دانیشتوانی گەڕەكێك لانیكەم 15 ساڵە ئاوی سوێر دەخۆنەوە، ئەوەش نیگەرانی كردون بەهۆیەوە بەشێكیان خانووەكانیان هەزانفرۆش دەكەن و ماڵەكانیان بۆ گەڕەكەكانی تری شارەكە دەگوازنەوە.
ئەو گەڕەكە بەناوی (16ی ئاب)، لە ساڵی 2003و دوای روخانی رژێمی بەعس دروستكرا، دوای ئەوەی ئاوارەكانی سەردەمی ئەو رژێمە گەڕانەوە ئەو شارە و زەوییان بەسەردا دابەشكرا. بەڵام تائێستا ئاوی بیر دەخۆنەوە كە سوێرە و شیاو نییە بۆ خواردنەوە.
دوێنێ دووشەممە 17ی حوزەیران، دانیشتوانەكەی بۆ جارێكی تر خۆپیشاندانیان ئەنجامدا دژی جێبەجێنەكردنی بەڵێنەكانی حكومەت بۆ راكێشانی هێڵی ئاوی خواردنەوە.
دایکی رەسوڵ یەكێك لە دانیشتوانی گەڕەكەكە بە (کەرکوک ناو)ی وت "ماوەی 15 ساڵە ئاوی حکومیمان نییە و لە پڕۆژەی بیری تەرجلەوە لە ناحیەی لەیلان ئاوی خواردنەوەمان بۆ راكێشراوە، بەڵام سوێرە و بەناچاری دەیخۆینەوە".
ئەو وتی ئەو ئاوەش لە چوار بۆ پێنج رۆژ جارێك بەسەر دانیشتوانی گەڕەكەدا دابەشدەكرێت.
غەفور عوسمان، هاوڵاتییەكی گردبونەوەكەی دووشەممە، وتی "ناچار هەندێكجار بە تانكەر ئاو دەكڕین، هەر تانكەرێك 15 هەزار دینار دەدەین... ژیان وا ناچێتەسەر، خەڵك وردە وردە خانووەكانیان دەفرۆشن و گەڕەكەكە چۆڵدەكەن".
ناچار هەندێكجار بە تانكەر ئاو دەكڕین، هەر تانكەرێك 15 هەزار دینار دەدەین
چەند گەڕەكێكی تری پارێزگاكە بەهەمان شێوە، كێشەی كەمئاوییان هەیە لەوانە پەنجاعەلی، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما لەم وەرزەدا.
لە بودجەی ئەمساڵی پارێزگای كەركوك، بڕی 200 ملیار دینار بۆ فەرمانگەی ئاوی کەرکوک تەرخانكراوە و لە پێشینەی كارەكانی ئەو فەرمانگەیەش تەواوكردنی پڕۆژەی ئاوی کەیوان دووە لەو پارێزگایە. ئەو پڕۆژەیە دەبێتە دووەم سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شارەکە.
جیهان ئیبراهیم، جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی کەرکوک، بە (کەرکوک ناو)ی وت "پڕۆژەی ئاوی کەیوان دوو چارەسەری گرفتی کەمئاوی شارەكە دەکات".
ئێستا تاكە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی كەركوك لە پڕۆژەی کەیوان یەک-ەوەیە، ئەو پڕۆژەیە لە ساڵی 1983 دروستکراوە و تەنیا توانای دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی بۆ 850 هەزارکەس هەیە، لەکاتێکدا ئێستا رێژەی دانیشتوانی کەرکوک زیاترە لە ملیۆن و نیوێك.