هێشتا سه‌دان ته‌رم له ژێر داروپه‌ردوی خانوه روخاوه‌كانی موسڵدا ماون، به‌ڵام هیچ كه‌سێك نیه دهریانبهێنێتهوه، ته‌نیا ئه‌گه‌ر ببێته هۆی بێزاری خه‌ڵك.
پرۆسه‌ی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كان له نه‌ینه‌وا، له ئایاری 2018دا به فه‌رمی ده‌ستیپێكرد و له‌رێی گروپه حكومیی و خۆبه‌خشه‌كانه‌وه، روفاتی نزیكه‌ی پێنج هه‌زار مه‌ده‌نی و چه‌كداری داعش هه‌ڵگیرانه‌وه.
عه‌قید حوسام خه‌لیل عه‌بد، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌رگری شارستانی پارێزگای نه‌ینه‌وا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له قوناغی یه‌كه‌مدا ته‌نیا ته‌رمی هاوڵاتیانی سڤیل هه‌ڵگیرانه‌وه كه ژماره‌یان گه‌یشته دوو هه‌زار و 67 كه‌س، دواتر پرۆسه‌كه بۆ ته‌رمی چه‌كدارانی داعش بوو كه دوو هه‌زار و 850 ته‌رم له‌و قۆناغه‌دا هه‌ڵگیرانه‌وه".
تیمی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كان، به بڕیاری سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق پێكهێنرا له به‌رێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی، شاره‌وانی و ته‌ندروستی.
"هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵگرتنی ته‌رمه‌كان به رێژه‌ی سه‌دا 95 بۆ 98 ته‌واو بووه، به‌ڵام مانای ئه‌وه‌نیه هه‌ڵمه‌ته به یه‌كجاری كۆتایی هاتبێت، به‌ڵكو ئێمه به‌رده‌وامین و هه‌ركاتێك خه‌ڵك په‌یوه‌ندیمان پێوه‌بكه‌ن ده‌ستبه‌جێ تیمه‌كانمان ته‌رم هه‌ڵده‌گرنه‌وه" عه‌قید حوسام واده‌ڵێت.
ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی پارێزگای موسڵ، دوای زیاتر لە نۆ مانگ و لە نیسانی ساڵی 2017 كۆتاییهات، بەهۆیەوە سەدان مەدەنی له نێویاندا منداڵ بونە قوربانی، جگه له كوژرانی ژماره‌یه‌كی زۆر له چه‌كدارانی داعش.
سرور عه‌بدولكه‌ریم، سه‌رپه‌رشتیاری گروپی خۆبه‌خش تایبه‌ت به ده‌رهێنانی ته‌رم له شاری نه‌ینه‌وا به (كه‌ركوك ناو )ی وت "كاره‌كه زۆر قورس و ناخۆش بوو، جگه له‌مه‌ترسی بۆمبی چێنراو و بۆنی ناخۆش، سه‌رباری ئه‌وه‌ش توانیمان هه‌زار ته‌رم هه‌ڵبگرینه‌وه".
ئه‌و گروپه خۆبه‌خشه، له كۆتایی 2017دا دامه‌زراوه، له‌رێی 40 كوڕ و كچه‌وه، دوای وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا له سه‌ره‌تای ساڵی رابردودا ده‌ستبه‌كاربون، دواتر به‌هۆی دروستبونی كێشه و ناكۆكییه‌وه له‌گه‌ڵ پارێزگاری پێشودا، وه‌ك سه‌رۆكی گروپه‌كه ده‌لێت، كاره‌كانیان راگرت و دهستیانپێنهكردهوه.
سرور وتی "ته‌نیا پێنج مانگ ئیشمان كرد، .. راسته ئێستا پارێزگارێكی نوێ ده‌ستبه‌كاربووه به‌ڵام هیچ داوایه‌كی لێنهكردوین ده‌ست به ئیش بكه‌ینه‌وه و بڕیارمانداوه نه‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ئه‌و كاره".
به‌پێی ئامارێكی كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ له عیراق، له نێو ته‌رمی ئه‌و مه‌ده‌نییانه‌ی هه‌ڵگیراونه‌ته‌وه، زیاتر له 800 منداڵ هه‌بوون و زۆرینه‌یان له به‌ری راستی موسڵ بون.
خدر ئلیاس، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ته‌ندروستی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "سه‌ره‌تا ژماره‌یه‌كی زۆر له كه‌س و كاری قوربانیان سه‌ردانی پزیشكی دادیان ده‌كرد به مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی كه‌سه‌كانیان به‌ڵام له ئێستادا ئه‌وه نه‌ماوه، چونكه زۆربه‌ی ته‌رمه‌كانی هاوڵاتیانی سڤیل ده‌رهێنراون و ئه‌وانه‌ی ماون زۆربه‌یان چه‌كدارانی داعشن".
له ئێستادا كاری لیژنه‌ی ده‌رهێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كان گۆڕدراوه، وه‌ك ئلیاس باسیكرد، هه‌ركاتێك خه‌ڵك په‌یوه‌ندی بكات به تیمه‌كه و زانیاری له‌سه‌ر هه‌بونی ته‌رمێك بدات، كه بۆنی ناخۆشی له گه‌ڕه‌كێكدا بڵاوكردۆته‌وه، ئه‌وكات لیژنه‌كه ده‌چێته ئه‌و شوێنه تا ته‌رمه‌كه هه‌ڵبگرنه‌وه.
شه‌ڕی داعش، وێرانكاری زۆری له نه‌ینه‌وا و به‌تایبه‌ت له‌به‌ری راستی موسڵ لێكهوتهوه، زۆرێك له ته‌رمه‌كان كه‌وتنه ژێر خانوه روخاوه‌كانه‌وه، به‌هۆی بۆردومان و ته‌قینه‌وه‌وه.
حه‌سه‌ن نه‌واف، به‌رێوه‌به‌ری پزیشكی دادوه‌ری له نه‌ینه‌وا به(كه‌ركوك ناو )ی وت "هیچ ته‌رمێك له‌سه‌ر زه‌وی له شاری نه‌ینه‌وا نه‌ماون، هه‌موویان هه‌ڵگیراونه‌ته‌وه و ئه‌وانه‌ی ماون له‌ژێر خانووه ڕوخاوه‌كاندان و ژماره‌یان زۆر كه‌مه".
هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه له ئێستادا پرۆسه‌ی گه‌ڕان به‌دوای ته‌رمه‌كاندا به‌پێی په‌یوه‌ندی هاوڵاتییانه، هه‌ركات ته‌رمێك له ژێر داروپهردوهكاندا دۆزرایه‌وه و خه‌ڵك زانیاری دا، ئه‌وكات تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی ده‌ستبه‌كارده‌بن.
دكتور حه‌سه‌ن وتی "هه‌ندێكجار هاوڵاتیان خانووی خۆیان نۆژه‌ن ده‌كه‌نه‌وه و چه‌ند ته‌رمێك له‌ژێر خانووه‌كه‌دا ده‌بینن، به‌بێ دواكه‌وتن تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی ئه‌و ته‌رمانه هه‌ڵده‌گرن و راده‌ستی فه‌رمانگه‌ی پزیشكی دادی ده‌كه‌ن".