عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق پێیوایه دۆسیه‌ی ته‌قینه‌وه‌كانی كه‌ركوك زیاد له قه‌باره‌ی خۆی گه‌وره كراوه و دڵنیایی دا له‌وه‌ی پارێزگاكه له‌ژێر كۆنتڕۆڵدایه، ئه‌وه‌ش هاوكاته له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی هه‌ڵمه‌ته ئه‌منییه‌كان، له نێویاندا ده‌ستگیركردنی داواكراوانی داعش.
لپرسراوانی كه‌ركوك، له پارێزگار و فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان، یه‌كشه‌ممه 2ی حوزه‌یران له به‌غدا بون بۆ تاوتوێی بارودۆخی ئه‌منی شاره‌كه، ئه‌وه‌ش دوای زنجیره‌یه‌ك ته‌قینه‌وه كه به‌هۆیه‌وه ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی كوژران و برینداربون.
عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق له كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی هه‌فتانه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا سه‌رباری نیگه‌رانییان بۆ قوربانیانی ته‌قینه‌وه‌كانی كه‌ركوك، به‌ڵام زیاد له قه‌باره‌ی خۆی گه‌وره كراوه و ئاماری نادروست له‌باره‌ی كوژراوانه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ش داوایكرد میدیا ته‌نیا پشت به راگه‌یه‌ندراوه فه‌رمییه‌كان ببه‌ستێت.
دوابه‌دوای كاتژمێر 9:30 خوله‌كی شه‌وی پێنجشه‌ممه 30ی ئایار، پێنج ته‌قینه‌وه له شه‌قامه جیاوازه‌كانی شاری كه‌ركوك رویدا، به‌هۆیه‌وه و به‌پێی دوایین ئاماره‌كان؛ دوو كه‌س كوژران و 38ی تر برینداربون، له‌نێویاندا ژن و منداڵ.
به‌پێی به‌لاغی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی عیراق، به سه‌رۆكایه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی و ئاماده‌بونی راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك و سه‌عد حه‌ربیه، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان جه‌ختكراوه‌ته‌وه له پێویستی هه‌ماهه‌نگی و به‌هێزكردنی توانای هێزه ئه‌منییه‌كان له پارێزگاكه.
له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا جگه له‌وه‌ی جارێكی‌تر ئاماژه‌ی به گه‌وره‌كردنی دۆسیه‌ی ته‌قینه‌وه‌كانی كه‌ركوك كراوه، ئاماژه به‌وه‌شدراوه شاره‌كه پێویستی به هه‌ماهه‌نگی هه‌یه له نێوان حكومه‌تی فیدراڵی و ئیداره‌ی ناوخۆیی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌هۆی فرهپێكهاتهیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه.
به‌ر له ته‌قینه‌وه‌كانی كه‌ركوك و دواتریش، هه‌ڵمه‌تی گه‌ڕان و پشكنینی هێزه ئه‌منییه‌كان به‌رده‌وامی هه‌یه، به‌تایبه‌ت له ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری پارێزگاكه.
شانه‌ی راگه‌یاندنی جه‌نگی شه‌وی رابردوو، 2ی حوزه‌یران بڵاویكرده‌وه، هێزێكی ده‌زگای هه‌واڵگری توانیویه‌تی چه‌كدارێكی داعش ده‌ستگیربكات له گوندی عه‌تشانه‌ی خواروو له پارێزگای كه‌ركوك و دوای لێكۆڵینه‌وه دانی به‌وه‌داناوه، پێشتر سه‌ر به قاعیده بووه و دواتر بۆته داعش، داواكراو بووه له دۆسیه‌كانی تیرۆر له نێویاندا به ئامانجگرتنی هێزه ئه‌منیه‌كان و كوشتن و وه‌ده‌رنانی هاوڵاتیان.
سه‌رباری تێپه‌ڕینی زیاتر له ساڵ و نیوێك به‌سه‌ر راگه‌یاندنی كۆتایی داعش له عیراق، به‌ڵام هێشتا جموجۆڵی چه‌كداری و هێرش و كرده‌وه‌ی توندوتیژی له چه‌ندین ناوچه به‌رده‌وامی هه‌یه، به‌تایبه‌ت له كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك.