له كێڵگه و زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی داقوق، ئاگرێكی گه‌وره كه‌وتۆته‌وه و نزیكبۆته‌وه له دانیشتوانی گوندێكی كاكه‌یی، بۆیه مه‌ترسی له نێو خه‌ڵكدا دروستبووه و داوای هاوكاری به‌په‌له ده‌كه‌ن، به‌رله‌وه‌ی به ناچاری ماڵه‌كانیان چۆڵبكه‌ن.
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 5ی حوه‌زیران، ئاگر له زه‌وییه‌كی به‌رفراوانی گوندی زهنقری كاكه‌یی نیشین كه‌وته‌وه له قه‌زای داقوقی پارێزگای كه‌ركوك، تا ئاماده‌كردنی ئه‌م هه‌واڵه (كاتژمێر 2:50 خوله‌كی دوانیوه‌ڕۆ) ئاگره‌كه كۆنتڕۆڵنه‌كراوه.
شڤان ئازاد، ئه‌نجومه‌نی گوندی زه‌نقر له داقوق به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئاگره‌كه له‌لایه‌ن كه‌سانی نه‌ناسراوه‌وه كراوه‌ته‌وه و سه‌دان دۆنم زه‌وی ده‌غڵ و دانی جوتیاران سوتاوه".
"تائێستا تیمه‌كانی ئاگركوژێنه‌وه نه‌گه‌یشتونه‌ته گونده‌كه و ئاگره‌كه مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانمان دروستكردووه، بۆیه خه‌ڵك هه‌موی چۆته سه‌ربانی ماڵه‌كانیان و ئه‌گه‌ریش هه‌یه ناوچه‌كه چۆڵبكه‌ن"، به‌وته‌ی ئه‌نجومه‌نی گونده‌كه.
به‌پێی ئه‌و وێنه و گرته ڤیدیۆییانه‌ی په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) له سنوره‌كه‌وه ناردویه‌تی، ئاگره‌كه نزیكی ماڵه‌كانی گوندی زه‌نقر بۆته‌وه.
نه‌جیب كه‌ریم، جوتیار له گوندی زه‌نقر به (كه‌ركوك ناو)ی وت "زیاتر له 200 دۆنم چێنراو به گه‌نم و كه‌ره‌سته و پێداویستی زۆری كشتوكاڵیم سوتا، له‌گه‌ڵ تۆڕه‌كانی كاره‌با و ته‌واوی كێڵگه‌یه‌كی كشتوكاڵی".
هه‌ر له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی ئاگره‌كه‌دا، بۆمبێكی چێنراو له زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی گوندی زه‌نقر ته‌قییه‌وه.