منداڵەکان بەر لەنانی بەیانی پۆل پۆل دەموچاویان دەشۆن و نزای (سبێ)ی تایبەت بە ئاینەكەیان دەڵێنەوە، لە "هێلانەی سێویان"، دوای نانخواردن و خۆگۆڕینیش چالاكییە جۆراوجۆرەكانیان دەستپێدەكەن.
وێنەكە 180 پلە پێچەوانەیە لە ساڵێك یان دووساڵ لەمەوبەر، ئەوكات، بەیانیان نوێژی بە كۆمەڵ و قورئانیان دەخوێند و بەرەو سەربازگە زۆرەملێیەكان دەنێردران. چەكی قورسیان هەڵدەگرت و راهێنانی قورسییان دەبینی.
"هێڵانەی سێویان"، پەناگەیەكی ئارامە بۆ ئەو منداڵە ئێزیدیانەی دوای رزگاربونیان لە دەستی داعش، دایك و باوكیان نییە و ئەركی بەخێوكردنیان لێرە لە ئەستۆ دەگیرێت.
پەناگەكە لە دوو خانووی قەزای شێخان سەر بە پارێزگای نەینەوا و لە ساڵی 2016ەوە دروستكراوە، ئێستا قەڵایەكە بۆ منداڵە ئێزیدیانەی لە نازی دایك یان باوك، یان هەردوكیان بێبەشبون و كاریگەری ژینگەی داعشیان بەسەرەوە ماوە.
ئەوان لەو پەناگەیە جارێكی تر دەگەڕێنرێنەوە بۆ سەر ئاینی ئێزیدیی و هەوڵدەدرێت كاریگەری بیری ئەو رێكخراوەیان لەسەر نەمێنێت.
زۆزان حەسیب، مامۆستایە لە "هێڵانەی سێویان"، بە (کەرکوک ناو)ی وت "هەموو جۆرە وانەیەک بەم منداڵانە دەڵێینەوە، کاری ئێمە ئەوەیە ئەم منداڵانە لە کەشێکی سروشتیدابن و دوربن لەو بیر و هزرانەی لەلایەن داعشەوە فێركراون".
کاری ئێمە ئەوەیە ئەم منداڵانە لە کەشێکی سروشتیدابن و دوربن لەو بیر و هزرانەی لەلایەن داعشەوە فێركراون
ئەو 31 منداڵە بهرلهوهی بچنه پەناگەكە، ئایینی باوباپیرانی خۆیان له بیر نهمابوو، تهنیا ئهوهی دهیانزانی وتنهوهی ئهو وانانه بوو داعش فێری كردبون، كاتێك لهژێر دهستی ئهو رێكخراوهدا دهستبهسهر بون.
زۆزان وتی "جگە لەوانەوتنەوە، چەندین کار و پیشەی جیاوازیان فێردەكەین و رۆژانە زمان دەخوێنن و یاریی جۆراوجۆر و كاتبەسەربردن دەبینن".
"هێلانەی سێویان"، كە بەمانای لانەی بێسەرپەرشتان دێت، بەپاڵپشتی رێکخراوانی عەین سڤنێ بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، WHHی ئەڵمانی و رێکخراوی گفتوگۆی ئێزیدیی و كریستیانی، كراوەتەوە و مۆڵەتی حكومی هەیە.
منداڵەکان بەیانیان كە هەڵدەستن، نزای سبێ دەڵێنەوە كە لە چەندین تێکستی ئاینی ئێزیدی پێكدێت، دواتر بەخێوكەران نانیان پێدەدەن و لەگەڵ خۆگۆڕین چالاكییەكانیان دەستپێدەكات.
پیر ئاودی عەلی، بەڕێوەبەری پەناگەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەم منداڵانە لای داعش ناچاركرابون فەرزەكانی ئاینی ئیسلام جێبەجێبكەن، دواتر بەرەو بارەگا سەربازییەکان دەیانبردن و راهێنانیان پێدەكردن لەسەر هەموو جۆرە چەكەكان، ئێمە ئامانجمان ئەوەیە ئەو چیرۆكانە لە بیر و هزریان نەهێڵین".
بەگشتی شەش كەس لە پەناگەكە خزمەتی ئەو منداڵانە دەكات.
ئەم منداڵانە لای داعش ناچاركرابون فەرزەكانی ئاینی ئیسلام جێبەجێبكەن
بەپێی نوێترین ئاماری نوسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزدییان لە پارێزگای دهۆک، كە سەرەتای ئەم مانگە بڵاوكرایەوە، زیاتر لە 700 منداڵ دایك یان باوك، یان هەردوكیان لەدەستداوە. ئەوەش لەوكاتەی لە 3ی ئابی 2014ەوە داعش هێرشیكردە سەر قەزای شنگال زێدی مێژویی ئێزیدییەكان لە خۆرئاوای موسڵ.
پیر ئاودی عەلی، وتی "بۆ ئەوەی هەست بە بێ دایكی و باوكی نەكەن هەموو شتێك دەكەین، دەمانەوێت لەو دیمەنە ئازاربەخشانە دوریانبخەینەوە كە بینویانن".
"هەندێک لە منداڵەكان دایك یان باوكیان هەیە، بەڵام بیری داعش لای منداڵەكە ماوە و لێرە كاردەكەین بۆ دوبارە گەڕاندنەوەی بۆ منداڵێكی ئاسایی، دایك یان باوكیشی دەتوانن سەردانی منداڵەكەیان بكەن"، پیر ئاودی وایوت.
هەموو ئەو منداڵانەی هێشتا شوێنەواری داعش و ئەو ژینگەیەیان لەسەر دەتوانن منداڵەكانیان ببەنە ئەو پەناگەیە، هەر وەك پیر ئاودی وتی.