چیرۆكێكی كۆن نوێدەكرێتەوە
دۆسییەی 51 ملیۆن دۆلارەكەی نێو "حسابەكەی نەجمەدین كەریم" چۆن بوو؟

كەركوك/15ی تشرینی یەكەمی 2017/ رۆژێك بەر لە گەڕانەوەی سوپای عیراق بۆ كەركوك، نەجمەدین كەریم لەبازاڕی شارەكە فۆتۆ: راگەیاندنی پارێزگا

شۆڕش خالید

میدیاكان و دوو پەرلەمانتار لە پەرلەمانی كوردستان و عیراق، سەرلەنوێ چیرۆكی دۆسیەی 51 ملیۆن دۆلاری كەركوك لە نێو "حسابە بانكییەكەی نەجمەدین كەریم"، پارێزگاری پێشوی كەركوك نوێدەكەنەوە و وەك هەواڵێكی نوێ بەگوێی رای گشتییدا دەدەنەوە، لەكاتێكدا ئەو دۆسییەیە لە مانگی ئابی 2018ەوە یەكلابۆتەوە و پارەكە گواستراوەتەوە بۆ بانکی ناوەندی عیراق.

جارێكی تر نوێكردنەوەی ئەو دۆسییەیە و بڵاوكردنەوەی لەلایەن میدیاكانەوە وەك هەواڵێكی تازە، هاوكات بوو لەگەڵ دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی رەفیق حەریری لە لوبنان و لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپولەوە، ئەوەش بە تۆمەتی ئیختیلاس، بەگوێرەی ووتەی وەزارەتی ناوخۆی عیراق.

چیرۆكی 51 ملیۆن دۆلارەكە چۆن بوو؟

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كانونی دووەمی ساڵی 2016ەوە بڕیاریدا هەر مانگێك بڕی 10 ملیۆن دۆلار وەك پشكی كەركوك لە پترۆدۆلار بداتە ئیدارەی كەركوك.

بەشێك لەو پارەیە، بەوتەی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك، بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری خەرجكرا بەر لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەو بەشێكی تری لە حسابێكی تایبەتدا دانرا كە بڕەكەی 51 ملیۆن دۆلار بوو.

نەجمەدین كەریم، لە رونكردنەوەیەكیدا 29ی ئایاری 2019، جەختیكردەوە "ئەو پارەیە لە ئەژماری تایبەتی مندا نەبووە، بەڵكو لە دوو نوسراودا، لە شوبات و ئازاری 2016دا كە بۆ وەزیری دارایی هەرێمم ناردووە، داوامكردووە حسابێكی نوێ لە بانكی كوردستان بكرێتەوە بەناوی پارێزگای كەركوك و پارەكە لەوێ دابنرێت".

لە دوو نوسراودا بۆ وەزیری دارایی هەرێمم ناردووە، داوامكردووە پارەكە لە حسابێكی نوێ لە بانكی كوردستان دابنرێت

بەڵام ئیدارەی كەركوك نەیتوانی مامەڵە بەو پارەیەوە بكات، كاتێك نەجمەدین كەریم، لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لە پۆستی پارێزگار دورخرایەوە و دەسەڵاتی خەرجكردنی هەر لای ناوبراو بوو.

بەهۆیەوە لە مانگی نیسانی 2018دا ئیدارەی كەركوك سكاڵای یاسایی لە دادگای فیدراڵی لەسەر بانكی كوردستان تۆماركرد بۆ گەڕاندنەوەی ئەو 51 ملیۆن دۆلارە بۆ كەركوك.

راكان سەعید، پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك كە لە شوێنی نەجمەدین كەریم دەستبەكاربوو، لە چاوپێكەوتنێكیدا بۆ (كەركوك ناو) لە لە 13ی كانونی دووەمی ئەمساڵ، وتی "هێشتا ئه‌و پاره‌ و شایسته‌ داراییه‌ی له‌ كوردستانه‌ نه‌نێردراوه‌ بۆ كەركوك، كه‌ زیاتر له‌ 60 ملیار دینار (51 ملیۆن دۆلار)ە و له‌ بانكی كوردستان ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌، هەرچەندە داوایه‌كی یاساییمان له‌دژی بانكی كوردستان لەوبارەیەوە بردۆته‌وه".

نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك فۆتۆ: AFP

 

مانگێک دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، جەختیكردەوە پارەكە بۆ بانكی ناوەندی عیراق گەڕێنراوەتەوە و چاوەڕێی ئەوەن بگاتە كەركوك بە مەبەستی خەرجكردنی.

نەجمەدین كەریم، لە رونكردنەوەیەكیدا دوێنێ 29ی ئایار لەوەڵامی دوو پەرلەمانتاری گۆڕان، وتی "بەنوسراوی فەرمی بانکی ناوەندی عیراق فەرمانگەی ژمێریاریی لە 15ی ئابی 2018 بڕی 51 ملیۆن و 174 هەزار و 920 دۆلار لە ئەژماری پارێزگای کەرکوک گواسترایەوە بۆ بانکی ناوەندی عیراق، دواتر دەگەڕێتەوە بۆ پارێزگای کەرکوک".

ئەوەش دوای ئەوە هات، عەلی حەمە ساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، لە پۆستێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، لە 29ی ئایار وتی، "هه‌واڵێک دڵی خۆشکردم، ئه‌و ٥٠ ملیۆن دۆلاره‌ی له‌ بانکی کوردستانە که‌ هی پارێزگای که‌رکوک بوو، له‌ ژماره‌ حسابی پارێزگادا بوو، به‌ ئیمزای د.نه‌جمه‌دین که‌ریم سه‌رفکرا، ساڵێک دوای ١٦ی ئۆکۆتۆبه‌ر دۆسیه‌که‌م ئاشکرا کرد، له‌ ڕێگای ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی هه‌رێم و به‌غداو بانکی ناوه‌ندی عێراقه‌وه‌ جوڵاندم. پاره‌که‌ گه‌ڕایه‌وه‌".

لە رێگای ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی هه‌رێم و به‌غدا و بانکی ناوه‌ندی عێراقه‌وه‌ دۆسییەكەم جوڵاند و پاره‌که‌ گه‌ڕایه‌وه‌

هاوکات، كاوە محەمەد، پەرلەمانتاری هەمان بزوتنەوە لە بەغدا، لە پۆستێكیدا رۆژێك پێشتر و لە 28ی ئایاردا، دەڵێت "ئەم کتابەی لێرەدا بڵاومکردۆتەوە، تایبەتە بە دەستبەسەرداگرتنی (٥٠) ملیۆن دۆلاری پارەی پترۆدۆلاری کەرکوک کە لەبانکی کوردستانی ئەهلی خرابووە سەر حیسابی شەخسیی (نەجمەدین کەریم)ی پارێزگاری پێشوی کەرکوک، کە ئێستا لەلایەن دادگاکانی عیراق داواکراوە، بۆیە هاوپێچی ئەو کتابە (کە لەمانگی چواری ساڵی پار نوسراوە)، کۆمەڵێك بەڵگەی ئەو گەندەڵییەم بۆ سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عیراق نارد و داواملێکردن بەدواداچوونی بۆ بکەن و پارەکە بۆ خاوەنەکەی بگەڕێننەوە کە پارێزگای کەرکوکە".

ئەو دوو پۆستەی پەرلەمانتارانی گۆڕان، كە چەند كاتژمێرێكی كەم لە نێوانیاندا هەبوو، دوای نۆ مانگ دێت لە یەكلاییبونەوەی دۆسییەی 51 ملیۆن دۆلارەكە و میدیاكانیش وەك هەواڵێكی نوێ دایان بە گوێی خوێنەردا.

نوسینگەی نەجمەدین كەریم لە رونكردنەوەكەیدا لە 29ی ئایار، دەڵێت "بەداخەوە ئەو دەزگایانەش کەوتنە ھەڵەی خۆیانەوە، دیارە ئەم بابەتانەش زیاتر بۆ بەلاڕێدابردنی رای گشتیی و شەقامی کوردییە بەرامبەر بە نەجمەدین کەریم".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT