نوێنەرانی پێكهاتەی عەرەب لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، نێوماڵی خۆیان یەكدەخەن و كوتلەیەكی یەكگرتوو بە سەرۆكایەتی راكان جبوری پێكدەهێنن، ئەوەش دوای نزیكەی دوو ساڵ لە دابەشبوون و تۆمەتباركردنی یەكتری بە "خیانەت".
بەپێی كۆنوسی كۆبوونەوەیەكی نوێنەرانی عەرەب لە 7ـی ئایار، كە وێنەیەكی لای (كەركوك ناو)ـە و هەر شەش ئەندامەكەیان لە ئەنجومەنی پارێزگا واژۆیان لەسەر كردووە، بڕیاردراوە بە پێكهێنانی "كوتلەی عەرەبی" بۆ پارێزگاری لە ماف و شایستەكانی پێكهاتەكە لە كەركوك.
روئا حسێن جبوری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لە كوتلەی عەرەبی بە (كەركوك ناو)ـی وت، ئەو رێككەوتنە لە نێوان ئەندامانی پێكهاتەكەیدا كراوە و بە كۆی دەنگ راكان سەعید، لەمەودوا سەرۆكی فراكسیۆنە یەكگرتووەكە دەبێت لە ئەنجومەنی پارێزگا.
ئەندامانی گروپی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگا، لە سەروبەندی پێكهێنانی ئیدارەی خۆجێی كەركوك، لە ناوەڕاستی ساڵی 2023ـەوە بەسەر دوو بەرەی دژبەیەكدا دابەشبوون. سێ ئەندام لە هەردوو کوتلەی قیادە و عروبە بەشداربوون لە ئیدارەكە و لە بەرانبەردا سێ ئەندامی دیكە لە هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆكایەتی راكان جبوری، بایكۆتیان كرد و ئەوەی رویدا ناویان لێنا "خیانەت".
لە نوسراوی كۆبوونەوەكەی نوێنەرانی عەرەبدا هاتووە، كە "كوتلەی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك" ئامانج لێی یەکخستنی هەڵوێستەکان و هەماهەنگییە لە كاروبار و هەڵوێستە سیاسی، كارگێڕی و تەشریعییەكاندا، بەدواداچونیش دەكەن بۆ شایستەكانی پێکهاتەی عەرەب لە تەواوی پێکهاتە کارگێڕی و ئەمنییەکاندا، تا هاوسەنگی لە هەموو فەرمانگە حكومییەكاندا بەدیدەهێنن.
هەروەها بە كۆی دەنگ راكان سەعید جبوری، سەرۆكی كوتلەی هاوپەیمانی عەرەبی و پارێزگاری پێشوو كراوە بە سەرۆكی كوتلە یەكگرتووەكە.
راكان جبوری، دوای 800 رۆژ لە هەڵبژاردنی بە ئەندامی ئەنجومەن، بۆ دانیشتنەكەی شەوی 16ـی نیسانی ئەمساڵ گەڕایەوە ئەنجومەن و لە ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگار لە كوردەوە بۆ توركمان و گۆڕانكارییەكانی دیكەدا دەنگیدا. ئەو لە پۆستی جێگری پارێزگارەوە ساڵی 2017 بوو بە پارێزگاری بە وەكالەت و تا ساڵی 2024 بەردەوام بوو. كوتلەكەی هەوڵیدا هەمان پۆستی بۆ وەربگرێتەوە بەڵام سەركەوتوو نەبوون.
ناكۆكی و دوو بەرەكی لەسەر ئیدارەی كەركوك لە رابردوو گەیشتە دادگا، بەڵام هەردوو دادگای كارگێڕی و فیدراڵی ژمارەیەك داوای ناڕازییەكانیان لە كۆتاییەكانی ساڵی 2024 و سەرەتای 2025ـدا رەتكردەوە، لە نێو سكاڵاكاراندا راكان جبوری هەبوو.
ئەو ناسەقامگیرییە بەردەوام بوو، لە نێویاندا بایكۆتی دانیشتنەكانی ئەنجومەن، تا وردەوردە لە مانگەكانی رابردوودا، هەرجارە و ئەندامێكی ئەنجومەن بە پاساوی جیاواز گەڕایەوە بۆ ئەنجومەن، بەڵام شەڕی میدیایی دژی حكومەتی كەركوك لەلایەن ناڕازییەكانەوە مایەوە تا بەر لە گۆڕانكارییەكانی مانگی رابردووی پۆستی پارێزگار و چەند پۆستێكی دیكە لە كەركوك.
لە 16 كورسییەكەی ئەنجومەنی پارێزگا، عەرەب بە سێ كوتلە شەش كورسییان هەیە، هەروەها كورد (یەكێتیی پێنج ئەندام و پارتی دوو ئەندام) حەوت كورسی، بەرەی توركمانی دوو كورسی و كورسییەكیش بە كۆتای كریستیان لە پشكی بزوتنەوەی بابلیۆن-ـە.