وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق، بڕیاریدا بەدورخستنەوەی عەباس تەقی، سەرۆكی زانكۆی كەركوك لە پێكهاتەی توركمان و دانانی سەباح ئەحمەد بەوەكالەت لە پێكهاتەی كورد، ئەوەش ناڕەزایی سەرۆكی بەرەی توركمانی لێدەكەوێتەوە.
ئەو گۆڕانكارییە بە بڕیاری وەزیری خوێندنی باڵای عیراق كراوە، بەپێی وتەی عومەر ئینجە، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی كەركوك چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.
عومەر ئینجە، بە (كەركوك ناو)ی وت "بڕیارەكە وەزیری خوێندنی باڵا خۆی داویەتی، هەر خۆشی شوێنگرەوەی دیاریكردووە كە د.سەباح ئەحمەد، راگری كۆلێژی پەروەردەیە".
لەگەڵئاماژەدان بەوەی هیچ پرسێك بە ئەنجومەنی زانكۆی كەركوك نەكراوە لەو گۆڕانكارییەدا.
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەی توركمانی، پێوایە لەكارلادانی سەرۆكی زانكۆ زیادەڕۆیی و دەستدرێژییە بۆ سەر پشكی نەتەوەی توركمان، بەهۆی ئەوەی عەباس تەقی لە پێكهاتەی توركمان بوو.
ساڵحی وتی "پاڵپشت بە بڕیاری حكومەتی عیراق، كەركوك پێویستی بە هاوسەنگی نەتەوەیی هەیە لە دابەشكردنی پۆستە ئیدارەییەكان، بەشێوەیەكی یەكسان لە نێوان نەتەوەكاندا...ئەو گۆڕانكارییە بۆ كاندیدێكی كورد پێمانوایە پێشیلكردنی مافی ئەو پیكهاتەیەیە كە بەرگری لە یەكگرتووی كەركوك كردووە لە چوارچێوەی عیراقدا بمێنێتەوە، بەڵام لەبری پاداشتكرنی ئەو گۆڕانكارییە كراوە".
ئەو دەڵێت ئەگەر جێگرەوەكە هەر توركمان بوایە، ئەوا هیچ زیانێكی نەدەبوو، "ئێمە كەسانی زۆر بە توانا و و پلەی پسپۆڕی زانستی بەرزتریشمان هەیە كە ئەوانی تر نیانە"، بۆیە داوایكرد چاو بە بڕیاركەدا بخشێنرێتەوە.