نوێنه‌ری پێكهاته‌كانی كه‌ركوك له ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، چه‌ند داواكارییه‌كی جیاواز راده‌ستی شاندی باڵای نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ن ده‌رباره‌ی چه‌ند پرسێكی هه‌ڵپه‌سێراو، له نێویاندا دۆسیه‌كانی به‌رێوه‌بردنی پارێزگاكه و هه‌ڵبژاردن.
جینین هێنیس-پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یه‌كگرتووه‌كان له عیراق (یونامی) پێنجشه‌ممه 20ى حوزه‌یران سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد، بۆ كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كان، به ئامانجی تاوتوێی بارودۆخی پارێزگاكه له روی سیاسی و ئیداری و ئه‌منیه‌وه.
نه‌جات حسێن، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک له لیستی خزمه‌تکردنی تورکمان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌رده‌وام داواکاری و قسه‌کانمان زیاتر له 13 ساڵه هه‌مان شت ده‌ڵێینه‌وه، ئه‌وه‌یه ده‌بێت که‌رکوک به هاوبه‌شی به‌رێوه‌ببرێت نه‌ک ته‌نها یه‌ک نه‌ته‌وه، داوای بهدواداچونهوهمان کرد له سجلی ده‌نگده‌ران له‌گه‌ڵ دابه‌شکردنه‌وه‌ی پۆسته‌کان".
له كۆبونه‌وه‌ی شانده‌كه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان له‌گه‌ڵ توركمان، باسی چه‌ند پرسێكی تر كراوه، له‌وانه رێگریی له توندوتیژی و ناكۆكی له نێو شاردا، به‌وته‌ی نه‌جات حسێن، به‌ڵام شانده‌كه ته‌نیا گوێگر بون و ئامانجیان یه‌كترناسین بووه.
هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، كه هێشتا له‌سه‌ر ئاستی عیراق یه‌كلانه‌بۆته‌وه و واده‌كه‌ی بڕیاری له‌سه‌ر نه‌دراوه، له كه‌ركوك جێی ناكۆكی نێوان پێكهاته‌كانه به‌هۆی رێكنه‌كه‌وتن ده‌رباره‌ی چه‌ند دۆسیه‌یه‌ك، به تایبه‌ت ئه‌و تێبینییانهی ده‌رباره‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران هه‌یه.
جوان حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک له لیستی برایه‌تی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئێمه داوامان له شانده‌كه كرد ئه‌وان وه‌ك لایه‌نی سێیه‌م كاربكه‌ن، له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و وڵاتانی هه‌رێمی ده‌ست له كاروباری عیراق وه‌رنه‌درێت، به‌ڵكو بارودۆخی شاره‌كه بۆ دانیشتوانه‌كه‌ی بهجێبهێڵن، تا خۆیان بڕیار له‌سه‌ر خۆیان و پارێزگاكه بده‌ن".
به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان، له كۆبونه‌وه‌كانی شاندهكهیاندا له كه‌ركوك، تاوتوێی دۆسیه هه‌ڵپه‌سێراوه‌كان كراوه و داواشكراوه، دیالۆگ له نێوان پێكهاته‌كاندا هه‌بێت بۆ به‌دیهێنانی سه‌قامگیری و ئاشته‌وایی.
لیواروكن سه‌عد حه‌ربیه، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی كه‌ركوك له به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه له‌گه‌ڵ شاندی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، باسیان له هه‌ماهه‌نگی و رێگای گونجاوی كاركردن كردۆته‌وه بۆ باشكردنی بارودۆخی ئه‌منی و گره‌نتی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ ناوچه كۆنتڕۆڵكراوه‌كانی خۆیان.
له كۆبونه‌وه‌ی نێوان شاندی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان له‌گه‌ڵ لیستی برایه‌تی، به‌وته‌ی جوان حه‌سه‌ن، باس له دۆخی ئه‌منی و جێگیربونی هێزی سه‌ربازی له دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و كێشه‌كانی ئێستای ئیداره‌دانی شاره‌كه كراوه، جگه له روداوه‌كانی سوتانی ده‌غڵ و دانی جوتیاران.
"من چه‌ند تێبینی و پێشنیارێکم خسته به‌رده‌م نێردراوه‌که‌ی یونامی، یه‌که‌میان ئه‌وه‌ی ته‌نیا گوێده‌گرن و هیچ ناكه‌ن و هه‌وڵه‌كانیان ئه‌نجامی نه‌بووه ده‌رباره‌ی بارودۆخی كه‌ركوك، دوه‌میش داوامكرد شانده‌كه‌یان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری هه‌موو پێكهاته‌كان به یه‌كه‌وه كۆبێته‌وه نه‌ك هه‌ر لیسته و به جیا.. وه‌ڵامی ئه‌وان ئه‌وه‌بوو تائێستا هیچ پێشنیازێكیان نیه بۆ ئه‌و جۆره كۆبوونه‌وانه".
جوان حه‌سه‌ن ده‌ڵێت شانده‌كه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه هه‌ركارێك به‌وان بكرێت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراقی ده‌بێت، ئه‌وه‌ش زیاتر له پێشكه‌شكردنی راوێژ و پێشنیاره، نه‌ك بڕیاردان.