بەهۆی پچڕانی كارەباوە بووە
ژمارەیەك نەخۆش بەپەلە لە نەخۆشخانەی كۆماری كەركوك گوازرانەوە

كەركوك/19ی حوزەیرانی 2019/ ساتی گواستنەوەی نەخۆش لە نەخۆشخانەی گشتی كەركوك بۆ نەخۆشخانەی ئازادی فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

كەركوك ناو

تەندروستی كەركوك شەوی رابردوو بەپەلە ژمارەیەك نەخۆشی لە بەشی بوژانەوەی نەخۆشخانەی گشتی كەركوك (كۆماری) بۆ نەخۆشخانەی ئازادی گواستەوە، ئەوەش بەهۆی پچڕانی كارەباوە.

كێشەكە كاتژمێر 9ی شەوی رابردوو دەستیپێكرد، كاتێك بەشی بوژانەوەی نەخۆشخانەی گشتی كەركوك شۆرتی كارەبای تێدا دروستبوو و نەتوانرا بەزویی چارەسەربكرێت.

حسێن سابر، لێپرسراوی راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەهۆی کێشەیەک لە سیستمی کارەبای بەشی بوژانەوە، بەشێک لە نەخۆشەکان گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی ئازادی، چونکە ئەو نەخۆشانە بەشێکی زۆریان لەژێر پشکنینی ئامێرە پزیشكییەکاندان، وەک هێڵکاری دڵ و چەندین ئامێری تر، هەروەها بۆ ئەوەی باشتر چارەسەر بکرێن گواستنەوەیان باشتر بوو".

بەهۆی کێشەیەک لە سیستمی کارەبای بەشی بوژانەوە، بەشێک لە نەخۆشەکان گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی ئازادی

نەخۆشەكان لەڕێی ئەمبوڵانسەوە گوازرانەوە و تا بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی حوزەیران لە هەر لە نەخۆشخانەی ئازادی بون.

حسێن سابر، هەر شەوی رابردوو وتی "تیمەکانی چاکكردنەوەی کارەبای کەرکوک و نەخۆشخانەکە سەرقاڵی دۆزینەوە و چاکكردنەوەی ئەو شۆرتی كارەبایەن".

بەپێی زانیارییەکانی کەرکوک، کە لەچەند سەرچاوەیەکەوە وەریگرتووە، لەوكاتەی نەخۆشخانەكان دەگوازرانەوە، ماوەی سێ کاتژمێر بوو کارەبای ئەو بەشەی نەخۆشخانەی کۆماری نەبوو.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT