به‌یروت – كه‌ركوك ناو
نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری پێشوی كه‌ركوك به ده‌ستتێوه‌ردان و فشاری ئه‌مریكا گەڕایەوە هەولێر و رێگه‌نه‌دراوه له‌لایه‌ن لوبنانه‌وه راده‌ستی به‌غدا بكرێته‌وه، دوای ده‌ستبه‌سه‌ركردنی بۆ 26 رۆژ له‌و وڵاته.
پۆلیسی ئینته‌رپوڵ له‌سه‌ر داوای حكومه‌تی عیراق، لە 21ی ئایاری ئه‌مساڵدا نەجمەدین كەریم-ی لە فڕۆكەخانەی رەفیق حەریریی نێودەوڵەتی له به‌یروتی پایتەختی لوبنان ده‌ستگیركرد، بە تۆمەتی ئیختیلاس و رۆژی دواتر بە مەرج ئازادكرا و خرایه ژێر مانه‌وه‌ی به‌زۆر.
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو) له به‌یروت، نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌لایه‌ن پۆلیسی ئینته‌رپوڵه‌وه پاسپۆرته ئه‌مریكییه‌كه‌ی لێوهرگیراوە تا دۆسیه‌كانی له به‌غداوه ده‌گات، به‌ڵام دواتر له‌ژێر فشاردا ئازادکراوە و گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ شاری هه‌ولێر، به‌رله‌وه‌ی راده‌ستی حكومه‌تی عیراقی بكرێتەوە.
سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای ئه‌منی لوبنانی تایبه‌ت بۆ (كه‌ركوك ناو) ئاشكرایكرد، ده‌ستتێوه‌ردان و فشاری ئه‌مریكا وایكردووه نه‌جمه‌دین كه‌ریم ئازادبكرێت و بگه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ولێر.
ده‌ستتێوه‌ردان و فشاری ئه‌مریكا وایكردووه نه‌جمه‌دین كه‌ریم ئازادبكرێت و بگه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ولێر
نەجمەدین كەریم، ئێواره‌ی 15ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ له‌ڕێی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێره‌وه گه‌ڕایه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان، له دوو كۆبونه‌وه‌دا له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێم و رۆژی دواتر له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستاندا ده‌ركه‌وت.
سه‌رچاوه‌كه‌ی لوبنان كه ئاگاداری ورده‌كارییه‌كانه و له‌به‌ر هه‌ستیاری دۆسیه‌كه نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه، وتی كاتێك هه‌واڵی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی نه‌جمه‌دین كه‌ریم بڵاوبۆته‌وه، په‌یوه‌ندی زۆر كراوه بۆ زانیاری له‌سه‌ر دۆسیه‌كه، له‌كاتی كۆبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی ئه‌منی لوبنان، پارێزگاری پێشوی كه‌ركوك وتویه‌تی ئه‌و كه‌یسه هۆكاری سیاسی له پشته‌وه‌یه.
له فه‌رمانه‌كه‌ی پۆلیسی ئینته‌رپوڵدا بۆ ده‌ستگیركردنی نه‌جمه‌دین كه‌ریم، تۆمه‌تباركراوه به هێشتنه‌وه‌ی چوار ئۆتۆمبێل پارێزگا و بەکارهێنانیان بۆ خۆی، له‌كاتێكدا ناوبراو له‌لای لێپرسراوه ئه‌منیه‌كه‌ی لوبنان جه‌ختیكردۆته‌وه له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كان و راده‌ستكردنه‌وه‌یان.
لە دواین چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ كەناڵی رووداو –نزیك لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم- نەجمەدین كەریم، لەبارەی دۆسیەی ئۆتۆمبێلەكانەوە، وتی هیچ ئۆتۆمبێلێكی ئیدارەی پارێزگای كەركوكی لا نییە و رادەستی كردۆتەوە، لەكاتێكدا بەپێی وەزارەتی ناوخۆی عیراق و سكاڵاكانی سەری، دۆسیەكانی دژی پەیوەندی هەیە بە "گەندەڵیی و ئیختیلاسەوە".
نه‌جمه‌دین كه‌ریم لە 31ی تشرینی یەكەمی 2018ەوە فەرمانی دەستگیركردنی لەلایەن عیراقەوە دراوەتە پۆلیسی ئینتەرپوڵ، هەروەها لە 12ی نیسانی 2018ەوە بڕیاری دەستگیركردنی لای دادگاکانی عیراق هەیە، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێكی پێشوی وەزارەتی ناوخۆی عیراق كە لە 26ی ئایار بڵاوكراوەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی عیراق سوربونی خۆیشی راگەیاندبوو لە گەڕاندنەوەی ناوبراو بۆ بەغدا و دادگاییكردنی بە تۆمەتی ئیختیلاس.
دوای ئازادكردنی له فڕۆكه‌خانه و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی پاسپۆرته‌كه‌ی، دادگای لوبنانی له‌رێی دادوه‌ر عه‌ماد قه‌بلان-ەوه داوای راده‌ستكردنی دۆسیه‌كه‌ی كردووه، تا به‌دوایدا بچێت.
پۆلیسی ئینتەرپوڵ لە لوبنان، چه‌ند رۆژێك دوای ده‌ستبه‌سه‌ركردنی نه‌جمه‌دین لە وەڵامی نامەیەكی وەزارەتی ناوخۆی عیراقدا لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە، جەختیكردەوە كە ناوبراو بە كەفالەت ئازادكراوە، ئەوەش بەپێی یاساكانی لوبنان، بەڵام پاسپۆرتەكەی لێوەرگیراوەتەوە و قەدەغەی هاتوچۆی لەسەرە.
سه‌رچاوه ئه‌منییه‌كه‌ی لوبنان بۆ (كه‌ركوك ناو) رونیكرده‌وه په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی و فشاره‌كان بۆ رێگری له راده‌ستكردنی نه‌جمه‌دین كه‌ریم به ده‌سه‌ڵاتی عیراقی چڕببونهوه، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و فه‌رمانگه‌كانی تره‌وه له واشنتن.
په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی و فشاره‌كان بۆ رێگری له راده‌ستكردنی نه‌جمه‌دین كه‌ریم به ده‌سه‌ڵاتی عیراقی چڕببونهوه، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا
هاوکات، سه‌رچاوه‌كه ئاشكرایكرد گابریەل عیسا، باڵیۆزی لوبنان له واشنتنی پایته‌ختی ئه‌مریكا په‌یوه‌ندی كردووه به لێپرسراوانی وڵاته‌كه‌یه‌وه و ئاگاداری كردونه‌ته‌وه له‌وه‌ی په‌یوه‌ندی زۆری پێوه‌كراوه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاوه و ده‌زگاكانی تره‌وه، كه گرنگی زۆر به‌و دۆسیه‌یه ده‌ده‌ن و داواكارن به‌یروت نه‌جمه‌دین كه‌ریم راده‌ستی به‌غدا نه‌كاته‌وه.
نه‌جمه‌دین عومه‌ر كه‌ریم، كه له دایكبوی 1949ی گهڕەكی شۆریجه‌ی كه‌ركوكه، له ساڵی 1976وه چۆته ئه‌مریكا و خاوه‌نی ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌و وڵاته‌یه، تا ساڵی 2009 گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ عیراق.
دوابه‌دوای تێپه‌ڕینی نزیكه‌ی مانگێك به‌سه‌ر مانه‌وه‌ی نه‌جمه‌دین كه‌ریم له به‌یروت، هه‌ریه‌ك له میشال عه‌ون، سه‌رۆككۆمار و سه‌عد حه‌ریری سه‌رۆكوه‌زیرانی لوبنان مهرسومێكیان واژۆكرد تا پارێزگاری پێشوی كه‌ركوك ره‌وانه‌ی به‌غدا نه‌كرێته‌وه.
له‌گه‌ڵ واژۆكردنی ئه‌و مه‌رسومه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی لوبنان، نه‌جمه‌دین پاسپۆرته‌كه‌ی پێدراوه‌ته‌وه و له‌رێی فڕۆكهخانهوهی به‌یروته‌وه، گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ هه‌ولێر.
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق 18ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ له كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی هه‌فتانه‌ی خۆیدا جەختیكرده‌وه لەوەی "هیچ ئاسانکارییەک" لەلایەن حکومەتی به‌غداوه نەکراوە لەبارەی گەشتکردنی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشوی کەرکوک و جێ‌ھێشتنی لوبنان.
ھەروەھا وتی "ئینتەرپوڵی عیراق و باڵیۆزخانەی عیراق ئەرکی خۆیان بەرامبەر دۆسیەکە جێبەجێکردووە، بەڵام دەرکردنی مەرسومێکی کۆماریی لوبنان، وایکردووە نەجمەدین کەریم بتوانێت ئەو وڵاتە جێبهێڵێت و گەشت بکات".
دەرکردنی مەرسومێکی کۆماریی لوبنان، وایکردووە نەجمەدین کەریم بتوانێت ئەو وڵاتە جێبهێڵێت و گەشت بکات
به‌پێی سه‌رچاوه‌كانی ئاگاداری لوبنان له‌و دۆسیه‌یه بۆ (كه‌ركوك ناو)، راده‌ستنه‌كردنه‌وه‌ی نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌لایه‌ن لوبنانه‌وه به به‌غدا، قه‌یرانێكی سیاسی بێده‌نگی له‌نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا (عیراق و لوبنان) دروستكردووه، دوای باشبونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌روی هه‌ماهه‌نگی ئه‌منی و دادوه‌رییه‌وه له رابردودا، به‌تایبه‌ت دوای سه‌ردانی لێپرسراوانی به‌یروت بۆ عیراق له نێویاندا میشال عه‌ون، له شوباتی 2018دا.
نه‌جمه‌دین كه‌ریم، له كۆتایی ئازاری 2011دا وه‌ك پارێزگاری كه‌ركوك له پشكی كورد/ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌ڵبژێردرا و له ئه‌یلولی 2017 به‌بڕیاری په‌رله‌مانی عیراق، له‌و پۆسته دورخرایه‌وه.