هەزاران تەن دانەوێڵەی گەنم و جۆی جوتیارانی دەوروبەری شنگال هەڕەشەی فەوتانیان لەسەرە، بەهۆی وەرنەگرتنی بەروبومەكانیان لەلایەن حكومەتەوە كە هۆكارەكەی بۆ نۆژەننەكردنەوەی سایلۆی قەزاكە دەگەڕێنرێتەوە.
سایلۆی قەزای شنگال لە خۆرئاوای موسڵ، لە دوای شەڕی داعش-ەوە پێویستی بە 50 ملیار دینار هەیە بۆ نۆژەنكردنەوە تاوەكو بتوانێت بەربومی جوتیارانی ناوچەكە وەربگرێت.
خهیری مێشو، جوتیارێكی گۆندی زوڕاڤایه لە شنگال به (كهركوك ناو)ی وت "ئهمساڵ نزیكەی 60 دۆنم زهویم چاندووە، بارانی باش باریوە و بەهۆیەوە بەرهەمەكەشم باشبوو، بەڵام بڕیاری دروێنەم نەداوە، چونكە هیچ شوێنێك نییە بەرهەمەكەم لێوەرگرێت".
بڕیاری دروێنەم نەداوە، چونكە هیچ شوێنێك نییە بەرهەمەكەم لێوەرگرێت
خەیری دەڵێت بە خەمڵاندنی خۆی 35 بۆ 40 تەن بەرهەمی دەبێت، بۆ ئەوەی نەفەوتێت ئیدارەی شەنگالیان لەو مەترسییە ئاگاداركردۆتەوە.
كهمال خودێدا، جۆتیارێكی سهنتهری ناحيهی سنون لە شنگال، هەمان كێشەی خەیری روبەڕوبۆتەوە، بەڵام ئەو بۆ ئەوەی بەروبومەكەی وەكو ناوچەكانی تر نەسوتێت، بڕیاریدا دروێنە دەستپێبكات.
"بەرهەمی گەنمەكەم 25 تەنە و لهناو حهوشهی ماڵی خۆمان هەڵمڕشتووە، بهڵام ناكرێت ههر لهناو حهوشهكە بمێنێتەوە، چونكە دەفەوتێت، داوادەكەم حكومەت چارەسەرمان بۆ بكات"، كەمال خودێدا وایوت،
سایلۆی شنگال، زیاتر لە سێ ساڵە لە چاوەڕێی نۆژەنكردنەوەدایە، دوای ئەوەی بەهۆی شەڕی داعشەوە لە ساڵی 2015 زیانی بەركەوت.
ئەو كێشەیە بەرۆكی هەموو جوتیارانی ناوچەكەی گرتۆتەوە، بەپێی خەمڵاندنی كشتوكاڵی موسڵ تەنیا لە ناحیەی سنونێ لە شنگال 60 هەزار تەن دانەوێڵە بەرهەم هاتووە.
"ئەگەر سایلۆكە نۆژەنبكرێتەوە، كێشەی هەموو جوتیاران چارەسەر دەبێت"، كەمال خودێدا وایوت.
بهرهكات عیسا، لێپرسراوی هۆبهی كشتوكاڵی شنگال، وتی بۆ ئەوەی بەرهەمەكان نەفەوتێت، دەستیانكردووە بە دروستكردنی گۆڕهپانێك لەسەر روبەری 11 دۆنم زەوی، له سنوری ناحیهی سنونێ بۆ هەڵگرتنی بەرهەمی جوتیاران.
لە دوو هەفتەی كاركردندا لەسەدا 60ی كارەكانی گۆڕەپانەكە تەواوبووە، وەك بەرەكات عیسا دەڵێت "سەرەتای مانگی شەش دەتوانین بەرهەمی جوتیاران وەربگرین كە 60 هەزار تەن دەبێت".
سەرەتای مانگی شەش دەتوانین بەرهەمی جوتیاران وەربگرین كە 60 هەزار تەن دەبێت
لە ناوەندی قەزای شنگال گۆڕەپانێك بۆ هەڵگرتنی بەرهەمی جوتیاران دروستكراوە، بەڵام بەشی بەروبومی هەموو جوتیارانی ناوچەكە ناكات، بەتایبەت گوندەكانی هەردوو ناحیەی سنونێ و خانەسور.
"ئهم گۆڕهپانەی لە سنونێ دروستدەكرێت، بهشێوهیهكی كاتی كێشەی جوتیارانی ناوچهكه چارهسهردهكات، پێویسته سایلۆی شنگال نوژهنبكرێتهوه"، بەرەكات عیسا وایوت.
بەپێی وتەی بەرەكات لێپرسراوانی نەینەوا وتویانە تێچوی نۆژەنكردنەوەی سایلۆكە زۆرە، كە بڕەكەی پێنج ملیار دینارە.