی عیراق، نەجمەدین كەریم بە "تۆمەتبار، هەڵاتوو و داواكراو" ناودەبات و سوربونی خۆیان رادەگەیەنن لە گەڕاندنەوەی ناوبراو بۆ بەغداو دادگاییكردنی بە تۆمەتی ئیختیلاس.

ئەو هەڵوێستەی وەزارەتی ناوخۆی عیراق، لە راگەیەنراوێكیاندا هاتووە لە بارەی دۆسیەی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشوی كەركوك، كە لە 21ی ئەم مانگەوە لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپول و لە فڕۆكەخانەی رەفیق حەریری لە لوبنان دەستگیركرا.

لە راگەیەنراوەكەدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە 26ی ئایار بڵاوكراوەتەوە تیایدا هاتووە "وەزارەتەكەمان لە چركەساتی یەكەمی بڵاوبونەوەی هەواڵی دەستگیركردنی نەجمەدین كەریمدا، هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە لەڕێگای بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی عەرەبی و پۆلیسی ئینتەرپولەوە بۆ گرتنبەری هەموو رێكارە یاساییەكان بۆ هێنانەوەی ئەو تۆمەتبارەی لەلایەن دادگاكانی عیراقەوە داواكراوە".

هەروەها هاتووە "دوای دەستكەوتنی زانیاری تەواو لەبارەی بونی تۆمەتباری هەڵاتوو لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی لوبنان، لە ئەنجامی چاودێری وەزارەتەكان بۆ دۆسییەی ناوبراو، لەڕێگەی  نوسراوێكەوە لە 21ی ئایار پۆلیسی ئینتەرپۆلمان لە لوبنان ئاگاداركردۆتەوە، سەرباری پەیوەندی بەردەوام لەو نێوانەدا كە هەبووە".

بەپێی وەزارەتی ناوخۆ نەجمەدین كەریم تۆمەتبارە بە ئیختیلاس و لەلایەن دادگای عیراقەوە داواكراوە.

نەجمەدین كەریم لە 31ی تشرینی یەكەمی 2018ەوە فەرمانی دەستگیركردنی لەلایەن عیراقەوە دراوەتەوە ئینتەرپول، هەروەها لە 12ی نیسانی 2018ەوە بڕیاری دەستگیركردنی هەیە بەپێی دادگاكانی عیراق، ئەوەش لە راگەیەنراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ جەختیلێكراوەتەوە و هاتووە "داوامان لە پۆلیسی ئینتەرپول كردووە دەستبەربێت لایان تا دۆسییەكەی دەنێرین و ئەوان تەسلیم بە عیراقی دەكەنەوە".

پۆلیسی ئینتەرپول لە وەڵامی وەزارەتی ناوخۆی عیراقدا، جەختیكردۆتەوە كە نەجمەدین كەریم بە كەفالەت ئازادكراوە، ئەوەش بەپێی یاساكانی لوبنان، بەڵام پاسپۆرتەكەی لێوەرگیراوەتەوە و قەدەغەی هاتوچۆی لەسەرە.

وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت "ئینتەرپولی لوبنانی چاوەڕێی ناردنی دۆسییەی نەجمەدین كەریم دەكەن تا رادەستی عیراقی بكەنەوە بۆ دادگاییكردن، ئەوەش بەپێی رێككەوتنی واژۆكراوی نێوان عیراق و لوبنان بۆ رادەستكردنی تۆمەتباران لە نێوان یەكتردا لە ساڵی 1929وە".

حكومەتی عیراق لەڕێی وەزارەتی ناوخۆ و لە ئاستی باڵادا لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ ئینتەرپولی لوبنانی و لایەنە دادوەریی و یاساییەكانی لوبنان، "لەسەر گرنگی پێویستی جێبەجێكردنی رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان، بە ئامانجی تەسلمیكردنەوەی نەجمەدین كەریم، تۆمەتباری هەڵاتوو بە عیراق". هەر بەپێی راگەیەنراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ.

لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت "بەهیچ شێوەیەك كەمتەرخەم نابین بۆ جێبەجێكردنی یاسا بەتایبەت ئەو ماددانەی پەیوەستە بە هێنانەوەی تۆمەتبارانی هەڵاتوو".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT