حزب و لایەنە کوردییەکانى کەرکوک داوای نەمانی "دیاردەی عەسکەرتاریەت" دەكەن لە شارەكە و نیگەرانی خۆیان نیشاندەدەن لە روداوەكانی ئەمدواییەی پارێزگاكە. بۆ ئەو مەبەستەش پەیام ئاراستەی حكومەتی عیراق و هەرێم دەكەن.
ئەو داواكارییەی حزبە كوردییەكان لە كۆبونەوەیەكدا هات كە ئەمڕۆ یەكشەممە 26ی ئایار لە بارەگای حزبى زەحمەتکێشانى کوردستان بەڕێوەچوو.
شوان محەمەد، لێپرسراوی حزبى زەحمەتکێشانى کوردستان لە کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "باسمان لەو دەستدرێژیانە كرد كە دەکرێنە سەر ناوچە کوردستانییەکان و بەروبومەکانی جوتیاران دەسوتێنرێن... دەبێت حکومەتى عیراق هەست بە بەرپرسیارێتى بکات و قەرەبووی تەواوی زیانلێکەوتووان بکاتەوە".
خاڵێکى دیکەى کۆبونەوەکە جەختكردنەوە بوو لە پێویستی چارسەرەكردنی كێشەكانی كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك بەپێی ماددەی 140ی دەستوری عیراق.
رەوەند مەلا مەحمود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوکى یەکێتىی نیشتیمانیی كوردستان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا لەبارەی پۆستی پارێزگاری كەركوكەوە، وتی "لەو رێکكەوتنەى نێوان پارتى و یەکێتى چەند خاڵێک هەیە یەکێک لەوانە کاراکردنەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک و دانانى پارێزگارێک سەر بە یەکێتى، هەڤاڵانى پارتى خۆیان لێدەشارنەوە و نەیانهێشتوە ئەو لیژنەیە ئەکتیڤ بێت، ئێستاش ئێمە ئامادەین بەڵام ئەوان هەر جارەوە بە بیانویەک خۆیان دەشارنەوە".
وتیشی "دواجار کە کاک کۆسرەت نامەیەکى ئاراستەى هەڤاڵانى پارتى کردووە، ئەوانیش جارێكى دیکە و بەڵێن و پەیمانیان داوە ئەو بارودۆخەى کەرکوک چارەسەربکرێت و بەیەکەوە بتوانین پارێزگارێکى کورد سەر بە یەکێتى دابنێن، بەڵام تاکو ئێستا نەچۆتە بوارى جێبەجێکردنەوە".
هەر لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا بەوەى داوا لە حکومەتى عیراقى بکرێت دیاردەى عەسکەرتاریەت لە شارەکە نەمێنێت کە لەژێر ناوى چەسپاندنى یاسادایە لاببرێت، ئەوەش بەوتەی سەیەد حەسەن شێخانى، لێپرسراوی مەڵبەندى کەرکوکى بزوتنەوەى ئیسلامى بۆ (كەركوك ناو).
وتیشی "داوامان لە پەرلەمانتارانی کوردستان كرد بێنە سەرخەت بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى کەرکوک و سەردانى شارى کەرکوک بکەن بۆ ئەوەى بزانن دۆخەکە چۆن دەگوزرێت لە شارەکە".
حزبە كوردییەكان هەروەها داوایان لە لێپرسراوانی کورد لە حکومەتى بەغدا و سەرۆک کۆمار و لێپرسراوانی حكومەتی هەرێم كرد، سەردانى شارى کەرکوک بکەن بۆ ئەوەی كاربكەن دۆخی كەركوك خراپتر نەبێت و هەوڵی چارەسەركردنی بدەن.