سێ جوتیار لەكاتی كەوتنەوەی ئاگر سوتان و دوانیان بەهۆی زۆری رێژەی سوتاوییەوە گیانیانلەدەستدا.
ئەو روداوە كاتژمێر 12ی شەوی رابردوو 8ی حوزەیران لە كۆمەڵگەی بۆركی سەر بە قەزای شنگال رویدا، لەوكاتەی ئاگرێكی زۆر لە گەنم و جۆی جوتیارانی ناوچەكە دەكەوێتەوە و جوتیارانی كۆمەڵگەكە هەوڵی كۆنترۆڵكردنی دەدەن.
فەیسەڵ رەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمەڵگەی بۆرکی بە (كەركوك ناو)ی وت "ئاگرەكە لە دەوروبەری كۆمەڵگەی بۆركی كەوتەوە و بەهۆی زۆری رەشەباوە نەماندەتوانی كۆنترۆڵی بكەین... جوتیارەكان هاواریان دەكرد تا خەڵكی كۆمەڵگەكە بەهانایانەوە بچن، ئێمەش چوین".
وتیشی "كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە ئاسان نەبوو، هەر جوتیارە و لەلایەكەوە هەوڵی دەدا، لەوكاتەدا هەواڵی و سوتانی جوتیارەكانمان پێگەیشت، نەماندەزانی چیبكەین، ترسمان هەبوو بەهێزی گڕی ئاگرەكە مەترسی زیاتر دروستبكات".
قاسم موراد، یەكێك لەو جوتیارانەی هەوڵی كوژاندنەوەی ئاگرەكەی دەدا، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو سێ جوتیارەی سوتان، هەوڵیاندەدا بە مەكینە بەر بە ئاگرەكە بگرن، بەڵام مەكینەكە گڕی گرت و ئەوانیش دووانیان بەگڕی ئاگرەكە سوتان و گیانیانلەدەستدا، یەكێكی تریان لە نەخۆشخانەیە".
بەپێی وتەی ئەو جوتیارە، ئاگرەكە بەهۆی شۆرتی كارەباوە بووە، لە دوری 5كم لە كۆمەڵگەی بۆركی.
ئەو دوو جوتیارەی كە گیانیانلەدەستدا خەڵكی هەمان كۆمەڵگەن، سەعید سەبری (٣٥ ساڵ) و بەرزان عومەر (40 ساڵ).
"رەشەبا كۆنترۆڵی ئاگرەكەی لەدەست دەركردین، من لەگەڵ كەوتنەوەی ئاگرەكە گەیشتمە ئەوێ و هاوارمان بۆ خەڵك كرد، جوتیار و خەڵكێكی زۆر هاتن، بەڵام نەتوانرا كۆنترۆڵبكرێن و زۆرینەی بەروبومی جوتیاران سوتا"، قاسم موراد وایوت.
خودێدا چوكی، بەڕێوەبەری نەحیەی سنونێ لە شنگال، وتی "تا درەنگانێكی شەو لە كۆمەڵگەی بۆركی بوین، چاوێری ئاگرەکەمان دەکرد، بەڵام هیچمان لەدەستنەدەهات دواتر ئاگرەکە نزیک بۆوە لە سنوری سوریا لەگەڵ عیراق و لەگەڵ نەمانی رەشەباكە وردە وردە ئاگریش نەما".
هەر دوێنی شەممە 8ی حوزەیران لە 11 ناوچەی شنگال لە خۆرئاوای موسڵ ئاگركەوتەوە و زیان بەر دانەوێڵەی جوتیاران كەوت.