لانیكەم 10 رۆژە، رێژەی سوتانی فیوڵ پەمپی ئۆتۆمبێل لە كەركوك زیادیكردووە، شۆفێران و وەستای ئۆتۆمبێل هۆكارەكەی بە پلەی یەكەم بۆ "خراپی كواڵیتی" بەنزین دەگەڕێننەوە كە سەرچاوەكەی هەردوو پاڵاوگەی كار و بازیانە لە هەرێمی كوردستان.
ئەو كێشەیە كە بەرۆكی شۆفێرانی گرتووە، هاوكاتە لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما، كە بەشێكی تر لە شۆفێران پێیانوایە كاریگەری هەیە لەسەر سوتاندنی فیوڵ پەمپی ئۆتۆمبێل.
ئاکام محەمەد، شوفێر لە شاری کەرکوک، دەڵێت تەنیا لە ماوەی یەک هەفتەدا سێجار فیوڵ پەمپی ئۆتۆمبێلەكەی سوتاوە، لەكاتێكدا ساڵانی رابردوو تەنیا جارێك یان هەر نەدەسوتا.
ئەو وتی "پێموابێت هۆكارەكەی خراپبونی بەنزینە و كواڵیتی وەكو جاران نییە، جاران بەنزینی كەركوك باشترین كواڵیتی هەبوو".
ئاكام، ئێستا دوو فیوڵ پەمپی لەناو ئۆتۆمبێلەكەی هەڵگرتووە بۆ رێگای دوور و ترسی هەیە لەهەر حاڵەتێكدا بێت بسوتێت.
محەمەد دەروێش، شوفێری تەکیسە لە کەرکوک، وتی "ئەو بەنزینەی لە بەنزینخانەكان وەریدەگرم لەگەڵ بەنزینی جۆری محەسەن تێكەڵی دەكەم بۆ ئەوەی كواڵیتییەكەی بەرزتر بێت".
بەنزینی محەسەن، ئۆکتانی بەرزترە لە بەنزینی جۆری نۆرماڵ، ئەمەی دووەمیان لەلایەن بەنزینخانە حكومییەكانەوە بە شۆفێران دەدرێت، بۆ هەر لیترێك 450 دینارە.
محەمەد دەروێش وتی "ئەگەر بەنزینە حكومییەكە تێكەڵی بەنزینی محەسەنی نەكەین، كاریگەری دەبێت لەسەر سوتانی فیوڵ پەمپ و جگەلەوەش بەنزینەكە كێشی نییە و ناتوانیت زەخت لە ئۆتۆمبێلەكە بكەین بۆ ئەوەی خێرا بڕۆین، چونكە بە باشی ناسوتێت و ئەزیەتی مەکینەی ئۆتۆمبێل دەدات".
شوانە ساڵح، وەستای گۆڕینی فیوڵ پەمپ، لەناو پیشەوەرانی بازاڕی حەسیرەکە، لەگەڵ ئاماژەدان بەزیادبونی سوتانی فیوڵ پەمپ لە 10 رۆژی رابردودا، بە (كەركوك ناو)ی وت "هۆکاری یەکەمی سوتانی فیوڵ پەمپ دەگەڕێتەوە بۆ خراپی بەنزین، بەهۆی ئەوەی کە ئەو بەنزینە بە باشی ناسوتێت ئەوەش دەبێتەهۆی گەرمبونی فیوڵ پەمپ و دواجار سوتاندنی".
ئەو وەستایە دەڵێت "منیش تێبینیم كردووە كواڵیتی بەنزینەكە خراپ بووە و وەك پێشتر نییە".
منیش تێبینیم كردووە كواڵیتی بەنزینەكە خراپ بووە و وەك پێشتر نییە
(كەركوك ناو)، نەیتوانی قسە لەگەڵ خاوەنی بەنزینخانەكان بكات و ئامادەنەبون قسە بكەن لەوبارەیەوە.
بەڵام سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی كەركوك، دەڵێت ئەو بەنزینەی كە ئێستا بەسەر شۆفێراندا دابەشی دەكەن لە هەمان ئەو پاڵاوگانەوە دێن كە پێشتر بەنزینیان لێوە دەهات.
بەنزینی كەركوك لە هەردوو پاڵاوگەی كار و بازیانەوە دابیندەكرێت.
سەرچاوەكەی (كەركوك ناو) لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان، وتیشی "پێشەوەی بەنزینەكە دابەشبكەین پشكنینی بۆ دەكەین، بەڵام هەروەكو جارانە و كێشەی نییە".