شه‌ش هه‌زار و 700 وانه‌بێژ له كه‌ركوك، جگه‌له داوای دامه‌زراندنی هه‌میشه‌یی، به پێویستی ده‌زانن پاره‌ی هاتوچۆیان بۆ خه‌رجبكرێت و مافی چه‌ندین ساڵی رابردوی ماندوبونیان نه‌خورێت.
مامۆستایانی وانه‌بێژ، له هه‌موو پێكهاته و نه‌ته‌وه‌كانی كه‌ركوكی تێدایه، زۆرینه‌یان نزیكه‌ی 10 ساڵه له خوێندنگه‌كانی ناوشار و ده‌وروبه‌ری پارێزگاكه وانه به خوێندكار و قوتابی ده‌ڵێنه‌وه.
هابیل ئەحمەد، مامۆستای وانەبێژ لە خوێندنگه‌یه‌كی شاری كه‌ركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "چەندین ساڵە مافمان دەخورێت و لەسەر تێچوو و ئەستۆی خۆمان هاتوچۆ دەكەین، ئەمە لەكاتێكدایە زۆرینەی پەروەردەكانی عیراق پرسی دامەزراندنیان كۆتایی پێهێناوە، تەنها كەركوك و چەند پارێزگایەكی كەم ماوە".
ئه‌و ده‌پرسێت "بۆچی ئێمە ببینە قوربانی؟ كێ هۆكارە بۆ داواكەوتنی پرۆسەی دامەزراندنمان؟".
له گردبونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زاییدا، ده‌یان مامۆستای وانه‌بێژ له نه‌ته‌وه و پێكهاته‌كانی كه‌ركوك، هه‌فته‌ی رابردوو داوانكرد كرێی هاتوچۆیان بۆ خه‌رجبكرێت، دۆسیه‌ی دامه‌زراندنیشیان یه‌كێك بوو له‌و داواكارییانه‌ی جارێكی‌تر پێداگرییان له‌سه‌ر كرده‌وه.
عومەر جاسم، مامۆستای وانه‌بێژ له قه‌زای حه‌ویجه، رێگایه‌كی دوری بڕی بوو تا به‌شداری ئه‌و گردبونه‌وه‌یه بكات و به (كه‌ركوك ناو)ی وت "كام كوڕە بەرپرس مانگانە 200 بۆ 250 هەزار دینار دەداتە كرێی هاتوچۆ، به‌ڵام ئێمه ئه‌وه ده‌كه‌ین"، له‌كاتێكدا به‌وته‌ی ئه‌و، ئه‌گه‌ر هه‌یه ته‌نیا ئه‌وانه كرێی هاتوچۆیان بۆ خه‌رجبكرێت كه له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه وانه ده‌ڵێنه‌وه و ئه‌وانه‌ی پێشتر نه‌گرێته‌وه.
بڕیاره هه‌ر مامۆستایه‌كی وانه‌بێژ 125 هه‌زار دیناری بۆ كرێی هاتوچۆ پێبدرێت.
كێشه‌كانی مامۆستایانی وانه‌بێژ و دامه‌زراندن و چه‌ندین بابه‌تی تری په‌روه‌رده‌یی، به‌هۆی دیاریكردنی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی عیراقییه‌وه راوه‌ستاوه و له كه‌ركوكیش، له‌رێی لیژنه‌یه‌كه‌وه كار بۆ دامه‌زراندن ده‌كرێت.
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق، له دواكۆبونه‌وه‌ی هه‌فتانه‌یدا 25ی حوزه‌یران ره‌زامه‌ندی نیشاندا له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ئه‌و مامۆستایانه‌ی به شێوه‌یه‌كی خۆبه‌خش وانه‌بێژ بون و وانه‌یان وتۆته‌وه، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر میلاكی په‌روه‌رده‌ی ناوچه‌كانی خۆیان.
فازڵ ئەسوەد، بەڕێوبەری یەكەی چالاكی قوتابخانەكان كە بە نوێنەرایه‌تی په‌روه‌رده داواكاری مامۆستایانی وانه‌بێژی وه‌رگرت، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "داواكارییەكانی ئەو مامۆستایانە شەرعی و یاساییە، هەوڵەكانی پەروەردە بۆ دامەزراندنی ئەو مامۆستایانە درێژەی هەیە و بابەتەكە زیاتر پەیوەستە بەدانانی وەزیری نوێی پەروەردەوه".
وه‌زیری نوێی په‌روه‌رده له كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی هێشتا متمانه‌ی پێنه‌دراوه و هه‌فته‌ی رابردوش دوو كاندید له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه بۆ ئه‌و پۆسته ره‌تكرانه‌وه.
له ساڵی 2013وه، په‌روه‌رده‌ی گشتی كه‌ركوك ده‌رچوانی كۆلێژ و په‌یمانگاكانی دانه‌مه‌زراندووه، له ئێستاشدا هه‌زاران چاوه‌ڕێی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرۆسه‌یه ده‌كه‌ن.