200 خێزانی چیای شنگال لە هاوكاریی حكومەت بێبەشن

شنگال/ منداڵێكی ئاوارەی ئێزیدی لە دەلاقەیەكی ژورێكی ماڵەكەیدا دەڕوانێتە خێمەی ئاوارەكان لەسەر چیای شنگال فۆتۆ: ئیبراهیم شنگالی

ئیبراهیم شنگالی - شنگال

زیاتر لە 200 خێزانی ئاوارەی چیای شنگال بێبەشن لە هاوكارییەكانی حكومەت، بەهۆی تۆمارنەكردنی ناوەكانیان لەلایەن وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراقەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە ئاوارەكان بەگشتی گلەیی دەكەن لەوەی دەنگی رێكخراوە خێرخوازییەكان ناگاتە سەر چیا.

لە ئابی 2014، زیاتر لە دوو هەزار و 500 خێزانی ئێزیدی خۆیان لە دەستی هێرشی چەكدارانی داعش رزگاركرد و گەیشتنە چیای شنگال، تائێستاش نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق، لە كانونی دووەمی 2018 بڕیاریدا هاوكارییەكانی بگەیەنێتە چیای شنگال و ناونوسینی خێزانەكانی دەستپێكرد، بەڵام زیاتر لە 200 خێزان فریای ناو تۆماركردن نەكەوتن و وەزارەت تۆماركردنی ناوەكانی راگرت.

عەلی شەعبۆ، لێپرسراوی نوسینگەی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق لە چیای شەنگال، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو هاوکارییانەی دەگاتە دەستمان بەسەر خەڵکەكەدا دابەشی دەکەین، بەڵام هاوکارییەکان بەپێی پێویست نین، هەروەها دوو هەزار و 300 خێزان لای ئێمە تۆماركراون كە 10 هەزار كەس دەكات، بەڵام ناوی زۆر خێزان هێشتا تۆمارنەكراون و بە بڕیاری وەزارەت هیچ ناوێكی تر وەرناگرین".

هاوکارییەکان بەپێی پێویست نین

بەپێی وتەی عەلی شەعبۆ، وەزارەت دەیەوێت لەو رێگەیەوە خەڵكەكە ناچاربكات چیاكە جێبهێڵن و بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و گوندەكانیان ئاوەدانبكەنەوە، بەڵام تا ئێستا گوندەکانیان لە پاشماوەی داعش پاکنەکراونەتەوە.

"ئێمە مانگانە لەسەر دۆخی خەڵک راپۆرت دەدەینە وەزارەت و پێداویستییەکانیان دیاریدەکەین، بەڵام بەپێی پێویست هاوکارییەکانیان پێناگات"، عەلی شەعبۆ وایوت.

شنگال/ نوسینگەی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لەسەر چیای شنگال بەرلەوەی ناونوسكردنی ئاوارەكان رابگرن فۆتۆ: ئیبراهیم شنگالی

رەخنەشی لە رێكخراوە خێرخوازییەكان گرت، كە كارەكانیان بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكان بەتایبەت لەسەر چیای شنگال سنوردارە.

سەعید خەلەف، كە لە 2014ەوە لەسەر چیای شنگال و لەژێر خێمەدا دەژیت، یەكێكە لەوانەی ناوی تۆمارنەكراوە، لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق و هاوكاریی پێناگات، وتی "لە رۆژی یەکەمی ئاوارەبونمەوە، تا ئێستا وەکو ئاوارەكانی تر سەیرمان ناكەن، مانگانە 10 هەزار دینار تەنیا بە كۆپی فایل و تەسكەرە خەرجدەكەم بۆ ئەوەی ناوم تۆماربكرێت و هاوكارییم بكەن، بەڵام بێسودە".

وتیشی "پێشتر هەندێك رێكخراو و دەزگای خێرخوازی هاوكاریی خەڵكیان دەكرد، سەر بەلایەنی سیاسی بون، تەنیا هاوکاریی ئەو کەسانەیان دەکرد کە نزیک بون لە خۆیانەوە".

هەندێك رێكخراوی سەر بە لایەنی سیاسی هاوكاریی خەڵكیان دەكرد، بەڵام تەنیا بۆ ئەوانەی کە نزیک بون لە خۆیانەوە

ئەم گرفتەی بەرۆكی 200 خێزانی ئاوارەی چیای شنگالی گرتۆتەوە، هێشتا بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە و پلانی حكومەت دیارنییە بۆ هاوكاریكردنیان.

خودێدا چوكێ، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ سەر بە قەزای شنگال وتی "خەڵکی شنگال مافی خۆیانە گلەیی لە شێوای كاری رێکخراوەکان بکەن، بەڵام ئەو خزمەت و هاوكارییەی رێكخراوەكان بۆ ئاوارەكانی دەكەن حكومەت نەیكردووە".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT