تەنیا لە ماوەی یەك هەفتەدا حەوت كەس لە پارێزگای نەینەوا گیانیانلەدەستداوە، ئەوەش لەكاتی هەوڵدان بۆ كوژاندنەوەی ئاگری زەوییە كشتوكاڵییەكان، نزیكەی 20 حاڵەتی سوتاویش تۆماركراوە كە بەشێكیان كارمەندانی بەرگری شارستانین.
ئەو روداوانە لە ناوچە جیاوازەكانی پارێزگاكە لەنێویاندا دەشتی نەینەوا و خۆرئاوای شارەكە بەهۆی كەوتنەوەی ئاگر لە زەوییە كشتوكاڵییەكان و هەوڵدان بۆ كوژاندنەوەیان تۆماركراون.
دوێنێ چوارشەممە 12ى حوزەیران، ئاگر لەگوندی دەراویش لە ناحیەی باشیك خۆرهەڵاتی موسڵ كەوتەوە، بەهۆیەوە و لەكاتی هەوڵدان بۆ كوژاندنەوەیەدا پێنج كەس سوتان و یەكێكیش بەهۆی زۆری رێژەی سوتاوییەكەوە گیانیلەدەستدا.
لە روداوێكی تردا، دووشهممه 10ی حوزهیران سێ جوتیار له قهزای تهلهعفهر گیانیانلەدەستدا و چواری تریش برینداربون.
لە قەزای شنگالیش لە خۆرئاوای نەینەوا، لە 8ی حوزەیران سێ كەس لەكاتی هەوڵدان بۆ كوژاندنەوەی ئاگری زەوییە كشتوكاڵییەكانیان سوتان.
جگە لە جوتیاران، كارمەندانی بەرگری شارستانی بونەتە قوربانی، لەكاتی هەوڵدان بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكان.
عەقید حوسام خەلیل، بەرێوەبەری بەرگری شارستانی نەینەوا، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "سێ لە كارمەندانی بەرگری شارستانی بەهۆی كەوتنەوەی ئاگر لە حەمەدانییە برینداربون و بەشێكی جەستەیان سوتا، دوانی كارمەندی ترمان بەهۆی تەقینەوەی بۆمبی چێنراو لە تەلعەفەر بە ئۆتۆمبێلەكانیاندا برینداربون".
لەگەڵ ئاماژەدان بە برینداربونی چوار كەسی تر لە قەزای بەعاج لە خۆرئاوای موسڵ.
بهپێی ئهو ئامارانهی بهرێوهبهرایهتی گشتی بهرگری شارستانی بڵاویكردۆتهوه، له 8ی ئایار تا 4ی حوزهیرانی ئهمساڵ، 44 حاڵهتی ئاگركهوتنهوه له نهینهوا تۆماركراوه و بههۆیهوه 11 ههزار و 183 دۆنم سوتاون، كه روبهرێكی بهرفراوانی دهكهوێته قهزای تهلهعفهر.
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، دوێنێ چوارشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، وتی "ئاگرەكانی ئەمساڵ كەمترە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو، زۆرێك لە زەوییە كشتوكاڵییەكان رزگاركراون لە سوتاندن، ئەوە لەهەموو شوێنی جیهان رودەدات و پێویستە ئەوەنە گەورە نەكرێت".
وتیشی كە سوتانی یەك دۆنم خەسارەتە بۆ عیراق.