سایلۆكانی كه‌ركوك له یه‌كی حوزه‌یران ده‌ستده‌كه‌ن به وه‌رگرتنی دانه‌وێڵه‌ی گه‌نم و جۆی جوتیاران و بۆ ئه‌مساڵیش چه‌ند كۆگا و سایلۆیه‌كی نوێ ده‌كرێنه‌وه كه توانای وه‌رگرتنی 150 هه‌زار تۆن دانه‌وێڵه‌ی زیاده‌یان هه‌یه.
به‌پێی پلانه‌كه كه له كۆبونه‌وه‌یه‌كی پارێزگار كه‌ركوك و لیژنه‌ی دروێنهكردن و به بازاڕكردنی به‌روبومی جوتیاران جهختیلێكرایهوه، رۆژانه جوتیاران ده‌توانن 24 كاتژمێر دروێنه بكه‌ن، جگە لەو ناوچانەی جموجوڵی چەکدارانی داعشی لێیه.
ئا‌ڤێستا محەمەد، قایمقامی کەرکوک كه له كۆبونه‌وه‌كه‌دا به‌شداربوو، بە(کەرکوک ناو)ی وت "هەریەک لە پۆلیس، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک، ئاگرکوژێنەوە، سایلۆ و کشتوکاڵ، ته‌نانه‌ت ئاسایشی نیشتیمانی به‌شداربون، چه‌ند بڕیارێكی گرنگ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته درا".
"یه‌كی حوزه‌یران، یه‌كه‌م رۆژی وه‌رگرتنی به‌روبومی دانه‌وێڵه‌ی جوتیاران ده‌بێت، هه‌موو تیمه‌كانی پۆلیس، ئاگركوژێنه‌وه و ته‌نانه‌ت فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی كه‌ركوكیش چاودێری دۆخه‌كه ده‌كه‌ن و خشته‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ ئه‌و ناوچانه داده‌نێن كه مه‌ترسی جموجۆڵی چه‌كدارانی داعشی لێیه"، ئا‌ڤێستا زیاتر وتی "تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بۆ چاودێریکردنی دەغڵودانی جوتیاران له ناوچه جیاوازه‌كان بڵاوه‌یان پێده‌كرێت، تاوه‌كو به‌رهه‌مه‌كانیان له مه‌ترسی ئاگركه‌وتنه‌وه و سوتان بپارێزرێن".
حەسەن حەمدی، بەڕێوەبەری سایلۆی کەرکوک، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "سایلۆكان له یه‌كی حوزه‌یرانه‌وه ده‌كرێنه‌وه، بۆ ئه‌مساڵ 16 عه‌مباری نوێ دروستكراوه بۆ وه‌رگرتنی به‌روبومی جوتیاران، كه توانای وه‌رگرتنی 150 هه‌زار تۆن دانه‌وێڵه‌یان له ساڵی پار زیاتره".
ساڵی 2025 به‌رهه‌می دانه‌وێڵه‌ی جوتیارانی كه‌ركوك گه‌یشته 503 هه‌زار تۆن، به‌ڵام ساڵی پێشتر 547 هه‌زار تۆن بووه.
بۆ ئه‌مساڵ هێشتا رون نییه به‌رهه‌می جوتیاران چه‌نده، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و زه‌وییانه‌ی بۆ پلانی كشتوكاڵی دانراوه، پێناچێت به‌رهه‌م زیاتر بێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بارانبارین دوو هێنده‌ی ساڵی رابردوو بووه.
مه‌هدی زه‌ینلعابدین، یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵی كه‌ركوك، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "به پابه‌ندبون به بڕیاره‌كانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ، ئه‌مساڵ زه‌وییه‌كی كه‌متر خرایه چوارچێوه‌ی پلانی كشتوكاڵییه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی زیان به ئاوی ژێرزه‌وی نه‌گه‌یه‌نرێت، ئه‌مساڵ زیاتر پشت به ئاوی پڕۆژه‌كان به‌سترا، بۆیه پێشبینی ده‌كه‌ین به‌رهه‌م ئه‌مساڵ كه‌متر بێت، به‌ڵام نازانین به‌رهه‌م له ده‌ره‌وه‌ی پلانی كشتوكاڵی چه‌نده".
به‌پێی داتاكانی نوێنه‌رانی جوتیاران نزیكه‌ی 400 هه‌زار دۆنم زه‌وی چێنراو له ده‌ره‌وه‌ی پلانی كشتوكاڵیدایه.
بۆ ئه‌مساڵ حكومه‌ت بۆ هه‌ر تۆنێك دانه‌وێڵه 700 هه‌زار دینار به جوتیاران ده‌دات، به‌ڵام ته‌نیا 500 هه‌زار دینار به‌و جوتیارانه ده‌دات كه له ده‌ره‌وه‌ی پلانی كشتوكاڵی زه‌وییه‌كانیان چاندووه.
نەجات تاڵەبانی، نوێنەری جوتیارانی قه‌زای داقوق، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌گشتی ئه‌و نرخه‌ی دانراوه بۆ ده‌ره‌وه‌ی پلان و ناوه‌وه‌ی پلان زۆر كه‌مه"، زیاتر وتی "ئه‌و زه‌وییانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی پلانی كشتوكاڵین و ئه‌و زه‌وییانه‌شی خه‌وێنراون به‌هۆی ئه‌وه‌ی كێشه‌ی یاساییان له‌سه‌ره‌و خاوه‌ندارێتیان یهكلایینهكراونهتهوه زیاتر له یه‌ك ملیۆن دۆنم زه‌وی ده‌كات، له مه‌شدا جوتیارانی كورد و توركمان زیانمه‌ندی یه‌كه‌من".
ئه‌و داوایكرد یاسای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی زه‌ویوزار بۆ خاوه‌نه‌كانیان كه په‌رله‌مانی عیراق له 21ـی كانونی دووەمی 2025 په‌سه‌ندی كرد، به خێرایی هه‌نگاوی بۆ بنرێت و جێبه‌جێ بكرێت.