ترسی ماڵە باوان، هۆکاری زیاتربونی دەستدرێژی سێکسی

بەشێك لە ژنان روبەڕوی بەربەستی هاوسەرەكانیان و ماڵە باوان دەبنەوە، بەهۆیەوە رێگرییان لێدەكرێت بخوێنن و لە دەرەوەی ماڵ كاربكەن

لەیلا ئەحمەد

(شاناز) لە تەمەنی 16 ساڵیدا، روبەڕوى بارێکى زەحمەت کراوەتەوە و سەرەنجام رێڕەوی ژیانی بەئاراستەیەکی خراپ گۆڕی، بەهۆیەوە توشى گرێ و ئازارى دەرونى بووە. لەکاتێکدا تەمەنەکەى هی ئەوەبوو خوێندن تەواوبکات و بەهۆشیارییەوە ژیانێکی باشتر هەڵبژێرێت، کەچى لەو مافە بێبەشکراو بەشوو دراو ئێستا خاوەنى (2) منداڵ! خراپتر لەوە، لەلایەن پیاوێکى نزیکیانەوە دەستدرێژیی سێکسیی کراوەتەسەری.

چیرۆکى (شاناز)، نمونەیەکە لە چیرۆکى ئەو ژنانەى کە لە کۆمەڵگەى کوردیی دا روبەڕوى دەستدرێژیی دەبنەوە، سەختە بۆیان دەنگ هەڵبێنن و هێرشکەرەکان روبەروڕى یاسا بکەنەوە.

بە پشتبەستن بە چیرۆکى (شاناز)، زۆر کەموکورتیی کەلتوریی و یاسایی دەردەکەوێت، ئەو کەموکوڕیانە هاوکارە بۆ زەمینەسازیی تاوان و دەستدرێژی بۆسەر ژنان.

شاناز لەگەڕەکێکی هەژار نشینی گەرمیان دەبێت و بەر لە 3 ساڵ ئەوکات قوتابی پۆلى نۆى بنەڕەتى بووە، لەلایەن کوڕێکەوە خوازبێنی کراوەو بەبێ خواستى خۆی، لەلایەن دایک و باوکیەوە بەشو دراوە. هاوسەرەکەشى لەگەڵ خوشکێکى خۆی دا "دشێکى" لە خانویەکى هەژارانە بەیەکەوە بوون.

یەکەم گورز کە بەری کەوتوە پاش شوکردنى، ئەوەبوە کە هاوسەرەکەى بێبەشى کردوە لەخوێندن و دەریکردوە. "تازە بوک بووم مێردەکەم نەیهێشت لە خوێندن بەردەوام بم. هەوڵمدا پەشیمانى بکەمەوە سودى نەبو. تۆرام، باوکم وتی: کچم تۆ شوتکردوە خوێندنت بۆ چییە؟ بامێردەکەت تەڵاقت نەدات و ئابڕومان نەچێت! بەزۆر ناردمیانەوە و لەخوێندن  دابڕام".

تازە بوک بووم مێردەکەم نەیهێشت لە خوێندن بەردەوام بم. هەوڵمدا پەشیمانى بکەمەوە سودى نەبو

لەگەڵ ئەوەى مێردەکەى سورە لەسەر وازهێنانی شاناز لەخوێندن، بەڵام مێردی خوشکێکى هاوسەرەکەی، سەرزەنشتی هاوسەرەکەى (شاناز) دەکات کە نابێت رێگری لێبکات بۆ خوێندن، ئەمەش بۆ مەبەستێکی دیاریکراو بووە ئەویش نزیکبونەوە بووە لەشاناز.

وەکخۆی ئاماژەى بۆکرد، نیەتى ئەو پیاوە هاوکاریکردنی نەبووە، بەڵکو مەبەستێکی دیکەى شاراوە بووە کە دواتر شاناز باسیکرد "تادەهات هەڵسوکەوتى مێردى دشەکەم دەگۆڕا، وایلێهات کەسێک دیار نەبوایا دەستى بۆم دەهێنا! توشى دڵەڕاوکێی کردم، نەمدەتوانى لێی تێبگەم! لەبەر گێچەڵى سێکسى و کێشەى خێزانى و هەژارى هەوڵمدا خۆم بکوژم، چونکە دەترسام و کەس نەبوو پەناى بۆ بەرم".

رۆژ دواى رۆژ رەفتارى ئەم پیاوە زیاتر دەگۆڕا، تا گەیشتە ئەوەى بەیانیەک کە هاوسەرەکەى (شاناز) دەچێتە سەر کار، پیاوەکە بێتە ماڵەکەى و پەلامارى بدات! هیچ دەرەتانێکیش لەبەرددەم شاناز نابێت جگە لەگێڕانەوەى ئەو چیرۆکە بۆ خوشکەکەی.  "وەک ئیزرائیلەکە هاتە گیانم، دەرگاکەى لێ کلیل دام، قیژاندم، دەستى خستە سەر دەمم و جلەکانمى دڕاند".

ناچار شاناز بەپێى پەتى بەرەو ماڵی باوانی رادەکات، دایکی ئاگاداردەکاتەوە، کێشەکە گەورە دەبێت و دەگاتە ئەوەى برای دشەکە بکوژرێت، بەڵام هاوسەرى پیاوەکە کە دەکاتە خوشکى هاوسەرەکەم، دەکەوێتە پاڕانەوەو سەرەنجام لەترسی ئابڕوچون باسەکەیان داخست.

لەگەڵ ئەوەى ئەم کێشەیە بەرویەکدا دەرگاى دۆزەخی لەو ژنە داخست، بەڵام بەدیوێکی دیکە دەرگایەکى دیکەى لێکردوەتەوە، چونکە ئەم روداوە بووە هۆی ئەوەى هاوسەرەکەى رەفتارى بەتەواوى لەگەڵیدا بگۆڕێت.

"ئێستا بەشەڕ و کێشە ژیانم بەڕێدەکەم، هاوسەرەکەم دەڵێت تەڵاقت دەدەم ئابڕوت بردوم و دەستدرێژی کراوەتە سەرت، منیش توشى نەخۆشى دەرونی بومە و چیتر تواناى ماڵدارى و مناڵ بەخێوکردنم نەماوە".

ئێستا بەشەڕ و کێشە ژیانم بەڕێدەکەم، هاوسەرەکەم دەڵێت تەڵاقت دەدەم ئابڕوت بردوم

ئەوەى بەلای چالاکوانێکەوە لە چیرۆکەکانى دەستدرێژیی سێکسی بۆسەر ژنان مایەى هەڵوێست لەسەر کردنە، ئەوەیە ژنان وەکو تاوانبار تەماشا دەکرێن نەک زوڵملێکراو.

ڤیان سابیر، چالاکوانى ژنان لەگەرمیان، رونیکرەوە کە لەنێو کۆمەڵگای کوردەواریدا ژنان بەچاوێکی کەم سەیر دەکرێن، ئەمەش وادەکات ئاسان بێت بۆ هەندێک لە پیاوان  دەستدرێژى سێکسى و گێچەڵى زۆر بەژنان بکەن.

"گەورەترین کێشە لەم حاڵەتانەدا ئەوەیە کە ژنان نازانن چۆن مامەڵە بکەن و زۆربەیان روداوەکە لە ناخی خۆیاندا دەهێڵنەوەو بۆ کەسى ناگێڕنەوە، بەنهێنى دەیهێڵنەوەو سکاڵا تۆمار ناکەن! ئەم خۆ خواردنەوەیەش توشى گرێ و کێشەى دەرونییان دەکات".

لەبەرامبەردا سامان عادل، توێژەری دەرونی، دەڵێت "زۆربەى خێزانەکان تاکى ناهۆشیار و سەرکوتکراو و ترسنۆک پەروەردە دەکەن، رێگە نادەن توشبو چیرۆکەکە باس بکات، هەوڵەدەن کردەوەکە بەنهێنى بمێنێتەوە! تاوانلێکراونیش باوەڕیان بەخۆیان نامێنێ تابتوانن چارەسەرى کێشەکەیان بکەن، چونکە کێشەى خێزانى و کۆمەڵایەتییان بۆ دروست دەبێت و توشى کاریگەرى خراپی جەستەیى و دەرونى دەبن".

زۆربەى خێزانەکان تاکى ناهۆشیار و سەرکوتکراو و ترسنۆک پەروەردە دەکەن

ئەگەر خێزانەکەى (شاناز) بڕیاریاندابێت بە نهێنى و "عەشایەری" دۆسیەى دەستدرێژیی بۆسەر کچەکەیان مامەڵە بکەن، ئەوا ژنانى دیکە هەن بۆ چارەسەری کێشەکانیان کە رێگای قانونیان گرتۆتەبەر.

بەپێی ئامارى بەڕێوەبەرایەتى بەرەنگاربونەوەى توندوتیژى دژى ژنان لەگەرمیان، لە نیوەى یەکەمى ئەمساڵ دا، 7 حاڵەتى سکاڵاکردن لەسەر دەستدرێژى و گێچەڵى سێکسی تۆمارکراوە. حاڵەتەکانیش بەپێی مادەى 393 یاسای سزادانى عێراقی کێشەکان چارەسەر کراون. ژمارەى سکاڵاکانیش لەچاو پار کەمیکردوە.

بەوتەى عەقید (لەمیعە محەمەد قادر)، بەڕێوبەرى پێشوى بەڕێوەبەرایەتى بەرەنگاربونەوەى توندو تیژى دژى ئافرەتان لەگەرمیان، زۆرجار دەستدرێژیەکان دەبنە هۆکارى ئەوەى مەترسی لەسەر ژیانى کچەکە دروست بکات، هەربۆیە لە ماڵی داڵدەدان پەنا دەدرێن  "زۆرجاریش بۆ چارەسەر کردنى کێشەیان کچەکە لەکوڕەکە مارە دەکرێت ".

بە قسەى لەمیعە "کۆمەڵگاى کوردەواریی پەنابردنە بەر قانونی پێ باش نییە، بۆیە زۆر حاڵەتى دەستدرێژیى و گێچەڵ بۆ سەر ژنان، بە نهێنی دەمێنێتەوە و بۆیان چارەسەر ناکرێت".

 

ئەم راپۆرتە بەرهەمی به‌شداریکردنە له‌ خولێکی رێکخراوی (Internews) سەبارەت بە هه‌ستیاری جێنده‌ری.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT