پەرلەمانی عیراق، فاروق ئهمین عوسمان شوانی، بە وەزیری دادی عیراق هەڵبژارد، ناوبراو خەڵكی كەركوكە، بەڵام سهفانه حسێن عهلی حهمدانی، خهڵكی نهینهوا و كاندید بۆ وهزارهتی پهروهرده متمانەی پێنەدرا. هەر لەو دانیشتنەدا وەزیرانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری هەڵبژێردران.
دانیشتنەكەی پەرلەمانی عیراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 24ی حوزەیران بەڕێوەچوو، كە بڕگەیەكی تایبەت بوو بە تەواوكردنی كابینە وزارییەكەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكی وەزیرانی عیراق.
لە دانیشتنەكەدا فاروق ئهمین عوسمان شوانی، لە پشكی كورد بە وەزیری داد هەڵبژێردرا، هەروەها هەریەكە لە نەجاح حەسەن عەلی شەمەری بە وەزیری بەرگریی و یاسین تەها حەسەن یاسر یاسری بە وەزیری ناوخۆ هەڵبژێردران.
فاروق ئەمین لە سالی 1957 لە كەركوك لەدایكبووە، لە ساڵی 1980 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە یاسا و سیاسەتدا پێدراوە و لە سالی 1993 دبلۆمی لە پەیمانگەی دادوەری بەغدا بەدەستهێناوە.
ناوبراو لە ساڵی 1993 – 1997 لە سەرۆكایەتی دادگای زیقار و دواتر لە ساڵی 1998ەوە تا 2003 لە سەرۆكایەتی دادگای ئەنبار بووە.
لە ساڵی 2003ەوە تا هەڵبژاردنی وەكو وەزیری داد لە سەرۆكایەتی دادگای كەركوك دەوامیكردووە.
هەر لەو دانیشتنەدا سافانە حسێن عهلی حهمدانی، خهڵكی نهینهوا و كاندید بۆ وهزارهتی پهروهرده لەلایەن پەرلەمانەوە رەتكرایەوە.
ئەو وەزارەتانە چەند مانگێكە جێی ناكۆكی نێوان كوتلە و حزبە جیاوازەكانی عیراق بون، وهزارهتی داد له چهند مانگی رابردودا جێی ناكۆكی نێوان یهكێتی و پارتی بوو و لەو ماوەیەدا لەسەر كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە رێكنەدەكەوتن.
هەروەها وەزارەتی ناوخۆ كە پشكی شیعەكان و وەزارەتی بەرگری لە پشكی سوننە بە هەمان شێوە جێی ناكۆكی نێوان لایەنەكان بوو.
بەهۆی ئەو ناكۆكییانەوە، لانیكەم هەشت مانگە ئەو وەزارەتانە بە وەكالەت بەڕێوەدەبران.