ئەنجومەنی عەرەبی لە كەركوك رەخنە لە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق دەگرێت و تۆمەتباری دەكات بە لایەندارییكردن و پاڵپشتیكردنی پێكهاتەیەكی دیاریكراو، ئەوەش لە دانوستانی پێكهاتەكانی كەركوك بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی پارێزگاكە.
ئەنجومەنەكە كە لە كۆمەڵێك حزب و لایەنی سیاسی عەرەبی پێكدێت و راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك یەكێكە لە كەسایەتییەكانی، سێشەممە 25ی حوزەیران بەیاننامەیەكی ناڕەزایی بڵاوكردەوە لەبارەی هەوڵەكانی ئاسایكردنەوەی دۆخی كەركوك، كە نەتەوە یەكگرتووەكان سەرپەرشتی راستەوخۆی دەكات بە ئامادەبونی نوێنەری پێكهاتەكانی كەركوك.
لە بەیاننامەكەدا كە كۆپییەكی بۆ (كەركوك ناو) نێردراوە، تیایدا هاتووە، كە لەگەڵ نزیكبونەوە لە هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان لە عیراق، چەند راستییەك دەخنەڕوو، لەوانە "نەتەوە یەكگرتووەكان كە سەرپەرشتی گفتوگۆی نێوان نوێنەری پێكهاتەكان دەكات، خۆی بۆتە جێگەی رەخنەی گەورە لەلایەن پێكهاتەی عەرەبەوە، بەهۆی لایەندارییكردنی بەشێك لە نوێنەرەكانی كە سەرپەرشتی گفتوگۆكان دەكات و پاڵپشتیان بۆ پێكهاتەیەكی دیاریكراو لەسەر مافی ئەوانی تر".
نەتەوە یەكگرتووەكان خۆی بۆتە جێگەی رەخنەی گەورە لەلایەن پێكهاتەی عەرەبەوە
ئەنجومەنی عەرەبی، پشتیوانی خۆیان بۆ نوێنەرەكانیان دەردەبڕن لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكانی كەركوك لەڕێی گفتوگۆوە، بەڵام بە سەرپەرشتی راستەوخۆی حكومەتی ناوەندی عیراق، وەك لە بەیاننامەكەدا جەختیلێكراوەتەوە.
ئەنجومەنەكە هەروەها رەخنە لە هەندێك رێكاری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق دەگرێت و بە رێكاری "نادادپەوەر" ناویان دەبات و هاتووە "رێكارەكان مافەكانمان دەكاتە ئامانج لە بەرژەوەندی یەك لایەنی سیاسی دیار بۆ هەموان".
"پرۆسەكانی تۆماركردنی ناوی دەنگدەران و بایۆمەتری لەلایەن ئیدارەی كەركوكی كۆمسیۆنەوە شكستهێناوە، ئەم رێكارانە هۆكاری سیاسی لە پشتەوەیە و بۆ ئەوەیە دەنگدەری عەرەب بێبەشبن لە دەنگدان"، بەبێ ئەوەی رونكردنەوەی زیاتر بدەن.
پرۆسەكانی تۆماركردنی ناوی دەنگدەران و بایۆمەتری لەلایەن ئیدارەی كەركوكی كۆمسیۆنەوە شكستهێناوە
ئەو رونكردنەوەیە هاوكاتە لەگەڵ هەندێك لێدوانی نوێنەرانی كورد لە لیژنەی دانوستانەكانی پێكهاتەكانی كەركوك بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی پارێزگاكە، كە تیایدا باس لە ئەگەری نزیكبونەوەی رێككەوتنی كۆتایی هەولێر و بەغدا دەكەن لەبارەی ئەو پارێزگایەوە.
شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی دانوستانکاری پارتی دیموكراتی كوردستان، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "لێکتێگەیشتنی زۆر باش هەیە و گفتوگۆکان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک گەیشتۆتە ئاستێکی باش و گرنگ، لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا ئەنجامی گفتوگۆکان بۆ رای گشتی بڵاودەکەینەوە".
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە (كەركوك ناو) دراوە، گفتوگۆكان لەسەر چەند ئاستێك بەڕێوەدەچن، بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی ناو شار، دۆسیەی سەربازیی و كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكان، لەگەڵ چۆڵكردن و رادەستكردنەوەی بارەگاكانی پارتی دیموكرات لەو شارە كە لەئێستادا هێزە عیراقییەكان لێی جێگیربون، لەگەڵ پرسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە لە ساڵی 2005ەوە بەهۆی ناكۆكییەوە ئەنجامنەدراوە.
لەسەر پرسی دۆسیەی ئەمنی ناو كەركوك، رای زاڵ ئەوەیە رادەستی پۆلیسی ناوخۆیی بكرێت، ئەم بۆچونەش نەتەوە یەكگرتووەكان پشتیوانی دەكەن، هەروەها سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، هێزەكانی حەشد و پێشمەرگەش لە دەرەوەی پارێزگاكە جێگیربكرێن، پرسی كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكانیش بۆ پەرلەمانی عیراق جێبهێڵدرێت، كە لە ئێستادا پەرلەمان لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێكهێناوە.
ئەو پێشهاتە نوێیە هاوكاتیشە لەگەڵ ئامادەیی كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكان بۆ ئەنجامدانی ههڵبژاردنی ئهنجومهنی پارێزگای كهركوك لهگهڵ پارێزگاكانی تردا له 2020دا، بۆ ئهوهش تائێستا زیاتر له 600 ههزار هاوڵاتی تۆمارهكانیان نوێكردۆتهوه و دهتوانن له دهنگداندا بهشداربن.
ئەنجومەنی عەرەبی داوا لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەكات بە رۆڵی بێلایەنانەی خۆیان هەستن بۆ تۆماری دەنگدەران "ئێمە پێمانوایە یاریی زۆری تێداكراوە"، ئەوەش وەك مەرجێك بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، هەر بەپێی بەیاننامەكەیان و هاتووە "دەستدرێژی نەكرێتە سەر مافەكانی عەرەب و كارمەندەكانمان بە ئامانج نەگیرێن".