راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، بە كەفالەت ئازادكرا، ئەوەش دوای سێ كاتژمێر مانەوەی لە دادگا و كشانەوەی دادوەرێكی لێكۆڵینەوە و گۆڕینی بە دادوەرێكی تر.
راكان سەعید، دوای ئەوەی كۆتایی هەفتەی رابردوو، لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی دەستپاكی كەركوكەوە "بڕیاری دەستگیركردنی" بۆ دەرچوو، كاتژمێر 11:30ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی حوزەیران گەیشتە دادگای كەركوك بۆ لێكۆڵینەوە و وەرگرتنی وتەكانی.
سەرەتا لێكۆڵینەوەكان لەلایەن دادوەر سەباح مەجید ئیبراهیم، دەستیپێكرد، كە نزیكەی دوو كاتژمێری خەیاند، بەڵام ناوبراو "لەژێر فشاردا لەو دۆسیەیە كشایەوە"، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەك لە دادگای كەركوك بۆ (كەركوك ناو).
سەرچاوەكە وتی "كشانەوەی دادوەر سەباح بەهۆی ئەوەوە بوو كە ناوبراو فشاری لەسەر بوو كە راكان سەعید ئازاد بكات، ئەویش لە دۆسیەكە كشاوەتەوە".
دادوەر سەباح مەجید ئیبراهیم، پێشتر و لە 3ی حوزەیرانی 2018، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ رێبوار فایەق عەبدولمەجید (رێبوار تاڵەبانی)، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەوەكالەت دەركرد.
كشانەوەی دادوەر سەباح بەهۆی ئەوەوە بوو كە ناوبراو فشاری لەسەر بوو
سەرۆكایەتی دادگای كەركوك، دوای كشانەوەی دادوەر سەباح مەجید ئیبراهیم، كەیسەكەیان رادەستی دادوەر عومەر حەمید كرد، كە لەنەتەوەی توركمانە.
سەرچاوەكە وتی "بە بڕیاری دادوەر عومەر حهمید، راكان سەعید بەكەفالەت ئازادكرا و دادگای جێهێشت".
كۆتایی هەفتەی رابردوو، دادگای لێكۆڵینەوەی دەستپاكی كەركوك، "بڕیاری دەستگیركردنی" بؤ راكان سەعید پارێزگاری كەركوك دەركرد، ئەوەش بەپێی دوو سەرچاوەی (كەركوك ناو) كە جەختیانكردەوە بڕیارەكە لەسەر سكاڵای پەرلەمانتارێك بووە بە تۆمەتی "بەهەدەردانی ٩٥٠ ملیۆن دیناری" ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی داعش كۆنترۆڵكراونەتەوە، بەڵام سەرچاوەیەكی تری (كەركوك ناو) وتی "تەنیا بانگهێشتكردنە نەك بڕیاری دەستگیركردن".
كردنەوەی ئەو دۆسیەیە بۆ مانگی شوباتی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە، كاتێك پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە كەركوك پرسی "بەهەدەردانی 950 ملیۆن دینارەكەی" بردۆتە داواكاریی گشتیی كەركوك و لەوێوە كەیسەكە جوڵێنراوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وردەكاری ئەو دۆسیەیە بە (كەركوك ناو)ی وت "دیلان غەفور، پەرلەمانتاری كەركوكی یەكێتی لە پەرلەمانی عیراق، لە مانگی شوباتی ئەمساڵ دۆسییەكەی بردۆتە دادگای كەركوك و لەڕێی داواكاریی گشتییەوە سكاڵای كردووە، دواتر سكاڵاكە بۆ رەزامەندی نیشاندان ئاراستەی بەغدا كراوە".
وتیشی "دوای ئەوەی داواكە لە بەغداوە گەڕاوەتەوە، كۆتایی هەفتەی رابردوو دادگای لێكۆڵینەوەی دەستپاكی كەركوك بڕیاری دەستگیركردنی بۆ راكان سەعید دەركردووە، بەڵام راكان چۆتە بەغدا و هێشتا نەگەڕاوەتەوە".
دادگای لێكۆڵینەوەی دەستپاكی كەركوك بڕیاری دەستگیركردنی بۆ راكان سەعید دەركردبوو
سەرچاوەیەكی تر كە نزیكە لە وردەكاریی هەوڵەكانی دیلان غەفور پەرلەمانتارەكەی یەكێتی و نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "سكاڵاكەی دیلان لە دژی پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك، لەسەر بەهەدەردانی سامانی وڵات بووە".
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە ئەو دوو سەرچاوەیە بە (كەركوك ناو)یان داوە، بەشێكی زۆری ئەو پارەیەی كە بۆ ناوچە كۆنترۆڵكراوەكان دانراوە، "لە میوانخانەكەی راكان سەعید خەرجكراوە".
بەپێی چەند وەسڵێك كە چەند رۆژێكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبۆتەوە و چەند كۆپییەكی لای (كەركوك ناو)ە، ژەمە خواردن بە بڕی جیاواز جیاواز لە دوو ملیۆنەوە بۆ پێنج ملیۆن، بۆ میوانخانەی پارێزگار خەرجكراوە، بەڵام (كەركوك ناو) نەیتوانی راستی ئەو بەڵگەنامانە بسەلمێنێت و هەروەها رون نییە ئایا لە ماوەی چەند-دا خەرجكراوە و ئەو خواردنە بۆ كێ و چۆن بووە. دیاریش نییە ئەو بەڵگانە چ پەیوەندییەكیان بە دۆسییەكەی پەرلەمانتار دیلان غەفورەوە هەبووە.
دیلان غەفور، لەبارەی ئەو كەیسەوە، رەتیكردەوە بچێتە ناو وردەكاریی بابەتەكەوە و تەنیا وتی "من چاوەڕوانی بڕیار و هەڵوێستی دادگام".
جگە لە دۆسییەكەی دیلان غەفور، چالاكوانی مەدەنی ئەدهەم جومعە، یەكێكە لەو كەسانەی سكاڵای لەسەر پارێزگاری بەوەكالەت تۆماركردووە، لەسەر ئەوەی "ئاشتەوایی نێوان پێكهاتەكانی كەركوكی تێكداوە و بە بڕیاری ئەوە هێرشی كردۆتە سەر خۆپیشاندەران".
ئەدهەم جومعە بە (كەركوك ناو)ی وت "ساڵێك و شەش مانگ لەمەوبەر خۆپیشاندانمان كرد دژی ئەوەی ئاشتەوایی پێكهاتەكانی تێكداوە، بەڵام لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە بە بڕیاری راكان سەعید دەستگیركراین، ئێمەش لە پۆلیس و مافی مرۆڤ سكاڵامان تۆماركرد".
راكان سهعید جبوری، له 16ی ئۆكتۆبهری 2017 و دوای گهڕانهوهی هێزهكانی حكومهتی ناوهندی بۆ ناوچهكانی جێناكۆك، وهك پارێزگاری كهركوك بهوهكالهت لهسهر بڕیاری سهرۆكوهزیرانی ئهوكاتی عیراق دهستبهكاربوو، ئهوهش دوابهدوای دورخستنهوهی نهجمهدین كهركوك لهو پۆسته.
جبوری ههرچهنده له ههڵبژاردنه پهرلهمانیهكهی ئایاری 2018ی پهرلهمانی عیراق دهنگی پێویستی هێنا بۆ كورسی، بهڵام هێشتا سوێندی پهرلهمانتاری نهخواردووه و له نێو بهغدا و مانهوه له كهركوك، بڕیاری یهكلاییكهرهوهی نهداوه.