دەیان رێكخراوی مەدەنی، حزب و كەسایەتی ئاینیی توركمانی، هەوڵەكانیان چڕكردۆتەوە بۆ زیادكردنی رێژەی توركمان لەڕێی خستنەوەی منداڵی زیاتر، بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژەیەكی 12 خاڵی رادەگەیەنن؛ ئەو پێكهاتەیە پێیانوایە هێزی ئەوان لە عیراق لە بەرزبونەوەی ژمارەی ئەو پێکهاتەیە.
ئەو پڕۆژەیە یەكشەممە 23ی حوزەیران راگەیەنرا و خرایە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوەش دوای داواكارییەكی ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەی توركمانی هات بۆ خێزانەكان لە 10ی ئایاری رابردوودا، كە جەختیكردەوە پێویستە ژمارەی منداڵەكان زیادبكەن.
رێکخراوى دهنیزى تورکمانى بۆ کاروباری ژنان، كە پڕۆژەكەی دوای گفتوگۆكردنێكی فراوان راگەیاند، 12 خاڵی وەك دەستپێك راگەیاندووە، هەرخۆشی چاودێری قۆناغەكانی جێبەجێكردنی دەكات.
قهدریه زیائى، سهرۆکى رێکخراوى دهنیز به (کهرکوک ناو)ی وت "ئەو 12 خاڵە دوای گفتوگۆیەكی ورد هات لەگەڵ بهرپرسانى حزبى و حکومى و ئامانجمان بەگشتی زیاتركردنی ژمارەی دانیشتوانی توركمانە لە كەركوك و ناوچەکانی تری عیراق".
بەپێی پڕۆژەكە، كە ئامانج لێی هاندانانى گهنجى تورکمانە بۆ هاوسهرگیریی و خستنەوەی نەوهى زیاتر، لیژنەیەكی باڵا پێكدەهێنرێت بۆ چاودێریكردن و سەرپەرشتیكردنی ئەو هەوڵە. ئەو لیژنەیە بەرەی توركمانی، رێکخراوهکانى کۆمهڵگاى مهدهنى تورکمانی، پیاوانى ئاینى و کهسایهتى ناودار و سهرمایهدارهکانی ئەو پێكهاتەیە بەشداردەبن تیایدا، ئەوەش وەك خاڵی یەكەمی پڕۆژەكە.
کاراکردنى کارهکانى نوسینگهى هاوسهرگیرى گهنجانى تورکمان لهنێو بیناى رێکخراوى دهنیز بۆ ژنانى تورکمان و هاوكاری ئەو رێكخراوە بۆ گەنجان لەڕوی داراییەوە بەشێكی ترە لە خاڵەكانی پڕۆژەكە، ئەوەش لەڕێی دانانی سندوقى پاڵپشتی دارایی.
ئەو سندوقە كە لیژنەكە پێشنیازی كردووە، داوای هاوكاریی دەكات لە کهسایهتییە دیارهکانی توركمان، سهرمایهدارهکان و رێکخراوه تورکمانییهکان لهناوه و دهرەوەی عیراق، ئەوەش وەك قهدریه زیائى جەختیلێكردەوە.
لیژنەكە بڕیاریداوە گفتوگۆ لەگەڵ گەنجانی توركمان بکات، بەتایبەتی ئەوانەی تازە هاوسەرگیریان كردووە، یان هێشتا نەچونەتە ناو پرۆسەكەوە، كۆی گفتوگۆكان لەسەر بنەمای پێویستی گرنگی و زیادبونی توركمان دەبێت.
توركمان سێیەم نەتەوەیە لەسەر ئاستی عیراق، بەزۆری لە پارێزگای كەركوك، خۆرئاوای موسڵ، پارێزگای سەڵاحەدین و هەولێر نیشتەجێن و دەیان حزب و رێكخراوی تایبەت بەخۆیان هەیە.
راگەیاندنی ئەو پڕۆژەیە دوای 44 رۆژ دێت لە لێدوانێكی ڤیدیۆیی ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەی توركمانی، كە تیایدا وتی "هەرچەندە بارودۆخ و گوزەران سەختە، بەڵام پێویستە ژمارەی منداڵەكان زیادبكەن چونكە پێویستمان بەوەیە ژمارەمان زیادبێت".
ساڵحی وتی "لە رابردودا ئەندامانی خێزانێكی توركمانی لە 10 كەس كەمتر نەبوو، پێویستە گەنجەكانمان ژمارەی منداڵەكانیان زیادبكەن".
لە رابردودا ئەندامانی خێزانێكی توركمانی لە 10 كەس كەمتر نەبوو، پێویستە گەنجەكانمان ژمارەی منداڵەكانیان زیادبكەن
لیژنەی زیادكردنی نەوەی توركمان، بڕیاریانداوە نوسراو و لافیتەی رێنمایی لە شەقامەكاندا بۆ گەنجان هەڵبواسن. لە راگەیاندنەكاندا بەرنامەی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە رێكبخەن و ئەو كەسایەتییە توركمانانە بەشداری پێبكرێن كە كاریگەرییان لەسەر ئەو پێكهاتەیە هەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا، دەیانەوێت لە وتاری هەینی مزگەوتەكاندا پیاوانی ئاینی باس ئەو پرسە بكەن، لیژنەكە بڕیارە سەردانی خێزانە توركمانەكانیش بكات و رێنمایی و رونكردنەوەیان پێبدات.
هشام بەیرهقدار، لێپرسراوی لقی كەركوك بهرهى تورکمانى و بەشداربوی ئەو گفتوگۆیەی لیژنەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئهمه بۆ یهکهمینجاره ئهم بیرۆکهیه لهنێو رێکخراوهکانى کومهڵگاى مهدهنی تورکمانى دروستدەبێت، ئێمە پاڵپشتییان دەكەین و زۆرمان پێخۆشە... هاتوین بۆ گوێگرتن و بڕیامانداوە هانیان بدەین بۆ خستنەوەی منداڵ، پێموایە پڕۆژەكە سەركەوتوو دەبێت".
بەشودانی كچان لەكاتی خۆیدا، دانانی پڕۆژەیەك بۆ یارمەتیدانی ئەو خێزانانەی كێشەی كۆمەڵایەتییان هەیە بۆ رێگریكردن لە جیابونەوەیان و كەمكردنەوەی مارەیی بۆ ئەوانەی دەیانەوێت هاوسەرگیری بكەن بەشێكی ترە لە پڕۆژەكە.
شێخ حهسهن عهباس بهگ ئۆغڵۆ، یاریدهدهرى بهڕێوهبهرى وهقفى سوننى كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "من یهکێک دەبم له ئهندامانی ئەو لیژنەیە، زۆر خستنەوەی منداڵ لهڕوی شهریعهت و لهڕوی کۆمهڵایهتییهوه کارێکى باشه، ئهمه وادهکات گهنجانمان خۆیان بهدوربگرن له کێشه و سەرقاڵی ماڵ و منداڵ و كاسبی خۆیان بن، هەروەها رێژەی قەیرە كەمدەبێتەوە لەنێو ئەم نەتەوەیە".
ئەو پڕۆژەیە لەكاتێكدایە لە ئێستادا بەشێك لە خێزانەكان لە عیراق، بەتایبەت ئەوانەی هۆشیاری زیاتریان هەیە رێگریی دەكەن لە زۆربونی منداڵ، ئەوەش بەهۆی سەختی بژێوی ژیان و قورسی پەروەردەكردنیان، بۆیە لە یەك بۆ سێ منداڵیان هەیە.